دۆسیە
ڕیفراندۆم پێویستی به‌ چیه‌؟
ڕاپۆرتی : عه‌بدول نه‌جم

ڕیفراندۆم پڕۆسە و هەنگاوێكی یاساییە و ئامانجیش لێی پێكەوەنان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە كە ببێتە ئەندامێكی كارا لە نێو كۆڕو كۆمەڵە نێودەوڵەتیەكاندا و ببێتە ئەندامێكی یاسایی و لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكاندا هەڵسوكەوت بكات،نوسه‌ران وڕۆژنامه‌نوسان چی له‌باره‌ ده‌ڵێن.


بڕیاردان لە چارەنووسی خەڵكی كوردستان كراوەتە مەسەلەیەكی سیاسی
له‌شكرحه‌مه‌ساڵه‌حی رۆژنامه‌نوس ده‌ڵێت:مشتومڕ و لێكدانەوە و شرۆڤەی جۆراوجۆر هەن لە سەر بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان، بە تایبەتی مەسەلەی ریفراندۆم و راپرسی كە بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ساز بكرێت،بە داخەوە، مەسەلەیەكی گرنگ و چارەنووسسازی وەك ریفراندۆم و بڕیاردان لە چارەنووسی خەڵكی كوردستان كراوەتە مەسەلەیەكی سیاسی و داخڵی بێنە و بەردە كراوە، لە كاتێكدا ئەو پرسە، پرسێكی گرنگ و چارەنووسسازە و لەسەرو هەموو شتێكی ترەوە.
هۆكارەكانی ئەو دابەزینەی پرسێكی گرنگ و باڵای وەك ریفراندۆم و بڕیاردان لە چارەنووس بۆ ئاستی ململانێی سیاسی و هەندێك جار وەك شەڕە دەنووكی سیاسی، بەر لە هەموو شتێك پەیوەستە بە دۆخی شێواوی ئەم چەند ساڵەی كوردستانەوە كە دۆخێكی قەیراناوی تووشی كوردستان كراوە و هیچ شتێك لە جێگەی خۆیدا نەماوە و زۆربەی شتەكانیش بەهای راستەقینەی خۆیان لە دەست داوە.


ریفراندۆم ئەو كاتە راستەقینە دەبێت بارودۆخی وڵات ئاسایی بكرێتەوە
ئێستا كوردستانی عیراق لە دووڕیانێكی مێژوویی گرنگدایە و ریفراندۆم وەك ئیستحقاقێكی نەتەوەیی و نیشتمانی لە پێشیدایە، بەڵام دۆخەكە وایكردووە گومان و مشتومڕ لەسەر خودی ئەو ریفراندۆمە دروست ببێت بە تایبەتی لەو رووەوە كە هەستدەكرێت لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو ریفراندۆم بۆ مەرامی خۆی بەكاردەهێنێت، بۆیە ئێستا بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان، ریفراندۆمی چاوەڕوانكراو، بە ریفراندۆمی راستەقینە نازانێت.
بە رای ئێمە ریفراندۆم ئەو كاتە راستەقینە دەبێت و گوزارشت لە ناخ و خەونی تاك بە تاكی ئەم وڵاتە دەكات كە بارودۆخی وڵات ئاسایی بكرێتەوە، دامەزراوەكان كاری خۆیان بكەن و خەڵكیش ئازاد بێت چۆن دەنگ دەدات بە بێ ئەوەی كەس بكرێتە خائین و خۆفرۆش.

تا ئێستا روون نییە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان ریفراندۆمیان تێدا دەکرێت یان نا
شوان داودی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عێراق ده‌ڵێت:ئێستا بڕیارێک لە ئارادایە کە (٢٥/٩/٢٠١٧) ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، تا ئێستا روون نییە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان ریفراندۆمیان تێدا دەکرێت یان نا. ئەگەر ریفراندۆم بۆ ھەرێمی کوردستان یەکجار گرنگ بێت، ئەوە گرنگیەکەی بۆ ئەو ناوچانە دوو ھێندەیە، ئەگەر مەترسی بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکات ئەوە مەترسی بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان زۆر زیاترو مەترسیدارترە، بۆیە دەبێت بڕیاری روون و ئاشکرا ھەبێت بۆ بەشداریکردنی ئەو ناوچانە لە ریفراندۆم لە ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کوردستان، ھەر بۆیە یەکێک لە مەرجەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی لە پرۆسەکە بەشداریپێکردنی ئەو ناوچانەیە، چونکە لە حاڵەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێم و بێبەشکردنی ئەو ناوچانە لە پرۆسەکە دان پێدانانە بە دەستبەرداری ھەتاھەتایی ھەرێم لەو ناوچانە.



ھیچ ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ نەکراوەو بەمشێوە نیوەناچڵییەی ئێستا ئەگەری شکستھێنان زیاترە
دادوی ده‌شڵێت: لە حاڵەتی بەشداریپێکردنی ئەو ناوچانەش دەبێت زەمانەتی سەرکەوتنی بکرێت کە ئەمەیان لە ئێستادا دەستەبەرکردنی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی ھیچ ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ نەکراوەو بەمشێوە نیوەناچڵییەی ئێستا ئەگەری شکستھێنان زیاترە، چونکە ئەگەر کەرکوک بە نمونە وەکو پایتەختی ناوچە دابڕێنراوەکان بھێنینەوە، ئەوە ھەندێک راستی ھەن دەبێت لەبەرچاوی بگرین.. لەوانە: کێ دەنگ دەدات؟ تەنھا کورد یان ھەموو پێکھاتەکانی ناوچەکە؟ ئەگەر تورکمان و عەرەب و مەسیحیەکان بەشدار نەبن واتا ھیچمان نەکرد!! بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی رێژەی کورد لە کەرکوک (٥٢%)ـی پێکدەھێنێت و واتا (٤٨%)ـی پێکھاتەکانی ترن، لە ئەگەری بایکۆتکردنی پێکھاتەکان ئەگەر (٣%)ـی کورد دەنگ نەدات یان لە دژی بوستێت ئەوە پرۆسەکە شکستدێنێت، چۆن قەناعەت بە پێکھاتەکانی تر دەکەیت بەشداربن؟ تا ئێستا ھیچ گفتوگۆیەک لە ئارادا نییە یان لایەنی کوردی ھیچ پڕۆژەیەکی بۆ پێکھاتەکانی تر نییە لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆر کەم لەبەردەستدا ماوە بۆ کاتی دیاریکراو، ئەمە سەبارەت بە کەرکوک، لە خورماتووش رێژەی کورد دابەزیووە بۆ ٣٠% جەلەولاو سەعدیەش لە کورد بەتاڵ کراونەتەوە، ئەوە باسی شەنگال-یش ھەر مەکەن... مەترسیە گەورەکە لێرەدایە لەحاڵەتی شکستھێناندا ئەو ناوچانە ھەتا ھەتایە لەدەست دەدەین.

لە دۆخێکی ھەستیارو مەترسیداری وەک ئێستادا پێویستە لەسەر بارزانی بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات
شوان دادوی ده‌شڵێت: بۆیە پێموایە حاڵەتی ئەم ناوچانە جیاوازە لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و دەبێت زۆر وردو ژیرانەتر کاری لەسەر بکرێت. بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەکەمان بە زیاتر لە (٥٠) ساڵی رابردوودا سێ سەرکردەی کارێزمایی بەرھەمھێناوە، لە غیابی جەنابی مام جەلال ئەرکی مەسعود بارزانی و شادرەوان نەوشیروان مستەفا قورستر بوو، دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا-یش ئەرکەکانی بارزانی زۆر قورستر بووە، بۆیە لە دۆخێکی ھەستیارو مەترسیداری وەک ئێستادا پێویستە لەسەر بارزانی بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات و ھەرچی ماڵی کوردە یەکیبخاتەوە، چونکە ئەو پرسەی دەستی بۆ بردووە پرسێکی ئاسان نییە، بە پێچەوانەوە ئەو پەندە کوردیەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە کە دەڵێت: “ھەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەھاویشتنیەتی”، دەبێت بارزانی ئەوەش بزانێت لە حاڵەتی شکستخواردندا بەرپرسیارێتی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی، لە ھەمان کاتدا تێکڕای لایەنە سیاسییەکان و بەرەی دژە ریفراندۆمیش ئەگەر پێیانوایە ئەم پرسە لە بەرژەوەندی خودی بارزانییە دەبێت ئەو راستییە بزانن لە ئەگەری شکستھێناندا ئەوە کوردە دەدۆڕێت نەک بارزانی. بۆیە من بە پێویستی دەزانم لە حاڵەتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا پێویستە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەشداری پێ بکرێن و لەھەمان کاتدا پێویستە زەمانەتی سەرخستنی بکرێت، چونکە ئەو دەرفەتە بۆ دابڕاندنی ئەو ناوچانە لە بەغدا ئێستا لە ئارادایە، ئەستەمە بە ئاسانی دووبارە بکرێتەوە، ھەرچەندیشە ئێستا زۆربەمان سمێڵ دەتاشین بەڵام وەکو کوردیش دەڵێت “ بۆ ریش چوو سمێڵیشی نایە بانی”... دە با ئێمەش سمێڵ نەخەینە بانی!



مەرجی سەرکەوتنی ریفراندۆم دروستکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی پێش وەختەیە
سالارمه‌حمود په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیش ده‌ڵێت:هاوشێوەی ئەندامانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور، بۆ پرسێکی نیشتمانی و چارەنووسازی وەک ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پێویستە لەپەرلەمانەوە ئەو لیژنەیە پەسەند بکرێ. ئەگەرچی ئاساییە حزبەکان لەدەرەوە کەسەکان دیاری بکەن، بەڵام بۆ ئەوەی ببنە نوێنەرێکی نیشتمانی متمانە پێکراو وا گونجاوە ناوەکان بخرێتە بەردەم پەرلەمان و  بەدەنگی پەرلەمان پەسەند بکرێت.
مەرجی سەرکەوتنی ریفراندۆم دروستکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی پێش وەختەیە، لەسایەی دامەزراوە شەرعیەکانی کوردستان و مسۆگەرکردنی بەشداری خەڵکی کەرکوک و ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمە کە نزیکەی لە٤۹٪ خاکی باشوری کوردستان دەگرێتەوە.  گەورەیی و زەرورەتی ریفراندۆم لە گەڕانەوەی کەرکوک و ئەو ناوچانەیە کە هێشتا ناڕاستەوخۆ لەدەرەوەی هەرێمن، ئەگینا بەبێ ئەم ئامانجە هەولێرو سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆک پێویستان بە ریفراندۆم نییە، چونکە۲٦ ساڵە ئازادو سەربەخۆن. کوردستان لە ئێستادا نیمچە دەوڵەتێکی رانەگەیەنراوە هەڵسوکەوتی هەرێم لە زۆر رووەوە لە هەڵسوکەوتی دەوڵەت نزیکە،  لە زۆر بواردا لە عێراق دابڕاوین و تەنیا ئەو هەنگاوە ماوە کە فەرمیەت بدەین بە ریفراندۆم. لەئەنجامدا سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەڕێگەی گەل و بەسەرپەرشتی دامەزراوە دەوڵەتیەکانی هەرێم سەربەخۆیی کوردستان لەبەغدا رابگەیەنین.



پێکەوە ژیانی کوردستان و عیراق درۆیەکی گەورەیە 
سالارمه‌حمود ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌شده‌كات: پێکەوە ژیانی کوردستان و عیراق درۆیەکی گەورەیەو  رووداوەکانی سەد ساڵی رابردوو ئەم راستیە دەسەلمێنن، بۆیە دوای سەد ساڵ لە بەزۆر پێکەوە لکاندنی کوردستان بە عیراقی عەرەبییەوە بۆ جیابوونەوە کاتیەتی. دواخستنی ئەو بڕیارە غەدرێکەو لەخۆمانی دەکەین، بۆ سەرکەوتنی ئەو بڕیارەش پێویستە رێگا دروستەکە بگرینە بەر نەک  لەدەستدانی ئەم دەرفەتەش، رێگای دروست بۆ سەربەخۆیی بڕیاری دەستەجەمعی و یاسایی و نیشتمانییە. بەئاساییکردنەوەی پەرلەمان لیژنەی ریفراندۆم سەرەنجامیریفراندۆمیش سەرکەوتن بەدەست دێنێ..

822 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/14/2017 5:57:29 PM
زیاتر ...