دۆسیە
ھۆکاری گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک چییه‌؟
ڕاپۆرتی : ھەردی حەسەن


ھەفتەیەک تێپەڕ دەبێت بەسەر گرتنەوەی لقی سەرەکی ئاوی ڕووباری ھاتوو بۆ زێ ی بچووک ئەو ڕووبارەی کە بۆتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی نزیکەی ٨٠ ھەزار کەس لە دانیشتوانی قەزای پشدەر ( قەڵادزێ ) بەھۆی پڕۆژەی ئاوی خاس، وە لە سەر ئەم ڕووبارە بە دەیان کارگەی دەرھێنان و پوختە کردنی چەوو لم و پڕۆژەی بەخێو کردنی ماسی و زەویەکی زۆری کشتوکاڵی سنورەکە پشتان بە ئاوی ئەم ڕووبارە بەستوە .

ھۆکاری گرتنەوەی ئاوی ئەم ڕووبارە چیە ؟
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی ھەرێم عبدول ستار مەجید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا لە کاتی سەردانی کردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی خاس لە قەڵادزێ لە دوای گرتنەوەی ئاوەکە لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە دەڵێت گرتنەوەی ئەم ڕووبارە بەشتێکی سیاسی دەزانین ، وە ھەوڵەکانیشمان چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ئەم گرفتە چارەسەر بکەین وە لەم بارەیەوە لەگەڵ ھەریەکە لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە و بارەیەوە قسەم کردووە وە لایەنی ئێرانیش بەڵێنیان پێداوین کە لەم ھەفتەیەدا ئاوی پێویست بەربدەنەوە . وە بەشێکی تریش لە شارەزایان و چاودێرانی سیاسی گرتنەوەی ئاوەکە لەم ساتەدا بۆ دەنگۆی ئەنجام دانی ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان دەزانن کە وڵاتی ئێران وەک کارتی فشار گرتنەوەی ئاو بەکار دەھێنێت ".


زیانەکانی گرتنەوە ئاوەکە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان چی یە ؟
دوابەدوای تەواو بونی بەنداوی کۆڵەسە لە سنوری سەردەشتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەست بەجێ گرتنەوەی ئاوی ئەو ڕووبارەو کۆکردنەوە وگلدانەوەی لە ناو بەنداوەکە بێ ئاگادارکردنەوەی باشوری کوردستان جێ بەجێ کرا لە یەکەم رشۆژی گرتنەوە دا لە ٨٥% ی ئاوی ھاتوو بۆ زێ ی بچووک کەمی کرد بەمەش گرفتی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی قەڵادزێ دروست بوو کە دانیشتوانی ئەم شارە نزیکەی ٨٠ ھەزار کەس لە قەڵادزێ دەژین کە ئاوی خواردنەوە لەم ڕووبارە دابین دەکرێت ، ئەگەرچی ئیدارەی ناوچەکە بە دروستکرنی لەمپەر لە نزیک پڕۆژەی ئاوی خاس بەشێوەیەکی کاتی بەربەستێکیان بۆ گلدانەوەی ئاو دروست کردووە تا پڕۆژەی ئاوەکە لەکار نەکەوێت 
لە سەر زیانەکانی گرتنەوەی ئاوەکە بەکر بایز قائیمقامی قەزای پشدەر بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند" لە درێژە کێشانی گرتنەوەی ئاوەکە پڕۆژەی ئاوی خاس پەکی دەکەوێت کە زیاتر لە ٩٠ %ی ئاوی دانیشتوانی قەڵادزێ دابین دەکات وە گشت پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی نامێنن و بە دەیان کارگەی دەرھێنان و پوختە کردنی چەوولم لە کار دەکەون و زەویە بەکشتوکاڵ داچێنراوەکانی سەر ئەم ڕووبارە وشک دەبن جگە لە سنوری قەزای پشدەر ئاوی زێ ی بچوک کەم دەکات کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و حەوزی حەمرین لە کەرکوک دروست دەکات ".


ھەوڵەکان چین تا ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت ؟
 وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاویەکانی حکومەتی ھەرێم  باسی لەوەش کرد کە پەیوەندی  بە سەرۆک کونسەڵگەری ئێران لە ھەولێر کردووە ئەوەیش بەڵینی پێداوین لەم ھەفتەیەدا ئەم گرفتە چارەسەر بکات وە پەیوەندیمان بە حکومەتی عێراقیشەوە کردووە کە ئەوانیش ھەوڵ بدەن کۆتای یەکجارەکی بەم گرفتانە بھێنن وە بە گرتنەوەی ئاوی ڕووباری ھاتوو بۆ زێ بچووک چەند ھەرێم زیان بکات خوار و ناوەڕاستی عێراقیش دووئەوەندە زیانی بەر دەکەوێت چونکە ھەرێمی کوردستانیش بیر لە گرتنەوەی ئاوی ھەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان دەکاتەوە".
ھەر لەم بارەیەوە بەکر بایز بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند " ئێمە لە ئاستی ئیداری خۆمانەوە لەگەڵ فەرمانداری سەردەشت قسەمان کردووە ئەویش بەڵێنی پێداوین لەم ھەفتەیەدا بەشە ئاوی پێویست لە بەنداوەکە بەر بدەنەوە و ئەم گرفتە چارەسەر بکەن ".

لە سەر گاریگەری و چارەسەر کردنی گرفتی گرتنەوەی ئاوی زێ ی بچووکیش دوو مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین  بە ناوەکانی سەلام مەحمود و ڕزگار مستەفا  کە ھەردووکیان خاوەن بڕوانامەی ماستەرن لە جوگرافیا لە تازەترین توێژینەوەیاندا ھەنگاوی خێرا و درێژخایەنیان خستۆتەڕوو.

ھەنگاوە خێراکان بۆ کەم کردنەوەی کاریگەریەکانی گرتنەوەی ڕووبارەکە چین ؟
ئەو دوومامۆستایەی زانکۆ لە توێژینەوەکەیاندا باس لەوە دەکەن کە " ھەریەکە لە حکومەتی عێراق و کوردستان و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و پشدەر ھەوڵبدەن حکومەتی ئێران پاشگەز بکەنەوە لە گرتنەوەی ئاوەکە لە وەرزی ھاوینی بێ بارانی و دواخستنی بۆ وەرزی زستان کە ئەم ھەنگاوە نراوە لە لایەن سەرۆک کۆماری عێراق و بەر پرسانی ترەوە وە ھەوڵبدرێت بیرە کۆنەکانی قەڵادزێ بەگەڕبخرێنەوە بخرێنە سەر تۆڕی ئاوی ماڵان لەگەڵ لێدانی بیری ئاوی نوێ بە شێوەیەکی زانستی ، وە ئاوی زێ ی بچووک لە بەنداوی دوکانەو بگیرێتەوە بە ڕووی ناوەڕاست و خواروی عێراق دا تا کێشەکە لە ھەرێمیەوە ببێتە کەیسێکی نێودەوڵەتی وە بەردەوام لە ڕووی تەندروستی یەوە چاودێری ئاوی قەڵادزێ بکرێت بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بە دوربن لە کێشەی تەندروستی ھەروەھا بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری تا دانیشتوانی پشدەر ئاوی بەفیڕۆنەدەن وە پێدانی ئاوی ماڵان بۆ ٤٥ خولەک لە ڕۆژێکدا بێت ".

ھەنگاو وپلانە درێژخایەنەکان چین ؟
لە توێژینەوەکەی ئەو دوومامۆستایەی زانکۆی ڕاپەڕین دا ئەوەش ھاتووە کە ھەنگاو پلانی درێژخایەن لەم ڕووە بریتین لە " لەلایەن کاربەدەستانی حکومەتی ھەرێم وعێراق ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا پەیوەست بکەن بە جێ بەجێ کردنی یاسا نێودەوڵتیە ئاویە ھاوبەشەکانی نێوان دوو وڵات کە پێشبینی کراوە لە ساڵانی داھاتوو ئەم کێشانە پەرەبستێنن وە حکومەتی ھەرێم پلانی ھەبێت بۆ بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان تا لە ساڵی وشکە ساڵی دا سود لە ئاوی بەنداوانە وەر بگیرێت ھەروەھا ھەرێم بە دانانی وێستگەو خستنەڕووی پێوەرو داتاو ئامارەوە دەتوانێت پلانی خۆی جێ بەجێ بکات کە تا ئێستا لەم ڕووە وە ھەرێمی کوردستان ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە وە ھەرچی زووە کار بۆ جێ بەجێ کردن و بنیات نانی بەنداوی نوێ و تەواو کردنی بەنداوە نەواو نەکراوەکان بکات بۆ ئەوەی ئاوی باراناو و ژیر زەوی بەفیڕۆ نەچێت لە داھاتوودا سودی لێوەر بگیرێت ".

بەنداوی کۆڵەسە یەکێکە لە و بەنداوانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە بە دوری ١٣ کم لە سنوری سەردەشتەوە لە سەر چۆمی ( کەڵوێ ) بنیات نراوە کە ئێستا کارەکانی تەواو بووە و دوابەدوای گرتنەوەی ئاوی ئەم ڕووبارە کە ئاوی ھاتووە بۆ  زێ ی بچووک نیگەرانیەکی زۆری دانیشتوانی پشدەر و بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیدا ھێنا کە لە بەردەوامی گرتنەوەی ئەم ڕووبارە دانیشتوانی شاری قەڵادزێ لە ٩٠ % ی بێ ئاوی خواردنەوە دەبن و بە دەیان کارگەی چەوولم و پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لەکار دەکەون و زەویە کشتوکاڵیە ەراویەکانی سەر ڕووبارەکە دەبنە دێمەکار وشک دەبن و وە ئاوی زێ بچوکیش بە ڕادەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە کە لە داھاتوودا گرفت و قەیرانی تری گەورەتر بە دوای خۆیدا دەھێنێت .

1985 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/28/2017 8:44:49 PM
زیاتر ...