دۆسیە
خورما:شه‌وانى قه‌در هێنده‌ى تر فرۆشى ده‌فڕێ.
ڕاپۆرت: پشتیوان عه‌زیز
هه‌موو ساڵێك هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنى مانگى ڕه‌مه‌زان خواردنێك ڕه‌واجێكى فراوانى ده‌بێت و به‌جۆرێك بازاڕ و زۆرێك له‌ دوكانه‌كان سه‌رقاڵى خۆى ده‌كات كه‌ ئه‌ویش خورمایه‌،به‌ڵام وه‌ك فرۆشیارانی ده‌ڵێن: ئه‌مساڵ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ئه‌و گه‌رم و گوڕییه‌ى جارانى له‌لایه‌ن كڕیارانه‌وه‌  نه‌ماوه‌ .


خورما سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى له‌ رووى ئاینى پیرۆزى ئیسلامه‌وه‌ پیرۆزه‌ و له‌لایه‌ن مسوڵمانانه‌وه‌ گرنگییه‌كى ته‌واوى پێ ده‌درێت،چه‌ندین سودیشى هه‌یه‌ وه‌ك  رێژه‌ى كۆڵیسترۆڵ له‌ له‌شدا كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و وزه‌ ده‌به‌خشێت و رێگرێكى باشیشه‌ له‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ و  بۆ ئافره‌تانى دوو گیانیش زۆر به‌ سوده‌ چونكه‌ به‌رگرى له‌ش به‌هێز ده‌كات،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شیرى دایك زیاد ده‌كات و پاڵپشتێكى باشیشه‌ له‌ فراوان كردنى مێشكى منداڵ،هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌شى نه‌خۆشى گورچیله‌یان هه‌یه‌ سودێكى زۆرى لێ ده‌بینن.


سالار سه‌عید  كه‌ماوه‌ى 12 ساڵه‌ سه‌رقاڵى خورما فرۆشتنه‌ و ئێستا له‌ داره‌سوتاوه‌كه‌ دوكانێكى تایبه‌ت به‌ خورماى كردۆته‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى ڕاگه‌یاند:  له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كریارانى خورما روو له‌ زیاد  بوون ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ به‌رۆژووه‌ حه‌زی لێ ئه‌كه‌ن و خواردنێكى پیرۆزیشه‌ له‌ رووى ئاینى ئیسلامه‌وه‌  و سودێكى زۆریشى هه‌یه‌،و وزه‌ به‌خشه‌.


وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌م مانگه‌دا داواكارى له‌سه‌ر خورما زۆر ده‌بێت به‌ڵام ئه‌مساڵ جیاوازى زۆرى  هه‌بوو به‌هۆى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌وه‌ خه‌ڵكێكى كه‌متر ده‌یكرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: بۆ گونجاندنى نرخه‌كانیش له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا ئێمه‌ نرخه‌كانمان دابه‌زاندووه‌، و  نرخه‌كان له‌ نێوان 2 هه‌زاره‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ 25 هه‌زار،به‌ڵام به‌هۆى لاوازى لایه‌نى مادى هاولاتییان، زیاتر روو له‌ نرخه‌ ئاساییه‌كان ده‌كرێت و خه‌ڵكى زیاتر ئه‌و جۆرانه‌ ده‌كرن كه‌ نرخیان هه‌رزانه‌






هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ى هاوڵاتییان بۆ كرینى خورما له‌ مانگى ڕه‌مه‌زاندا دوكاندارێكى تر به‌ ناوى ڕزگار محه‌مه‌د نادر وتى: ساڵانى ڕابردوو زۆر باشتر بوو بڵام ئه‌مساڵ هه‌ر هیچ نیه‌ ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌م بێ موچه‌یی  و كه‌م ده‌رامه‌تییه‌وه‌یه‌.

ئه‌وه‌شى وت: به‌ڵام 10 رۆژه‌كه‌ى كۆتایی باشتر ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شه‌وانى قه‌دره‌ و له‌ مزگه‌وته‌كاندا له‌گه‌ڵ عیباده‌ت و شه‌و نوێژدا خورما بۆ موسڵمانان داده‌نرێت به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ند وه‌جبه‌یه‌كى زۆرتر ده‌فرۆشین.

كه‌مال حسێن ئه‌و كڕیار بوو له‌و كاته‌ى سه‌رقاڵى خوما كڕین بوو،له‌ وڵامى ئه‌وه‌ى بۆچى ئه‌م جۆره‌ حواردنه‌ ده‌كریت وتى: بۆ به‌ربانگ، چونكه‌ به‌ رۆژووین و حه‌زمان بۆ شیرینى ئه‌چێ و ئه‌مه‌ش خواردنێكى شیرینه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوننه‌ته‌، ئێمه‌یش وه‌ك موسڵمان گرنگى به‌ سوننه‌ته‌كان ده‌ده‌ین.

جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌: به‌رده‌وام له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌مانه‌ و زوو زوو ده‌یكڕم چونكه‌ ته‌ندروستیشه‌، به‌ڵام قه‌یرانى دارایی و بێ ئیشى واى كردووه‌ وه‌ك پێشتر به‌گشتى ناتوانین خواردن و خواردنه‌وه‌كان بكڕین.








823 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/14/2017 10:21:35 AM
زیاتر ...