دۆسیە
ئەو كێشانەی ڕووبەرووی ژینگە بۆته‌وه‌ چیه‌؟
ئاماده‌كردنی: پشتیوان عەزیز

ژینگە و ئاستی سەوزایی باخچەكانی سلێمانی لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە و بەرێوەبەری باخچەكانی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت: هەرچەندە  رێژەی سەوزایی شارەكەمان لە ئاستێكی باشدایە بەڵام قەیرانی دارایی پاشەكشەی بەكارەكانمان كردووە و ئەگەر حكومەت ئاورێكی جدیمان لێ نەداتەوە مەترسیەكانی سەر ژینگەی ئەم شارە  لە هەڵكشاندایە.

كامەران حەمە ساڵح بەرێوەبەری باخچەكانی سلێمانی له‌گه‌ڵ ماڵپەری ئاڕاستەدا تاوتوێی بارودۆخی ژینگە و ئاستی سەوزایی سلێمانی دەكات.

ئاڕاسته‌: ئەو كێشانەی رووبەرووی ژینگە بۆته‌وه‌چیه‌؟
ئەندازیار كامەران حەمە ساڵح بەرێوەبەری باخچەكانی سلێمانی: لە ئێستادا ئەو كێشانەی رووبەرووی ژینگە بوونەتەوە زۆرن،بۆنمونە لەم كاتەدا ئەو ژمارەیەی مۆلیدەكان كە بە كوالێتی كۆنترۆڵدا ناروات و دوكەڵێكی زۆریان هەیە،هەروەها زۆری ژمارەی ئۆتۆمبیلەكان كە ژمارەیان نزیكەی یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار دەبن كە هەموو ئەمانە كاریگەری خراپ بە سەر ژینگەوە جێدەهێڵن،بۆیە دەبێت لە بری ئەمە هەوڵ بدرێت خەتی میترۆ بەكار بهێنرێت و ئەو جوڵە زۆرەی ئۆتۆمبیل كەم بكرێتەوە تاوەكو ئەو مەترسییە گەورەیەی ئێستا لە پیس بوونی ژینگە لە سەر وڵاتەكەمان هەیە رێگری لێ بكرێت.

ئاڕاسته‌: ژمارەی ئەو باخچانەی لە شاری سلێمانی بوونی هەیە چه‌نده‌؟
بەرێوەبەری باخچەكانی سلێمانی وتیشی: ژمارەی ئەو باخچانەی لە شاری سلێمانی بوونی هەیە (536)باخچەیە كە پێكهاتوون لە 1500000)دار و سەرجەمیان لە لایەن خۆمانەوە خزمەتی دەكرێت بەڵام  میزانێكەمان كەمە و لەم كاتەشدا بەهۆی دروست بوونی قەیرانی داراییەوە زۆر خراپترە هەرچەندە لە رابردوویشدا هەر كەم بوو, چونكە دەبێت لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە زیاتر بایەخ بە باخچەكان و رێژەی سەوزایی بدرێت بۆ ئەوەی ئەو سودە گەورەیەی لە ژینگەوە دەستی مرۆڤ دەكەوێت وەك فەراهم كردنی هەوایەكی پاك و تەندروست،وە لە رووی دەروونیشەوە ئارام كردنەوەی ناخی مرۆڤەكان و چەندین سودی تر لە كیس نەچن و بەرجەستە بن

ئاڕاسته‌: رێژەی سەوزایی گەیشتوەتە چی ئاستێك؟
سەبارەت بە رێژەی سەوزایی گەیشتوەتە چی ئاستێك؟ ئەندازیار كامەران حەمە ساڵح وتی: بە هۆی ئەو هەڵكەوتە جوگرافیایەی ناوچەكەوە كە لێرە رێژەی باران بارین و شێ لەهەموو شارەكانی تری عێراق زیاترە و نەبوونی پلەیەكی گەرمای بەرز وای كردووە كەنزیك ببینەوە لە رێژەی ستانداردی جیهانی.

ئاراسته‌:چ پلانێكی نوێتان هه‌یه‌؟
ئەندازیار كامەران باسی لە پلانی ساڵانەی خۆیان كرد و روونی كردەوە: لە ساڵی 2014 پلانمان دانابوو هەموو ئەو باخچانەی كە ژمارەیەكی زۆرە لە سنوری سلێمانی ماوەتەوە تاوەكو ساڵی 2016 تەواوی بكەین بەڵام قەیرانی دارایی ئەو پلانەی هەڵوەشاندینەوە
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە ساڵانە پلانی درێژ خایەن و پلانی كورت خایەنمان هەیە و پێشكەشی شارەوانی و وەزارەتی دەكەین،ئەگەر ئەوانیش پارەمان بۆ سەرف بكەن ئەتوانین پێداویستییەكان لەكەرەستە و دروست كردنی باخچەی نوێ و جوانكاری بە باخچەكان بكەین لە پێناو جوانتر كردن و خزمەت كردنی زیاتری شارەكەمان.

ئاڕاسته‌:چی و كێ به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانیت؟
بەرێوەبەری باخچەكانی سلێمانی كامەران حەمە ساڵح لە درێژەی وتەكانیدا باسی كەمتەرخەمییەكانی حكومەتی بەرامبەر بە ژینگەو سەزایی كردو وتی: ژمارەی فەرمانبەرەكانمان زۆر كەمە و ماوەی پێنج ساڵە داوای میلاك ئەكەین بەڵام بێ ئەنجامە،ئەوەتا لە ئێستادا موچەی فەرمانبەرانیش بە تەواوی نادات بۆیە ناشتوانین بە شێوەیەكی شایستە كارەكانیشمان ڕاپەرێنین.

ئەو بەرێوبەرە جیاوازی كردنی حكومەتی هەرێمی لە نێوان دوو پارێزگادا خستەروو بەوەی ژمارەی فەرمانبەران لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر( 280) كارمەندی بۆ دابین كراوە لەبەرامبەردا پاركی ئازادی لە شاری سلێمانی تەنها (65)كارمەندی هەیە،بۆیە ئاماژەی بەوەدا: حەز ئەكەین ساڵانە میلاكمان بۆ زیاد بكەن تاوەكو ئێمەیش خزمەتی زیاتر بە شارەكەمان بكەین.







541 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/9/2017 8:55:11 PM
زیاتر ...