دۆسیە
ڕێگریكردن له‌پیس بونی ژینگه‌ ئه‌ركی كێیه‌؟
دیداری:عه‌بدول نه‌جم

ژینگه‌ وه‌ك بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ژیان وچالاكییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانه‌وه‌، به‌رده‌وام پێویستی به‌ چاودێریكردن و چاككردن هه‌یه‌، چونكه‌ چالاكیه‌ به‌رده‌وامه‌كانی مرۆڤ پاشماوه‌ی نامۆ ده‌خاته‌ نێو پێكهێنه‌ره‌كانی ژینگه‌ (ئاو – هه‌وا – خاك) به‌پێ ی جۆری چالاكیه‌كان، به‌مه‌ش ژینگه‌ پیس ده‌بێت. 
لوقمان شێروانی وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌م دیداره‌ تایبه‌ته‌ی ئاڕاسته‌دا باس له‌ ژینگه‌و هۆكاری پیس بون و مه‌ترسی پیسبونی ژینگه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

ئاڕاسته‌:ژیــنـگــه‌ چــــی یه‌؟

لوقمان شێروانی :ژینگه‌،بریتیه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شته‌ زیندوو و نازیندووانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ورووبه‌ری مرۆڤ هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ یان و ناڕاسته‌خۆیان به‌ژیانی مرۆڤ و و زینده‌وه‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌. 

ئاڕاسته‌:ئایا پیس بوونی ژینگه‌ چی یه‌؟ 

لوقمان شێروانی :ئه‌و پێناسه‌ ساده‌یه‌ی كه‌ به‌ مێشكی هه‌ریه‌كێكمان دادێت كه‌ ده‌ڵێین شتێك خاوێن نیه‌ ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیان گه‌یاندن و دروست كردنی كێشه‌ی ته‌ندروستی بۆ مرۆڤ و گیانداران و هه‌موو جیهان به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری چه‌مكی پیس بوون بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ تر و ووردتر ئه‌وا:
پیس بوونی ژینگه‌ بریتی یه‌ له‌ ڕوودانی گۆڕانكاریه‌ك له‌ ژینگه‌ی گیانداران به‌هۆی سروشت و چالاكی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌وه‌ كه‌ده‌بێته‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی چه‌ند ماده‌یه‌ك كه‌ ناگونجێ له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ گیانداره‌كه‌ی تێدا ده‌ژی و لاسه‌نگی ده‌كات. به‌رهه‌م هێنانی پێداویستیه‌كانی ژیانی مرۆڤ له‌ سه‌رچاوه‌ی وزه‌ و خۆراك وه‌ هه‌روه‌ها چالاكی رۆژانه‌ی مرۆڤ به‌به‌رده‌وام پاشماوه‌ی زیانبه‌خش ده‌خه‌نه‌ نێو ژینگه‌، به‌ڵام رێژه‌ی ئه‌م پاشماوانه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ هۆشیاری مرۆڤه‌كان و گرینگیدانیان به‌ ژینگه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئاووگرنگی ئاو چی ده‌ڵێیت؟

لوقمان شێروانی : بێگومان ئاو یەكێكە لە سێكتەرەكانی ژینگە و زۆر گرنگە لە ژیانی بوونەوەرەكانی گەردوون وەكو مرۆڤ و گیانلەبەران و دار و درەخت ، بۆیە هەمیشە دەبێت كار لە پێناو پاراستنی بكرێت. ئێمە لێژنەمان بۆ دورست كرد بوو و دواداچوونیان كردووە و بەپێی پێشبنییەكان ،دوور نییە دوای ساڵ 2025 كوردستان توشی قەیرانی ئاو بێت،بەتایبەتی ئەگەر بەنداوەكانی وڵاتانی دراوسێی كوردستان لەسەر سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان جێبەجێ بكرێت. كەواتە ئەركی هەموانە كار لە پێناو پاراستن و پیسنەبوون و بەهەدەردانی بگرین. لوقمان شێروانی وتیشی:بۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو تاكێكی كورد پێویسته‌ ئه‌ركی پارستنی ژینگه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و له‌سه‌ر هه‌موو رێكخراو وسه‌نته‌ر ودامه‌زراوه‌حكومی ناحكومی وكه‌رتی تایبه‌ت و راگه‌یندنكاران به‌شداربن له‌ گه‌یاندنی په‌یامی ژینگه‌ پارێزی.

ئاڕاسته‌:كارگە وشوێنەكانی چە ولم پابەندی رێنماییە ژینگەییەكان ده‌بن؟

لوقمان شێروانی :كارگە وشوێنەكانی چە و لم زۆربەیان پابەندی بنەما و رێنماییە ژینگەییەكان نابن و كاریگەریان زۆرە لە سەر تێكدانی ژینگە و رووبار و زێیەكان و كەمكردنەوەی سەوزایی. بۆیە ئێمە لەگەڵ دام و دەزگا پەیوەندیدارەكان لە سەر هێڵین بۆ رێگری كردن لەو پێشیلكارانەی دەرهەق ژینگە دەكرێت لەلایەن كارگەی چەو و لمەكانەوە .
ئاراسته‌:پاڵاوگەكان كاریگەریان لەسەر ژینگە هەیە؟
لوقمان شێروانی :سەبارەت بە پاڵاوگە نایاساییەكان ،بێگومان كاریگەریان لەسەر ژینگە هەیە، چونكە زۆربەی پاڵاوگە نایاساییەكان پشكنینی ژینگەیی بۆ نەكراوە و شوێنەكانیان گونجاو نییە . لەهەمانكاتیش دوكەڵ و پاشماوەكانیان زۆركات تێكەڵ بە خاك و ئاوی ژێر زەوی پیس دەكات،بۆیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەهەوڵداین بۆ ئەوەی كەموكووڕییەكانیان چارەسەر بكرێت یان دابخەرین. 

ئاراسته‌:كه‌واته‌ په‌یامتان چیه‌؟

لوقمان شێروانی :ئێمە هەمیشە پەیامی دەستخۆشی و رێز و حورمەتمان بۆ رێكخراوە ناحكومییەكان هەیە كە بەشێوەیەكی خۆبەخشانە خزمەت بە بواری ژینگە دەكەن،گەرچی ئەركی هەموو مرۆڤێكە پارێزگاری لە ژینگە بكات و كار بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان بكە،چونكە ئێمە هەمومان لەمەڕ ژینگە یەكسانین. بۆیە زۆربەی چالاكییەكانیان بەشداری دەكەین و سوپاس و پێزانینمان ئاراستە كردون و را و سەرنجیان وەردەگرین بۆ پرسە ژینگەییەكان .
ئاراسته‌:چۆن ڕێگری له‌ پیس بونی ژینگه‌ ده‌كریت و ئه‌ركی كێیه‌؟
لوقمان شێروانی :رێگری كردن لە پیسبوونی هەموو بەشەكانی ژینگە،ئەركی هەموولایەكە ،بەتایبەتی ئاو و هەوا ،كە بەئاسانی خاوێن ناكرێتەوە و كاریگەری بۆ دەیان ساڵ دەبێت. بۆیە هۆشیاری هەنگاوی یەكەمە بۆ پاراستنی بەشەكانی ژینگە ،بە تایبەتی ئاو و هەوا . كە نابێت هیچ كارێك بكرێت لە كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەت كاریگەری لەسەر پیسبوونی هەوا و ئاو هەبێت.

ئاڕاسته‌:ئه‌ی ڕۆڵی ئێوه‌ لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە.

لوقمان شێروانی :ئێمە لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە ،ئەركی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان و چاودێری كردنی ژینگەییمان لە ئەستۆیە .بۆیە لەم روانگەوە لە بواری هۆشیاری كاری جۆراوجۆر كراوە لە ناوەندەكانی خوێندن تا كەناڵەكانی راگەیاندن و كۆر و سیمینار ساز كراوە بۆ هۆشیار كردنەوەی هاوڵاتیان لەمەڕ گرنگی ژینگە بۆ ئێستا و ئایندەمان . لەهەمانكاتیش كار كراوە بۆ چاودێریكردنی سێكتەرەكانی تر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان تا ژینگەی كوردستان بە شێوەی سروشتی خۆی بمێنیتەوە  و پارێزراو بێت لە  پیسبوون و تێكچوون.

له‌ كۆتایدا لوقمان شێروانی وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌  وێڕای سوپاس و ده‌ست خۆشی بۆئاڕاسته‌ و خه‌مخۆریان بۆژینگه‌ ووتی،پاراستنی ژینگە،پێویستی بە هۆشیاری هاووڵاتیان هەیە دواتر یاسا و رێنماییەكان،بۆیە تا هاوڵاتیەكی هۆشیارمان نەبێت ،ئەستەمە باسی پاراستنی ژینگە بكەین.بۆیە كەناڵەكانی راگەیاندن رۆڵی كارایان هەیە بۆ فراوانكردنی پانتایی هۆشیاریی ژینگەیی لای هاوڵاتیانی ئازیزی كوردستان.

842 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/7/2017 11:37:35 AM
زیاتر ...