دۆسیە
ژنان چۆن خه‌باتیان له‌ ناو یه‌كێتیدا كردوه‌؟
ڕاپۆرتی:عه‌بدول نه‌جم

ژنانی یه‌كیتیی نیشتمانی كوردستان له‌ یادی 42ی ساڵه‌ی دامه‌زراندی حیزبه‌كه‌یاندا په‌یام و په‌یفی خۆیان هه‌یه‌ و داواو داواكاری خۆیان ده‌گه‌یه‌نێن و درێژه‌ به‌خه‌باتی خۆیان ده‌ده‌ن و نوێبونه‌وه‌و گۆرانكاریش له‌ خواسته‌كانیانه‌.

له‌میعه‌ كاكه‌ حه‌مه‌ كارگێڕی مه‌لبه‌ندی یه‌كی ریكخستنی سلێمانی بۆئاڕاسته‌ په‌یامی خۆی ده‌خاته‌ ڕوو:سەرەتا لە یادی 42 ساڵەی دامەزراندنی ( ی.ن.ك)  پیرۆزبایی لە مامی گەورەمان دەكەم و سەری ڕێز دادەنەوێنم بۆ شەهیدەكانمان، وە سڵاو دەنێرم بۆ پێشمەگە قارەمانەكانمان وە پیرۆزبایی لە هەڤاڵانی یەكێتی دەكەم.

یه‌كێتی بەردەوام جێگەی ئومێدو خەونەكانی ژنانی كوردستان بووە
لەم یادەدا وەك ژنێك چۆن یادی ( ی.ن.ك) دەكرێتەوە؟ له‌میعه‌ كاكه‌ حه‌مه‌ وتی:دیارە ( ی.ن.ك)بۆمن جێگەی شانازیە هەربۆیە تەمەنێكی زۆری خۆمم تێدا سەرف كردووە بۆیە یادی یەكێتی بۆتە یادی ژیان و بوونم چونكە ( ی.ن.ك) بەردەوام جێگەی ئومێدو خەونەكانی ژنانی كوردستان بووە ، ژنان هەوڵمانداوە لە ڕێگەی ئەم حیزبەوە خەبات و تێكۆشان بكەین بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی و یەكسانی لە كۆمەڵگەدا ، بۆ ئەم ئامانجەشی لە پەیڕەو پرۆگرامدا بە تەواوی مافەكانی ژنان دستەبەركراوە ، بەڵام ئەم وتانەشمان ئەوە ناگەیەنێت وەك ژنانی ناو ( ی.ن.ك)رەخنەوگلەیمان لە ئۆرگانەكان وسەركردایەتیمان نەبێت ، بەڵێ‌ ئێمە ڕەخنەمان هەیە وە بوونی ئەم رەخنەیەش مایەی ئەوەیە دڵمان بە حیزبەكەمان خۆشەو تا ئێستاش جێگەی ئومێدە ،هەربۆیە ئێمە وەك ژنان داوای زیاتر دەكەین لە بوارە سیاسیەكان و كایەكانی حكومەتدا وە بەردەوامیش هەوڵدەدەین لە ڕێگەی بەرنامەی ( ی.ن.ك)   وە لە بواره‌ جیاوه‌زه‌كاندا زیاتر خزمەت بە مافەكانی ژنان بكەین وهەوڵ بدەین هوشیاری ژنان بەرەو پێشەوە بڕوات بۆ ناسینی كێشەكانی ژیان و دەستەبەركردنی مافەكانی خودی خۆی، ئەمە ئەركمانه‌ لەناو یەكێتیدا چونكە ( ی.ن.ك) تاكە هێزی دیموكراسی و مەدەنی بووە چ لە مێژوو چ لە ئێستا و لە داهاتووشدا، بەردەوام خەباتیش دەكات بۆ داهاتوو بەو پەڕی راشكاوییەوە بێ‌ ترس ودوودڵی و پشتیوانی ژنانە ،وەلەهەمان كاتیشدا دەبێت ژنان خۆشمان هەوڵی زیاتر بدەین بۆ چەسپاندنی خۆمان لە خەباتی سیاسی و عەدالەتی كۆمه‌ڵایه تیدا  بۆیە یادكردنەوەی من لە یادی 42 ساڵەی ( ی.ن.ك)   دا لەم چوارچێوەیەدایەو ئەم خەباتەش بە پیرۆز دەزانم وە خەباتی 42 ساڵەی پیرۆز دەكەم لە هەموو ژنانی كوردستان .



پێویستی یه‌كێتی بەخۆیدا بچێتەوە وچاكسازی بكات
وەك كادرێك لەم یادەداچ پەیامێكت هەیە بۆ سەركردایەتی ( ی.ن.ك) له‌میعه‌كاكه‌ حه‌مه‌:  دوو پەیامم هەیە :یەكەمیان : ئەوەیە كە دەبێت ( ی.ن.ك)  بەخۆیدا بچێتەوە وچاكسازی بكات له‌ حیزبداو بنەماكان زیندووبكرێته‌وه‌ كارله‌سه‌رپەیڕەو پرۆگرامبكرێت كۆنگرە ببه‌سترێت وە لە هەمان كاتدا دەبێت (م.س) و سەركردایەتی بەڕێز واز لە خواستەكانی خۆیان بهێنن و لە دەوری به‌رەنامەو پەیامەكانی مام و شەهیدان كۆبنەوە وە دەبێت (م.س) و سەركردایەتی بە گیانێكی هاوڕێیانە كاربكەن لە ژێر ئاڵای ( ی.ن.ك)  دا ،وە دەبێت هەموو خەباتمان لە پێناوی باشتر كردنی بەرژەوەندی ژیانی خەڵكی كوردستاندا بێت ، هەوڵ بدەین گۆڕانكاری بكەین لەناو ئۆرگانەكانی حیزبدا .
دووەمیان:لە خەباتی سیاسی ومەدەنیدا زیاترگرنگی بدرێت بە بەشداری ژنان لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا ، هەوڵ بدرێت پێگەو جێگەی ژنان لەناو یەكێتیدا بە چاوی رێزەوە سەیر بكرێت ، وە داواكارم لە سه‌رجه‌م هەڤاڵان پشتیوانی لەهەڤاڵانی ژن بكەن بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە خەباتدا ، ئەگەر ئەم كارە نەكەین رەنگە بەشداری ژنان لەناو ( ی.ن.ك)  بەرەو خراپی بڕوات هیوادارم هەموومان پێكەوە یەكێتی و ئامانجەكانی بەرەو سەركەوتن ببەین وجارێكی تریش یادی یه‌كێتیی پیرۆزبێت.

له‌م یاده‌داسڵاو پیرۆزبایی بۆڕابه‌روسه‌رۆك مام جه‌لال
ئه‌مه‌ل جه‌لال كادیری پێشكه‌وتوی یه‌كێتی له‌ یادی 42 ساڵه‌ی دامه‌زراندی یه‌كێتیدا بۆئاڕاسته‌ ووتی:له‌م یاده‌دا سلأو پیرۆزبایی بۆڕابه‌رو سه‌رۆك مام جه‌لال ،پیرۆزبایی له‌ شه‌ هیدان و كه‌س و كارو زیندانیانی سیاسی و بریندارانی سه‌نگه‌رو سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان ده‌كه‌م.
ئه‌مه‌ل جه‌لال له‌وه‌لأمی ئه‌وه‌ی ئایا یه‌كێتی له‌م دۆخه‌ی ئێستایدا پێویستیه‌ چی بكات،ووتی یه‌كێتی له‌ كاتێكدا دامه‌زرا كه‌ حیزبی به‌عس باوه‌ڕی نه‌بوو شۆڕش دروست ببێته‌وه‌ ،یه‌كێتی له‌ كاتیكدا دامه‌زرا تروسكایه‌ی لای خه‌ڵكی كوردستان نه‌بوو،یه‌كێتی خاوه‌نی هه‌زاره‌ها شه‌هیدی سه‌نگه‌رو شه‌هیدی زیندوو وه‌ خاوه‌نی هه‌زاره‌ها ڕۆڵه‌ی قاره‌مانه‌،یه‌كێتی خاوه‌نی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌ ،یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا یه‌كێتی هێزێكی هاوبه‌شه‌ له‌ حكومڕانیدا و بێ یه‌كێتی هه‌مووئه‌گه‌رو كارێك مه‌حاڵه‌،ئیدی یه‌كێتی چۆن ناتوانێت دۆخێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا تێبپه‌ڕێنیت.




ئیدی كاتی وتاروبه‌یاننامه‌ ودروشم به‌سه‌رچووه‌
ئه‌وكادیره‌ی یه‌كێتی ووتیشی:ئیدی كاتی وتارو به‌یاننامه‌ و دروشم به‌سه‌رچوو ئیدی به‌ڵێنی جۆراو جۆراو كاتی نه‌ما ،كاتی جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كان و دروشمه‌كانه‌ كاتی ده‌ست له‌ ناو ده‌سته‌ بۆگه‌شه‌كردن و مانه‌وه‌ی زیاتری یه‌ كێتی‌ .كاتی ململانێ ناوخۆیه‌كان نیه‌ كاتی شكاندن و بچوك كردنه‌وه‌ی یه‌كێتی نییه‌ ،هه‌رسه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی گه‌ر به‌ڕاستی هه‌ڵگری ڕێبازی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌ ده‌بێت به‌یاننامه‌كان و دروشمه‌كان و به‌ڵێنه‌كان بخاته‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

959 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/1/2017 12:51:23 PM
زیاتر ...