دۆسیە
دەرئەنجامە خراپەکانی بەکارھێنانی مادە ھۆشبەرەکان بۆکۆمەڵگا چی یە ؟
ڕاپۆرتی : ھەردی حەسەن

داسەپاندن و خولقاندنی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان لێکەوتەی زیان بەخشی زۆری  خستە ناو کۆمەڵگای کوردەواری و بەجۆرێک تاوان و سەرپێچی کردن لە یاسا ڕووی لە زیادبوون کردوە و کێشەو گیروگرفتی  کۆمەڵایەتی  زیاتری خستە ناو تاک و خێزانەکانەوە و کە بەرچاو ترینیان بەکارھێنان و مامەڵەکردنە بە مادەی ھۆشبەرە کە ئامارە سەرەتایی یەکان دەری دەخەن مامەڵەپێکردن و بەکارھێنانی ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ئاسایش و ھێزە ئەمنی یەکانی کوردستان  ھەوڵەکانیان لە چی دا چڕکردۆتەوە بۆ ڕێگری کردن لە بازرگانی پێکردن و بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەر ؟


بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەرو بنبڕکردنی یەکجارەکی ئەستەمە 

مقدەم محەمەد فازڵ بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندی یەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند " بازرگانی پێکردن و بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەر بنبڕکردنی یەکجارەکی ئەستەمە بەڵام لە دەڤەری ڕاپەڕین کە ھاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ھێزەکانی ئاسایش لە ھەوڵی بەردەوام دان و لەو سنورە خەڵک دەستگیر کراوە کە بەکاری ھێناوە و مامەڵەی بازرگانی پێوە کردووە کە لەم ماوەیەی ڕابردوو لە سنوری پشدەر ٣ کەس بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پشدەر بەپێی مادەی ١٤ ھۆشبەر دەستگیر کراون کە بڕی ( ٤٠٨٠٠٠٠ ) چوار ملیۆن و ھەشتا ھەزار دەنکەحەبیان لە جۆری ( lomotil -dp )ھۆشبەرو وزەبەخش یان پێ بووە کە لە ئێستادا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان ھەروەھا لە شارۆچکەی حاجیاوای سەر بە قەزای ڕانیە بەپێ ی مادەی ١٤ ھۆشبەر  ٦ کەسی تر بەفەرمانی دادوەری لیکۆڵینەوە دەستگیر کراون بە تۆمەتی بەکارھێنان و مامەڵکردن بە مادەی ھۆشبەر کە ٣ کەس لەو دەستگیر کراوانە خاوەنی دەرمانخانەی پزیشکین "
ناو براو دەشڵێت " لە ئێستادا زیاتر مامەڵکردن بە دەرمانی پزیشکی یەوە دەکرێت بەتایبەت ئەو جۆرە حەبانەی کە لە پێکھاتەکەیانا مادەی ھۆشبەری تێدایە وەک  حەبی ( ترمادۆڵ و ترافید و لیمۆتل ـ دب ) جۆربەجۆرەکانی تر سەرەڕای مادەکانی تری ( تلیاک و حەشیش) وە لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین پێویستە خەڵکی دەڤەرەکە ھاوکارمان بن تا بە ھەموان ڕێگری بکەین لە بڵاوبوونەوەو بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەر کە سەر ئەنجام زیانی بۆ ھەموو کۆمەڵگایە "

ئایا پێویست دەکات  یاسای مادەھۆشبەرەکان ھەموار بکرێتەوە ؟

تەلار لەتیف ئەندامی لیژنەی یاسای و کۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان لە سەر فراکسێۆنی سەوز لە سەر کەیسی مادەی ھۆشبەر بە  ئاڕاستەی ڕاگەیاند " کەیسی مادەی ھۆشبەر لە بەکارھێنان و بازرگانی پێوەکردنی کەیسێکە پێویستە فەرامۆش نەکرێت و دەبێت یاسای مادەی ھۆشبەر ھەموار بکرێتەوە چونکە دۆخی ئێستای کوردستان بە ھۆی داسەپاندن و خولقاندنی قەیرانی دارای یەوە بەکارھێنان و مامەڵ پێکردنی مادەی ھۆشبەر زیادی کردووە ئامارەکانی دەستگیرکردنی ئەوکەسانەی کەتۆمەتبارن بە مادەی ١٤ ی ھۆشبەر جێگەی مەترسین بۆ داھاتووی کۆمەڵگای کوردستان ، ناشکرێت بە پاساوی پەکخستنی پەرلەمان لیژنە تایبەت مەندەکانی پەرلەمان کار نەکەن پێویستە ھەماھەنگی تەواو لە گەڵ لیژنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان  بنوێن لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایش و ھێزەکانی ناوخۆ تۆکمەتر ڕووبەڕووی بازرگانان و بەکارھێنەرانی مادە ھۆشبەرەکان ببینەوە "

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە" ھەژاری و برسی کردنی خەڵک بۆتە ھۆکارێک بۆ زیاتر بوونی بڵاوبوونەوەی مادەی ھۆشبەر وەک تێبیمان کردووە ئالودەبوون بەو مادانە لە ناو گرتوخانەکانی چاکسازی  یەکانی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش گرتۆتەوە وە پێویستە قسەی جدیمان لە سەر ئەو پرسە ھەبێت ، ئێستاش دیاردەیەکی تر ھەست پێدەکەین کە مامەڵکردنە بە داودەرمانی پزیشکی وەک حەب کە چەند جۆر ێکیان پێکھاتەی ھۆشبەریان تێدایە کە لە دەرمانخانەکان بوونیان ھەیە و خاوەن دەرمانخانەکان بەتایبەت لە گەڕەکە مللی یەکان  بێ ڕەچەتەی پزیشک بەخەڵکی دەفڕۆشن کە لەداھاتوودا ئەوەش دەبێتە گرفتێکی تر ، وە ئێمە وەک ئەندامانی فراکسێونی سەوز لە لیژنە جۆربەجۆرەکان سەرقاڵی چەند پڕۆژەیەکین بۆ زیاتر کۆت و بەند کردنی مامەڵەکردن بە مادەھۆشبەرەکان  و من لە نزیکترین کات دا بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزیری تەندروستی قسەدەکەم ، کە پێویستە لیژنەی ئەمنی و پزیشکی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەم بابەتە پێک بھێنرێت "

چ میکانزمێک بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەکار ھێنان و مامەڵە پێکردن بە مادەی ھۆشبەر ؟

لوقمان حاجی قادر بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی ڕاپەڕین بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند " ئەو ئامارە سەرەتاییانەی کە لە بەر دەستی من دان لە سەر مادەی ھۆشبەر لە سەرەتای قەیرانی دارای یەوە تاکو ئێستا ئەو پەڕی جێگەی نیگەرانین بۆ من بە جۆرێک بڵاوبوونەوە و مودمین بوونی لە بازرگانی پێوەکردن و بەکارھێنانی بە جۆرێک زۆر بووە کە دواجار خێزان و  کۆمەڵگای کوردی باجی سەخت دەدات بۆیە پێویستە حکومەتی ھەرێم پڕۆژەیەکی ستراتیژی نیشتمانی ھەمەلایەن ڕابگەیەنێت بۆ کەم کردنەوە بنبڕکردنی و خەڵکانی پسپۆڕ لە ئاستی جیاواز کار لە سەر ئەم کەیسە بکەن وەپێداویستی لایەنە ئەمنی یەکان بە ھاوکاری وماددی و پێدانی ئامێری پێشکەوتوو پڕ بکەنەوە وە وەزارەتی تەندروستی چاودێری وردی نۆینگەو دەرمانخانەکانی گشت قەزاو ناحیەو شار و گوندەکان بکات و لیژنەی چاودێری بۆ کافتریاو گازینۆکان پێکبھێنرێت ، وە ھەڵمەتی ھۆشیاری سەرتاسەری لەزانکۆ و  کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و خوێندنگاو مزگەوتەکان و شوێنە گشتی یەکان پێکبھێنرێت "

ھەروەھا دەشڵێت "  بەردەوامی ئەو دۆخە سەختەی کە ھاوڵاتیانی تێکەوتووە مانەوەی بەبێ چارەسەر دەبێتە ھەڵتەکاندنی شیرازەی کۆمەڵگا کەسانێک دەچنە ناو ئەوکارەوە کە ناچاری بژێوی ژیان وادەکات کەسانی بێوەی ناوکۆمەڵگا ببنە تاوەنبار "
 
  
 دەرئەنجامە خراپەکانی بەکارھێنانی مادە ھۆشبەرەکان بۆ تاک و کۆمەڵگا چی یە ؟

سارا ئیسماعیل کە توێژەری کۆمەڵایەتی یە بۆ ئاڕاستە دەدوێت باس لەوە دەکات کە " بەکار ھێنانی دەرئەنجامی زۆر خراپی ھەیە  لە سەر تاک و کۆمەڵگە لە ڕووی ئابوری یەوە تاک و خێزان و وڵات توشی داڕمان و بێ پارەی دەکات و کەسی بەکارھێنەر توشی ئالودەبوون دەکات و پەلکێشی دەکات بۆ خەڵک کوشتن و خود کوژی و خێزان بەرەو لێکترازان دەبات و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەشێوێنێ و تێکەڵاو بوونی  کەسی بەکاھێنەر بە خەڵکی ئاسای  تر ھاندەر دەبێت بۆ تێوەگلانی کەسی بێتاوانی بەو کارە ترسناکە و وە تاکی بێ ئیرادەو بێ ئینتیما بۆ خاک و خەڵک پەروەردە دەبێت کە لە داھاتوودا ئەرکێکی زۆر دەکەوێتە سەر حکومەت و کۆمەڵگا کە دواجار گشت لایەکمان باجەکەی دەدەین "

کەخەڵکی برسی کرا ئەوا چاوەڕوانی کارەساتی مرۆی جۆراو جۆری لێ دەکرێت  

ناوبراو دەشڵێت " نابێ ئەوە لەبیر بکەین کەخەڵکی برسی کرا ئەوا چاوەڕوانی کارەساتی مرۆی جۆراو جۆری لێ دەکرێت  وەک زیاد بوونی ڕووداوی تاوان ئەنجام دانی سەرپێچی کردن لە یاسا و کوشتن و دزی کردن درێژە کێشانی ئەم دۆخە خەڵکێکی زۆر  بەناچار پەلکێش کردووە بۆ ئەوەی تاوان ئەنجام بدات وە شەڕی داعش و پەکخستنی پەرلەمان ودۆخی نالەباری سیاسی و   ھاتنی بە لێشاوی ئاوارەکان تێکەڵ بوونیان بە خەڵکی کوردستانیش ھۆکاری ترن لە زیاد بوونی بەکار ھێنان و بازرگانی کردن بە مادەی ھۆشبەر دەبێت حکومەت لەم مەترسیانە تێبگات و چارەسەری خێرا بگرێتە بەر  "

870 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/10/2017 10:46:19 AM
زیاتر ...