دۆسیە
بۆچی هاوڵاتی ته‌زبیح به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌گرێت ؟
ڕاپۆرت : پشتیوان عەزیز
تەزبیح و كورد  پەیوەندییەكی لەمێژینەیان هەیە و ئارەزوومەندانی تەزبیحیش زۆرە،بەجۆرێك دانیشتنێكی كوردەوارییانە نییە چەند كەسێك تێیدا تەزبیحی بەدەستەوە نەبێت،ئەمەش وای كردووە چەندین هاوڵاتی بۆ دەستەبەركردنی بژێوی ژیانی خۆی پەنا بۆ تەزبیح فرۆشتن ببات.

ماڵپەڕی ئاڕاستە لە ڕاپۆرتێكیدا تەواوی زانیاری و جۆرەكانی تەزبیح و بەكار هێنانی لەلایەن هاوڵاتییانەوە دەخاتەڕوو .

ماوەی زیاترلە 12 ساڵە سەرقاڵی كاری تەزبیح فرۆشیم

تەزبیح فرۆش جەبار عەلی كە ماوەی زیاترلە 12 ساڵە سەرقاڵی ئەو كارەیە دەڵێت: رۆژانە كەسانی جیاواز سەردانمان دەكەن بۆ كڕینی تەزبیح بە تایبەت  تەزبیحی قەزوان چونكە لێرە زیاتر بەكار ئەهینریت،كڕیارەكان لەهەموو تەمەنێكیشی تێدایە.

سەبارەت بە جۆرەكانی تەزبیحیش وتی: چەندین جۆر هەیە لەوانە (كارەبا كە ئەویش مادەیەكە لە بەدەریا دەرئەهێنرێتَ لە وڵاتانی ئەلمَانیا و روسیا ــ سەندەلوس ــ ئەبڵەق ــ حەمەسوری ــ دەس نەخش ــ لاسورە ) كە ئەمانە مەرغوبن.
وتیشی: جۆرێكی تریش هەیە ڕەنگا و ڕەنگە خۆمان دروستی ئەكەین و بۆیاغی ئەكەین، نرخەكەشی گونجاوە.

لەبارەی ئەوەی ئایا خۆی ئەم تەزبیحانە دروست دەكات وتی: لەوەرزی پێگەیاندنی قەزوان دەڕۆمە شاخ و هەردەكانی ناوچەی قەراغ و قۆپی قەراغ و  شارباژیر و بەرزنجە لەوێ دەنكەكانی ئەهێنمەوە و لەبەر تیشكی هەتاو دایدەنێم تاوەكو وشك بێتەوە پاشان بە مەكینەی تایبەت بە خۆی كونی ئەكەم و دەیكەمە دەزووەوە.

قەیرانی دارایی كاریگەری لە ئیشی ئێمەش كردووە.
جەلال عەسكەریش كە نزیكەی 4 ساڵە ئەم كارە دەكات باسی كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی دەكات و دەڵێت: ئەوتەزبیحەی جاران بە 100 دۆلار بوو  ئێستا بە 50 هەزارە ، بەڵام هەندێ جۆری تەزبیحیش هەبوو كە نرخەكانی ئاسایی گونجاو بوو هەموو كەس لە توانای ئەبوو بیكرێ ئێستا ئەو تەزبحانەشمان هەرزانتر كردووە و زۆربەیان نرخەكانیمان دابەزاندووە بۆ 3 بۆ 4 هەزار.

رۆژانە 3 بۆ 4 تەزبیح دەفرۆشم.
مام  ئەحمەد سابیریش وەك خۆی دەڵێت كە ماوەی 10 ساڵە بژێوی ژیانی لەسەر ئەم كارەیە و موچەخۆر نیە.
ئەو ناڕازیش بوو لە داهاتی ڕۆژانەی و وتی: من تەزبیحەكان دەكڕم و دەیفرۆشمەوە بەڵام كڕیاری زۆر نییە رۆژانە 3 بۆ 4 تەزبیح دەفرۆشم.

هۆكاری بەكار هێنانی تەزبیح بێ ئیشییە.
كڕیارێكیش بەناوی تەها حسێن وتی: خەڵكی لای ئێمە بە ڕێژەیەكی زۆر تەزبیح بەكار ئەهێنن و هۆكارەكەشی بێ ئیشییە چونكە ئەگەر سەرقاڵی كارێك بیت كاتت بۆ تەزبیح نامێنێت.

ئەم كابرایەش عومەر عەیدولایە و دەڵێت: تەزبیح هەیە نرخەكی زۆر زۆرە، هەیانە بە 200 دۆلار ،هەشیانە بە 700 دۆلار كە زیاتر لە هەولێر دەست دەكەوێت.

تایەر رەفیق كڕیارێكی تربوو پێی وایە خووە و هەریەكە و ئارەزووی لە شتێكە بۆیە باسی لە ئارەزووی خۆی بە سەیری كرد و وتی: من وەك هیوایەتێك بەردەوام تەزبیح دەكڕم و دوای ماوەیەكی كەمیش دەیفرۆشمەوە.

وتیشی: من ماوەی 20 ساڵ ئەبێت تەزبیح بەكار ئەهێنم و تەنها تەزبیحی قەزوانیش بەكار ئەهێنم.

چەندین گێڕانەوەی جیاواز و سەیر لەبارەی تەزبیحەوە  هەیە و هەندێكیش پێی وایە تایبەتمەندی خۆی لەلای تاكی كوردی دروست كردووە.






1450 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/9/2017 9:58:03 AM
زیاتر ...