هەواڵ
پارتى غه‌درێكى گه‌وره‌ى له‌ سلێمانى كردووه‌
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
پارتى توانیویه‌تى به‌ فێڵكردن له‌ سلێمانى  زۆرترین موچه‌ بۆ زۆنگى زه‌رد دابین بكات ئابوورى سلێمانیش بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

به‌ پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ "به‌یار عومه‌ر" خاوه‌ن بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ پلانسازی شار و هه‌رێمه‌كان، ئه‌نجامی داوه‌ له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌:له‌ كۆی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ مووچه‌ی مانگانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ نزیكه‌ی 703 ملیۆن دۆلاره‌، له‌م رێژه‌یه‌ نزیكه‌ی 299 ملیۆن دۆلاری بۆ مووچه‌خۆری هه‌ولێر ده‌ڕوات ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی 51 ملیۆن دۆلاری تریش بۆ هه‌رسێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ و ئه‌نجومه‌نه‌ سیادییه‌كان و دیوانی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ڕوات، به‌مه‌ش رێژه‌كه‌ له‌ 299 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ 350 ملیۆن دۆلار به‌ بودجه‌ی سیادییه‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 50%ی پاره‌ی ته‌رخانكراوی مووچه‌ی مانگانه‌ی هه‌رێم.

وتیشى:"بۆ پارێزگای سلێمانی ئه‌وه‌ جیاوازه‌، به‌ جۆرێك سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ رووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌ سلێمانی 38% پێكده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌و پارێزگایه‌ ته‌نها 274 ملیۆن دۆلاری بۆ مووچه‌ بۆ ده‌چێت كه‌ له‌ ‌38%ی پاره‌ی ته‌رخانكراوی مووچه‌ی هه‌رێم ده‌كات، واتا مانگانه‌ هه‌ولێر ٧٦ ملیۆن دۆلاری مووچه‌ی زیاتر بۆ ده‌چێت به‌ كه‌می رێژه‌ی دانیشتوانیشه‌وه‌ له‌ چاو سلێمانییه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو:"به‌شێكی زۆری ئه‌و نایه‌كسانییه‌ به‌ هۆكاری سیاسی بووه‌ كه‌ پارتی به‌ ئاشكرا ده‌یه‌وێت خزمه‌تی زۆنه‌كه‌ی خۆی بكات و زۆنی سلێمانی برسی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی وای نیشان بدات كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی من ناوچه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و خه‌ڵك له‌ ‌خۆشگوزه‌رانیدایه‌، تا به‌وشێوه‌یه‌ ئاڵۆزی بۆ یه‌كێتیی و گۆڕان دروست بكات كه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر توانیویه‌تی له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت".

باسى له‌وه‌شكرد:"چاره‌سه‌ر بۆ كۆتاییهێنان به‌و قۆرغكارییه‌ی پارتی، رێككه‌وتنی یه‌كێتیی و گۆڕانه‌ تا خه‌ڵك و زۆنی سلێمانی ببووژێننه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م سنوره‌ ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ بكه‌وێت دواجار یه‌كێتیی و گۆڕانیش ده‌كه‌ون". 

هاوكات به‌پێی ئاماری ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێم ٦ ملیۆن و ٣٣٨ هه‌زار و ١٤ كه‌سه‌، له‌و ژماره‌یه‌ دوو ملیۆن و ٣٦٠ هه‌زار كه‌سی له‌ پارێزگای سلێمانییه‌  هاوكات به‌پێى زانیاریه‌كان، له‌ كۆی زیاتر له‌ ملیۆنێك و 300 هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌رێمى كوردستان، كه‌متر له‌ 500 هه‌زاریان له‌ پارێزگای سلێمانیین.

هاوكات  "عه‌باس فه‌تاح" ئه‌ندامی فراكسیۆنى یه‌كێتیى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند:"به‌هۆی زۆری ژماره‌ی دانیشتووان و قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیابارانه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان مووچه‌یان هه‌یه‌، ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی سلێمانی ده‌بێت زیاتر بێت و بڕی پاره‌ی بودجه‌ بۆ سلێمانی زیاتر بێت نه‌ك هه‌ولێر، ئه‌مه‌ جۆرێك له‌ نایه‌كسانییه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م راپۆرته‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ژمارانه‌ ده‌كه‌ین".
9943 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/12/2019 11:02:26 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ