هەواڵ
‎بۆ یەکەمجار هەرێمى کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانى بۆ ئەم توانستە
 ئاڕاستە

‎بۆ یەکەم جار لە مێژوى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پرۆسەى هەڵسەنگاندنى توانستى زمانى ئینگلیزى وەک زمانى دوەم لە ژماریەک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراو بەم تاقیکردنەوەیە هەرێمى کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانى (‪Education First‬) بۆ هەڵسەنگاندنى توانستى زمانى ئینگلیزى.

‎ئەنجامدانى تاقیكردنەوەى هەڵسەنگاندنەکانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى    (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى لێدرا، کە ئەم پرۆسەیە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزى ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن دامەزراوەی (‪Education first‬) سەرپەرشتی دەکرێت و تاقیکردنەوەکەش بێ بەرامبەرەو لە ڕێگه‌ی ئۆنلاین و لەناو زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

‎لەبارەى گرنگى بەڕێوەچونى ئەم تاقیکردنەوەیە لە زانکۆکانى کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ‪٢١/٥/٢٠١٩‬ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى کۆبونەوەى رۆژانەى وەزارەت ڕایگەیاند: لە ئه‌مڕۆ  بە دواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێگه‌ی بەشداریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی  زانکۆکانی کوردستانە لەو تاقیکردنەوە ستانداردە، بەو پێیەى زمانی ئینگلیزی زمانی زانست و بزنس زمانی گەیشتنە بە سەرچاوە زانستییە ئاستبەرزەکان. و زمانی پەیوەندی و هەماهەنگیە لەگەڵ کۆمه‌ڵگه‌ی ئەکادیمی نێودەوڵەتی، هه‌روه‌ك زمانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی توێژینەوەی زانستیە.
 
‎د.یوسف گۆران داواشی لە هەموو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان كرد کە بەشدار بن لەم تاقیکردنەوە، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: بەشداریکردن لەم پرۆسەیە وەک تاقیکردنەوە سەیر نەکەین، دەرچون و دەرنەجوون لەم تاقیکردنەوەیەدا نیە بەڵکو ئەم پرۆسەیە هاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە کێشەو کەموکورتییەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی تێبگەین و هاوکارمان دەبێت بۆ دانانی ستراتیجی نیشتیمانی بۆ مەبەستی پەرەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی و چەسپاندنی وەک زمانی دووەم لە نێو دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا.
 
‎لەو چوارچێوەیەداو سەبارەت بە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى تاقیکردنەوەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بەچاودێرى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەسەرپەرشتى (د. ئامانج عەبدوڵا سەعید) ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا، هەریەک لە (د. کاوە شێروانى) سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و (م. فوئاد عەلى سمایل) جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان، سەردانى هۆڵى تاقیکردنەوەکانى زانکۆى پۆلیتەکینکى هەولێریان کردو لەنزیکەوە لە چۆنیەتى بەرێوەچونى تاقیکردنەوەکانیان کۆڵیەوە، بەو پێیەى کە دامەزراوەى (‪Education first‬) هەڵسەنگاندن بۆ نزیکەى (٨٠) وڵات کە زمانى ئینگلیزى وەک زمانى دوەمیانە دەکەن.
 
‎لە وتەیەکدا م. فوئاد عەلى باسێکى لەبارەى بەڕێوەچونى تاقیکردنەوەکە کردو ڕایگەیاند پرۆسەکە بەشێوەیەکى ئۆنلاین بۆ ماوەى دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و لەئێستادا بەشێکى زۆر لە زانکۆکانى کوردستان بەردەوامى هەیە.
‎وتیشى: دواى هەڵسەنگاندنەکە خودى سێنتەرەکانى زمان هەڵسەنگاندن لەسەر کاریگەرى زمانى ئینگلیزى لەسەرجەم سێکتەرەکانى تەندروستى، کۆمەلایەتى، ئابورى، ئاستى رۆشنبیرى دەکەن.  تاقیکردنەوەکانیش دەرچون و کەوتنى تیادانیەو ماوەى نزیکەى یەک سەعات دەخایەنێت.
‎لەبارەى ئامادەکارى زانکۆکان بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە، دوپاتیکردەوە لە ئێستادا لە بەشێکى زۆرى زانکۆکانى کوردستان سێنتەرو پێداویستیەکانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتیان دابینکردوەو رۆژانە مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان بەشێوەیەکى بەرچاو بەشدارى لە تاقیکردنەوەکان دەکەن.
 
‎جێگەى ئاماژەیە دامەزراوەی (‪Education First‬) یەکێکە لە دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و سەرپەرشتى ئەم تاقیکردنەوەیە دەکات، لە ماوەی ٥٠ ساڵی ئەزمونی کارکردنیاندا گرنگی بە فێربوون و ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی دەدەن و خاوەنی ڕاپۆرتی بەناوبانگن، (‪English Proficiency Index‬) ساڵانە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی زمانی ئینگلیزییەوە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی زیاتر لە (٨٠) وڵاتی دونیا هەڵدەسەنگێنن و دواتر داتاکانی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەستنەوە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی  ئابووری و گەشەپێدانی مرۆیی و توێژینەوە و پەرەپێدانەوە.

‎ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی بالا

1713 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/21/2019 2:48:36 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ