دۆسیە
بۆچی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم پێك نایه‌ت
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم



نزیكه‌ی 200 ڕۆژ به‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌ رله‌مانی كوردستاندا تێپه‌رێوه‌و تا ئیستا كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم پێكنه‌هاتوه‌ ،هۆكاره‌كه‌ی چییه‌ و چ لایه‌نێك ئاسته‌نگه‌ له‌ به‌رده‌مدا.
له‌م ڕاپۆرته‌ی ئاڕاسته‌ هۆكاره‌كانی پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ زاری به‌رپرسانه‌وه‌ ئاشكراده‌بێت،ئایا یه‌كێتی هۆكاره‌ یان لایه‌نی تر؟بۆچی ڕێكنكه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی واژۆ نه‌كراوه‌.

پارتی نه‌یتوانیوه‌ گۆڕان رازی بكات به‌وجۆره‌ی هه‌رسێكمان پێكه‌وه‌ كابینه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم پێكبهێنین

له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێت ،هۆكاری دواكه‌وتنی واژۆكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتیی و پارتی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پارتی نه‌یتوانیوه‌ گۆڕان رازی بكات به‌وجۆره‌ی هه‌رسێكمان پێكه‌وه‌ كابینه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم پێكبهێنین و كێشه‌كه‌ له‌ نێوان پارتی و گۆڕاندایه‌ وه‌ ئێمه‌ به‌ هیچ جۆرێك ناچینه‌وه‌ دانوستان، دانوستانمان ده‌رباره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ پارتى بڕاندۆته‌وه‌، بایی ئه‌وه‌نده‌ش متمانه‌ له‌ نێوانماندا هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك واژۆكراو وایه‌ له‌لای ئێمه‌، جارێكى دیكه‌ ناچینه‌وه‌ دانوستانی هیچ كام له‌و بابه‌تانه‌.

یه‌كێتیی به‌ هیچ جۆرێك تێبینی له‌سه‌ر رێككه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌دا بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت نه‌بووه‌

له‌باره‌ى بوونى تێبینى له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ى یه‌كێتیى و پارتى له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌، "له‌تیف شێخ عومه‌ر" ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ "بوونی تێبینی لایه‌نێك له‌سه‌ر رێكه‌وتنی دوو لایه‌نی دیكه‌ له‌ رووی پڕه‌نسیبه‌وه‌ شتێكی نه‌گونجاوه‌، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتیی به‌ هیچ جۆرێك تێبینیمان له‌سه‌ر رێككه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌دا بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت نه‌بووه‌، ئێمه‌ رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی كردووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر رێككه‌وتنی نێوان ئه‌وان و گۆڕان، ته‌نها داواكارییه‌كانی خۆمان داوه‌ به‌ پارتی و له‌گه‌ڵیاندا گفتوگۆمان كردووه‌، تا گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم جێگرێكمان هه‌بێت و جێگره‌كه‌ش بۆ كاروباری هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت".

ئەوەی ئێستا گرفتی دروستكردوە، ڕێكنەكەوتنی پارتی و گۆڕانە

ئاسۆس عەلی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی ڕایگەیاندوه‌: سەبارەت بەڕێكەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی هەموشتێك كۆتاییهاتوەو ڕێكەوتنەكەمان هاوسەنگە، ئەوەی ئێستا گرفتی دروستكردوە، ڕێكنەكەوتنی پارتی و گۆڕانە، داوادەكەین بەزوترینكات ڕێكبكەوین لەسەر ئەو بنەمایانەی لەنێوان هەردولا هەیە، ئێمە لەگەڵ ڕێكەوتنێكی هاوسەنگ و ئارامین لەنێوان سەرجەم لایەنەكان، تا بتوانرێت لەسەر بنەمای ئەو ڕێكەوتنانە لەداهاتودا خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بكرێت، چیتریش خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ئەو لایەنانە ناكەن كە لەسەر پشكەكانی خۆیان شەڕدەكەن، بەڵكو چاوەڕوانی كارنامەی حكومەت و پەرلەمان دەكەن.

یەكێتیی چاوی لەپۆستی هیچ لایەنێك نییەو ئەزمونی ڕابردوش ئەوەی سەلماندوە

ئاسۆس عەلی ئەوەشی ئاشكرا كردوە، یەكێتیی لەپێناو خزمەتی زیاتری خەڵكی كوردستان كەمینەكردوەو لەو پێناوەشدا زۆرێك لەمافەكانی خۆی پشتگوێخستوە، "ئێمە وەك یەكێتیی دژی ڕێكەوتنی هیچ لایەنێكی سیاسی نەبوین، چاویشمان لەپۆستی هیچ لایەنێك نییەو ئەزمونی ڕابردوش ئەوەی سەلماندوە،كاتێك گۆڕان لەپەرلەمان و حكومەت دەركرا، یەكێتیی بوو شەڕی كاراكردنەوەی حكومەت و پەرلەمانی دەكرد، بەفەرمی پارتی داوای لێكردین پۆستەكانیان پڕبكەینەوە، بەڵام نەمانكرد بۆئەوەی ئارامی كەشی سیاسی هەرێم پارێزراوبێت.


جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم ئیستحقاقی یەكێتیه‌

سەرچاوەیەكی باڵای ناو بزووتنەوەی گۆڕانیش ده‌ڵێت،كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەندین گفتوگۆ لە ئاستی باڵا لەنێوان بەرپرسانی باڵای گۆڕان و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە وپارتی بۆ گۆڕانی روونكردۆتەوە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەمكردنەوە نیە لە پشك و بەركەوتەكانی گۆڕان، بەڵكو ئەو زیادكردنە وەك بەشێكە لە ئیستحقاقی یەكێتی و بەشێكە لە رێكەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و پابەندبونی پارتیە بە رێكەوتنەكەوە.

پارتی: یه‌كێتی گەورەترین هێزی هەرێمی كوردستانە

سەرچاوەكە باڵاكەی گۆڕان كە ناوی ئاشكرا نەكراوە بە ماڵپەڕەكەشی راگەیاندووە "پارتی لە گفتوگۆكانی لەگەڵ گۆڕان وتوویەتی، دەبێت یەكێتی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان جێگری ئاسایش و هێزەكانی پێشمەرگەی پێبدرێت، چونكە دووەم گەورەترین هێزی هەرێمی كوردستانە و زەمانەت و ئەمانەتی رێكەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی پەیوەستە بە بەشداریكردنی یەكێتیەوە.


به‌ گوێره‌ی وته‌ی چه‌ند به‌رپرسێكی یه‌ كێتی و پارتی تا كۆتایی ئه‌ م مانگه‌  دامه‌زرا وه‌یی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم  كارا ده‌كرێته‌وه‌و كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه رێم پێكدێت و چیتر كۆمه‌لأنی خه‌ڵكی كوردستان له‌ چاوه‌ڕوانیدا ناهێڵرێته‌وه‌.

ڕاپۆرت:عه‌بدول نه‌جم

1669 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/17/2019 11:55:18 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ