هەواڵ
حاكم قادر: زه‌وى ده‌به‌خشین به‌كه‌سوكارى پارێزه‌رانى زه‌وى نیشتمان
 ئاڕاستە
 حاكم قادر ده‌ڵێت،"ژماره‌ى شه‌هیدو خۆبه‌ختكه‌رانى یه‌كێتى وگه‌له‌كه‌مان سه‌لمێنه‌رى ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌هیچ هیزێكى دوژمنكاران ناتوانن ئیراده‌ى ئه‌م گه‌له‌ تێك بشكێنێ" .

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌هۆڵى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ , به‌ ئاماده‌بوونى حاكم قادرحه‌مه‌جان و شێخ جه‌عفه‌رو مسته‌فاچاوڕه‌ش وسیروانى كوێخا نه‌جم لاهورى شێخ جه‌نگى وهه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى وژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ولێپرسراوو به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانییه‌كان و ئه‌فسه‌رو پله‌داره‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، مه‌راسیمى پرۆسه‌ى دابه‌شكردنى (840) پارچه‌ زه‌وى به‌سه‌ر كه‌سوكارى سه‌ربه‌رى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش و كه‌مئه‌ندامانى ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو   .
له‌ وته‌یه‌كدا حاكم قادرحه‌مه‌جان ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى ولێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى ڕێكخستنى سلێمانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان وتى:"ژماره‌ى شه‌هیدو خۆبه‌ختكه‌رانى یه‌كێتى وگه‌له‌كه‌مان سه‌لمێنه‌رى ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌هیچ هیزێكى دوژمنكاران ناتوانن ئیراده‌ى ئه‌م گه‌له‌ تێك بشكێنێ , سه‌نگه‌ره‌كانى به‌رگرى و  سنوره‌كانى نیشتمان سه‌رده‌مانێكى زۆره‌ چۆڵنه‌كراوه‌و له‌لایه‌ن قاره‌مانانى میله‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ به‌خوێن پارێزگارى لێده‌كرێت و با گه‌له‌كه‌مان دڵنیابێته‌وه‌ كه‌ له‌ئێستاو داهاتووش به‌ئازایه‌تى و له‌خۆبردوویى ڕۆله‌كانمان پارێزراوده‌بێت".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ووته‌كانیدا به‌ناوى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانه‌وه‌ خه‌بات وقوربانیدانى ڕۆڵه‌كانیانى به‌رز نرخاندو ستایشى كۆڵنه‌دان و ووره‌به‌رزى خانه‌واده‌و كه‌سوكاره‌ سه‌ربڵنده‌كه‌شیانى كردو ووتى:" گه‌لى كورد ویه‌كێتىیه‌كه‌تان كه‌ خاوه‌نى ڕووبارێك خوێنى قاره‌مانه‌كانێتى ئه‌و گیانفیداییانه‌ له‌یادناكه‌ن وله‌زاكیره‌ى تاك به‌تاكى هاونیشتمانیاندا ده‌مێنێته‌وه‌و له‌ده‌فته‌رى تۆمارى خه‌باتگێڕانیشدا به‌پڕشنگدارى وزیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌ ,  ئه‌مڕۆش له‌م مه‌راسیمه‌دا گه‌رچى دڵۆپێك خوێنى شه‌هیدێكى نیشتمانپارێزى گه‌له‌كه‌مان به‌هیچ پاداشتێك به‌راورد ناكرێت , بۆیه‌ به‌پێویست و ئه‌ركى ده‌زانین زه‌وى ببه‌خشینه‌ كه‌سوكارو خێزانى پارێزه‌رانى زه‌وى نیشتمان" .
جێى ئاماژه‌شه‌ ، پێشتر (840) پارچه‌ زه‌وى بۆ ئه‌و توێژه‌ دابه‌شكراوه‌و بۆ داهاتووش (2772) پارچه‌ى دیكه‌ ئاماده‌كراوه‌و پاش ته‌واوكردنى مامه‌ڵه‌ یاساییه‌كانیان له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا دابه‌شده‌كرێت

617 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/15/2019 3:51:24 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ