ترافیک
خێرا شۆفێرى كردن بزانه‌ توشى چ كاره‌ساتێكت ده‌كات
 ئاڕاستە:ڤانیا بێستون
وه‌ك هه‌میشه‌ گوێبیست ده‌بین كه‌ زۆرێك له‌ ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ به‌هۆی سه‌ركه‌شی و خێرالێخوڕینی شۆفێرانه‌وه‌ ڕوو ده‌ده‌ن و كاره‌ساتی دڵته‌زێن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، راسته‌ كه‌ چه‌ندین هۆكاری تر هه‌یه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ڕووداوی هاتووچۆ به‌ڵام لێره‌دا چه‌ند خاڵێك باس ده‌كه‌ین كه‌ وا له‌ تۆی شۆفێر ده‌كات بیر له‌ تیژڕه‌وی نه‌كه‌یته‌وه‌. 
1 - یاسا ڕێگه‌ت پێنادات كه‌ له‌و خێراییه‌ی بۆت دیاریكراوه‌ خێراتر بڕۆیت و ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رپێچییه‌ بكه‌یت سزا ده‌درێیت و ئه‌گه‌ر له‌ كامێراكانی چاودێری خێراییه‌وه‌ سه‌رپێچییه‌كه‌ت بۆ تۆمار بكرێت سزاكه‌ی له‌ (٧٠) هه‌زاره‌وه‌  ده‌ست پێده‌كات بۆ (٢٥٠) هه‌زار دینار.
2 - به‌نزین زیاتر به‌فیڕۆ ده‌ده‌یت، كاتێك به‌ خێراییه‌كی زۆر شۆفێری ده‌كه‌یت ئوتومبیله‌كه‌ت به‌نزینێكی زۆرتر ده‌سوتێنێت.
3 - ژیانت ده‌خه‌یته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، لیخوڕینی خیرا بكوژه‌ و تا خێراییه‌كه‌ت زیاتربێت ئه‌گه‌ری نزیك بوونه‌وه‌ت له‌ مردن و كه‌م ئه‌ندام بوون زیاتر ده‌بێت، شۆفێر له‌كاتی خێرایی زۆردا كاته‌كه‌ی زۆر كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ بۆ بڕیاردان و وه‌ستان له‌ئه‌گه‌ری دروست بوونی هه‌ر بارودۆخێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌، ره‌نگه‌ یه‌ك چركه‌ زیاتر ببێته‌ هۆی پاراستنی ژیانت كه‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و چركه‌یه‌ ته‌نها به‌وه‌ ده‌بێت هێواشتر شۆفێری بكه‌یت. 
4 - له‌ لێخوڕینی خێرا كاتی زۆرت بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌، ره‌نگه‌ زۆرێك له‌ شۆفێران بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ دره‌نگ كه‌وتوون بۆیه‌ ده‌بێت به‌خێرایی شۆفێری بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی زووتر بگه‌ن، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌ خێرا لێخوڕین ده‌ستت ده‌كه‌وێت زۆر كه‌مه‌و شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌ ژیانتی بۆ بخه‌یته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. 
5 - بیروهۆشی خۆت ماندوو ده‌كه‌یت به‌ خێرایی ڕۆشتن، له‌ راستیدا كاتێك به‌ خێرایی شۆفێری ده‌كه‌یت هیچ چێژێك له‌ شۆفێرییه‌كه‌ت وه‌رناگریت و هه‌موو سه‌رنجت ده‌ڕواته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن به‌ شه‌قامه‌كه‌دا بڕۆیت، وای لێدێت ماندوو و تووڕه‌ ئه‌بیت له‌ شێوازی شۆفێریكردنی خۆت له‌بری ئه‌وه‌ی شۆفێرییه‌كی چێژبه‌خش به‌ هێواش ڕۆشتن به‌ ده‌ست بهێنیت. 
6 - ژیانت قورس ده‌كه‌یت له‌ بری ئاسانی بكه‌یت، له‌ راستیدا ئه‌م خاڵه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ خاڵی پێنجه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام زیاتر ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌ گه‌ر تۆ بته‌وێت كۆنترۆڵی توڕه‌یی و بێتاقه‌تییه‌كانی خۆت بكه‌یت ئه‌وا له‌ لێخوڕینی هێواش زۆر به‌ ئاسانی ده‌ستت ده‌كه‌وێت، نه‌ تووشی سزای یاسایی و كامێرا ده‌بیت نه‌ سه‌رئێشه‌ بۆخۆت دروست ئه‌كه‌یت له‌گه‌ڵ به‌كارهێنه‌رانی تری شه‌قام. 
7 - ده‌توانیت كه‌سانی تێگه‌شتوو و ڕۆشنبیر به‌ شۆفێری كردنه‌كه‌یدا بناسیته‌وه‌، ئه‌گه‌ر تۆ له‌ شه‌قامێكدا شۆفێری بكه‌یت و له‌سه‌رخۆو پابه‌ندی یاساكان بیت كه‌سانی چوارده‌ورت به‌ باش باست ده‌كه‌ن و ره‌نگه‌ به‌ شۆفێری نموونه‌یی ناوت بهێنن، به‌ڵام ئه‌و شۆفێرانه‌ی تیژڕه‌ون و به‌كارهێنه‌رانی تری شه‌قام بێزار ده‌كه‌ن هه‌میشه‌ تووشی لێپیچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بن له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكی به‌باشه‌ باسی ناكه‌ن و ره‌نگه‌ ووشه‌ی نه‌شیاوی به‌رامبه‌ر به‌كاربهێنن و هیواداربن هه‌رگیز ئه‌و شۆفێره‌ نه‌بیننه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ی پیایدا ده‌ڕۆن.
به‌رێوبه‌رایه‌تى هاتوچۆى سلێمانى
827 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/1/2019 1:51:13 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ