کۆمەڵایەتی
چیرۆكى كۆچى خێزانێك له‌ ئاڕاسته‌وه‌
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام

ئاژانسى هه‌واڵى ناین نیوزى ئوسترالى چیرۆكى ئه‌و خێزانه‌ به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فغانییه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ ئاسته‌م له‌ مه‌رگ ڕزگاریان بووه‌ و دواجار له‌ پاش چاوه‌ڕوانى بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ ، گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئوسترالیا و له‌و ووڵاته‌ نیشته‌جێكراون.


چیرۆكى ئه‌م خێزانه‌ كه‌ له‌ پێنج كه‌س پێكهاتوون به‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ له‌پاش ئه‌وه‌ى ده‌گه‌نه‌ مالیزیا ، داواكارى پێشكه‌ش به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنى مافى په‌نابه‌رێتى له‌ ئوسترالیا به‌ڵام ده‌بوایه‌ چاوه‌ڕێ بكه‌ن ، بۆیه‌ دواجار بڕیار ده‌ده‌ن به‌ به‌له‌م و به‌ قاچاخ ڕوو له‌ ئوسترالیا بكه‌ن. 


زه‌هرا، كه‌ كچه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئه‌و خێزانه‌یه‌ ده‌ڵێت ئه‌وان هه‌موو شتێكیان ئاماده‌ كردو بڕیاریاندا كه‌ به‌ به‌له‌م كۆچ بكه‌ن  له‌ساڵى 2009 دا، به‌ڵام شه‌وێك پێش كۆچه‌كه‌ ، باوكى بڕیارده‌دات ئه‌و كۆچه‌ نه‌كه‌ن و وه‌ك خۆى گوتوێتى ، له‌ ناخیدا هه‌ستى به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ بڕیارێكى باش نه‌بێت، بۆیه‌ له‌و بڕیاره‌ په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام له‌پاش چه‌ند ڕۆژێك ده‌یبیستن كه‌ به‌له‌مه‌كه‌ نقوم بووه‌ ، نزیكه‌ى 107 په‌نابه‌رى تێدا بووه‌ كه‌ هه‌موویان خنكاون. 


ئه‌و خێزانه‌ بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ له‌ مالیزیا بمێننه‌وه‌ و چاوه‌ڕێ بكه‌ن كه‌ له‌وێش هیچ مافێكى كاركردن و خوێندنیان نه‌بووه‌ ، چونكه‌ ئه‌وان وه‌ك كۆچبه‌رى نایاسایى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌. 

له‌پاش مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ له‌ مالیزیا و به‌رگه‌گرتنى ژیانى سه‌ختى په‌نابه‌رێتى، دواجار له‌ڕێگه‌ى یاساییه‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ى پێشكه‌شكردنى كه‌یسه‌كه‌یانه‌وه‌، له‌ شارى مێڵبۆرنى ئوسترالیا نیشته‌جێ كراون.


وێستگه‌كانى ژیانى ئه‌م خێزانه‌ هێنده‌ كاریگه‌ر و تراژیدین كه‌ له‌ ئێستادا كراون به‌ فیلمێكى دۆكیومێنتارى به‌ناوى " گه‌شتێك له‌ودیو ترسه‌وه‌" ، 
له‌پاش به‌رده‌وامى نقومبوونى چه‌ندین به‌له‌مى قاچاخى كۆچبه‌ران بۆ ئوسترالیا، دواجار حكومه‌تى ئوسترالیا بڕیاریدا كه‌ سیاسه‌تى گرتن و دیپۆرتكردنه‌وه‌ى به‌له‌مى قاچاخى كۆچبه‌ران پیاده‌ بكات و له‌ ئێستادا هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكات ، ده‌ستگیرده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ى ئه‌و ووڵاته‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵى داوه‌ لێوه‌ى بچێت بۆ ئوسترالیا یان ڕه‌وانه‌ى ووڵاتى خۆى ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى چیتر په‌نابه‌ران په‌نا بۆ ڕێگاى ده‌ریایى قاچاخ نه‌به‌ن بۆ ئوسترالیا.


464 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/28/2019 10:40:50 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ