ترافیک
پلان و كارى هاتوچۆى سلێمانى
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
ئه‌مڕۆ رێكه‌وتى 19 ى 3 ى 2019، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی پلان و ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا "كاروان محه‌مه‌د" وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی پلان و ئاماده‌كارییه‌كانى هاتوچۆى بۆ جه‌ژنى نه‌ورۆز خسته‌ڕوو كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌یه‌.

1- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی ناوشار مه‌فره‌زه‌كانی له‌ سنوری شاری سلێمانی دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان‌ و ئه‌و شوێنانه‌ی لۆد ‌و قه‌ره‌باڵغی زۆریان له‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌رك‌ و فه‌رمانی ئاسایی خۆیان.

2- سه‌رجه‌م رێگا لاوه‌كییه‌كانی كه‌ دێته‌وه‌ سه‌ر شه‌قامی سالم له‌ شه‌وی رێكه‌وتى (19) له‌سه‌ر (20) داده‌خرێن، ته‌نها رێگای سه‌ره‌كی شه‌قامی سالم كراوه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها رێكه‌وتى (20 / 3) كاتژمێر (3) ى پاش نیوه‌ڕۆ شه‌قامی سالم له‌ باخی گشتییه‌وه‌ تا پردی خه‌سره‌و خاڵ به‌ رووی ئۆتۆمبێلدا داده‌خرێت ‌و ته‌نها بۆ هاوڵاتیان واته‌ پیاده‌ڕه‌و كراوه‌ ده‌بێت.

3- رێكه‌وتى (21 / 3) له‌ رێگای سلێمانی به‌ره‌و شارباژێر ‌و تونێلی پێشڕه‌و، ئاڕاسته‌ی ئۆتۆمبێل به‌پێی لۆد ‌و قه‌ره‌باڵغی دیاریده‌كرێت، له‌ كاتژمێر (5) ی ئێواره‌وه‌ ئۆتومبێل ته‌نها ده‌توانێت له‌ تونێلی پێشڕه‌و به‌ره‌و سلێمانی بگه‌ڕێته‌وه‌، چونیش بۆ شارباژێر له‌ رێگای چیای ئه‌زمه‌ڕه‌وه‌ ده‌بێت.

4- تیمی فڕۆكه‌وانی هاتوچۆی سلێمانی له‌ ئه‌رك‌ و فه‌رماندا ده‌بن به‌ جۆرێك كه‌ فڕۆكه‌كانیان به‌سه‌ر ئاسمانی سه‌یرانگا‌ و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كاندا به‌رده‌وام له‌ چاودێریكردندا ده‌بن، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی چاودێریكردن ‌و رێكخستنی ره‌وشی هاتوچۆ له‌ كاتی دروستبوونی لۆد ‌و قه‌ره‌باڵغی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان‌ و گواستنه‌وه‌ی بریندار له‌ كاتی بوونی هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراودا، هه‌روه‌ها تیمی فڕۆكه‌وانی هه‌ڵده‌سێت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌زاران كارتی پیرۆزبایی ‌و رێنمایی هاتوچۆیی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا.

5- له‌ رێگا و بانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌تی رێكه‌وتى 21 ى 3 ‌و رۆژانی دواتر كه‌ هاوڵاتیان سه‌ردانی سه‌یرانگا‌ و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌ ته‌واوی رێگا و بانه‌كان مه‌فره‌زه‌‌ و ئه‌فسه‌ر ‌و رێپێدرا‌و و كارمه‌ندانی هاتوچۆ بوونیان ده‌بێت، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی هاوڵاتیان‌ و رێكخستنی ره‌وشی هاتوچۆ.

6- تیمی راگه‌یاندن ‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی هاتوچۆ له‌ ئه‌رك‌ و فه‌رماندا ده‌بن، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنمایی هاتوچۆیی‌ و كاری وێنه‌گرتن.

7- ئه‌فسه‌ران‌ و رێپێدراوان ‌و كارمه‌ندانی ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی رۆژانه‌ وه‌ك ئه‌ركی كارگێڕی‌ و هونه‌ری خۆیان به‌رده‌وامن له‌ راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان، هاوكات رێكه‌وتى  20 و 21 و 22 ى 3 سود له‌ تواناكانیان وه‌رده‌گیرێت، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی زیادكردنی مه‌فره‌زه‌كانی هاتوچۆ له‌ ناو شار ‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ‌و رێگا و بانه‌كاندا.

8- هه‌روه‌ها رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئۆتۆمبێل ‌و ماتۆڕسكیل ‌و كرێن ‌و فلاته‌كانی هاتوچۆ له‌ ئه‌رك‌ و فه‌رماندا ده‌بن.

9- هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌ نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئاسایش ‌و پۆلیس‌ و تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزار‌ و رێگا و بان ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ ده‌بێت به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان ‌و گه‌شتیاران.

10- كامێراكانی چاودێریكردنی خێرایی هاوشێوه‌ی رۆژانی پێشوو له‌ ئه‌رك ‌و فه‌رماندا ده‌بن.

11- رادیۆی ترافیك (ئیف ئێم)ی سه‌ر به‌ هاتوچۆی سلێمانی به‌رده‌وام رێنمایی ‌و هۆشیاری هاتوچۆیی بۆ شۆفێران‌ و هاوڵاتییان بڵاوده‌كاته‌وه‌.

12- له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی هاتوچۆوه‌ به‌ هه‌زاران كارتی پیرۆزبایی‌ و رێنمایی هاتوچۆیی له‌ سه‌یرانگا ‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كاندا به‌سه‌ر گه‌شتیاران‌ و هاوڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌ بازگه‌كاندا له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی هاتوچۆوه‌ ئه‌و كارتانه‌ دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر شۆفێراندا.
 
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ چه‌ند رێنماییه‌كی هاتوچۆیی ئاڕاسته‌ی شۆفێران و هاوڵاتیان ده‌كات كه‌ بریتین له‌؛

* به‌كارهێنانی شانی رێگا (سه‌رخۆڵ) به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌ ‌و سه‌رپێچیكار دووچاری لێپرسینه‌وه‌ی قورسی یاسایی ده‌بێته‌وه‌.

* شۆفێریكردن له‌ ژێر كاریگه‌ری مه‌ی قه‌ده‌غه‌یه‌‌ و سه‌رپێچیكار رووبه‌ڕوی سزای یاسایی ده‌بێته‌وه‌.

* ئاڕاسته‌ی رۆیشتن ‌و هاتنی ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر شه‌قام ‌و رێگا و بانه‌كان وه‌ك رۆژانی ئاسایی ده‌بێت، واته‌ رۆیشتنی ئۆتۆمبێل به‌ ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌، جگه‌ له‌ تونێلی پێشڕه‌و ئه‌مه‌ش له‌ ژێر چاودێری و رێنمایی مه‌فره‌زه‌كانی هاتوچۆی سلێمانییدا ده‌بێت. 

* به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگری گه‌وره‌ بۆ چوون بۆ سه‌یرانگا‌ و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌.

* ئه‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ به‌ لاساری‌ و سه‌ركێشی‌ و كه‌مته‌رخه‌می شۆفێری ده‌كه‌ن ‌و ده‌بنه‌هۆی دروستكردنی گرفت ‌و ئاسته‌نگی بۆ شۆفێرانی دیكه‌، رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌‌ و سزای یاسایی ده‌بنه‌وه‌.

* پێویسته‌ شۆفێران په‌یوه‌ست بن به‌ خێرایی دیاریكراو له‌سه‌ر شه‌قام ‌و رێگا و بانه‌كانی ده‌ره‌وه‌.

* سواربوونی سه‌رنشین‌ و منداڵ له‌ناو ئۆتۆمبێلی دوا به‌تاڵ و شوێنی نه‌شیا‌و قه‌ده‌غه‌یه‌.

* پێویسته‌ سه‌رجه‌م شۆفێر‌ و سه‌رنشینه‌كان پشتێنی سه‌لامه‌تی به‌كاربهێنن.

* داواكارین له‌ هاوڵاتیان ‌و شۆفێران له‌ كاتی دروستبوونی هه‌ر رووداوێكی هاتوچۆ ‌و گرفت‌ و ئاسته‌نگی هاتوچۆییدا، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌ (188) ی كۆنترۆڵی هاتوچۆوه‌ بكه‌ن، تاوه‌كو به‌زووترین كات هاوكاری هاتوچۆییتان پێبگات.
383 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/19/2019 11:43:44 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ