دۆسیە
بۆچی زۆربەی خەڵکی لە شاری قەڵادزێ نیشتەجێ بوون؟
ڕاپۆرتی: ھەردی حەسەن

لە دوای ڕاگەیاندن و ڕێکەوتن نامەی ١١ ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠لە نێوان حکومەتی عێراق و گەلی کورد  ڕژێمی بەغدا بە  ئاشکرا پەشیمان بۆوە لەو بەیان نامەیەی کە ڕاگەیەنرابوو ھەر بۆیە گوشاری زیاتری خستە سەر خەڵکی باشور و دژایەتی خۆی بۆ بوونی ھەر جوڵانەوەیەکی سیاسی و چەکداری ڕاگەیاند . دوابەدوای ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە کەس و کاری پێشمەرگە لە  ژێر ئەو فشار و مەترسیانە پەیتا پەیتا ڕوویان لە دەڤەری پشدەر بە تایبەت شاری قەڵادزێ کرد و لە ھەمانکات دا سەرکردایەتی سیاسی ئەوسای  کورد بە باشیان زانی کە زانکۆی سلێمانی کە یەکەمین زانکۆ بوو لە باشوری کوردستان لەشاری سلێمانی یەوە بگوازرێتەوە بۆ شاری قەڵادزێ.

بۆچی زۆربەی خەڵکی لە شاری قەڵادزێ نیشتەجێ بوون ؟
بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی شاری قەڵادزێ کە ھاوسنورە لەگەڵ ڕۆژ ھەڵاتی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران  و نزکیەکی زۆری لە شاری سەر دەشت و شارەکانی تر گونجاوی ڕێگای ھاتووچۆو زۆری ئاڵوگۆڕی بازرگانی ناوچەیەکی دوورەدەست لە دەسەڵاتی ڕژێمی بەغدا و نزیکی زنجیرە چیاکانی قەندیل و سەختی ناوچەکە وای کردبوو کە خەڵکی زۆر لەو ناوچەیەدا نیشتە جێ بن.

بۆچی بڕیار درا زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی یەوە بگوازرێتەوە بۆ قەڵادزێ ؟
ئەو بڕیارە دوای ئەو مەترسیانەھات کە بە ئاشکرا ھەست بە نیازی خراپی دیکتاتۆریەتی عێراق کرا کە دەیەویست مەرام و پلانی خۆی دژی زانست و کلتور بنوێنێت وخوێندن لە زانکۆ پەک بخات ھەربۆیە  لە پێناو سەلامەتی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و درێژەدان بەخوێندن و پاراستنی تاکە ناوەندنی زانستی کە لە باشوری کوردستان گەشەی باشی کردبوو کە وەک زانکۆی دایک بۆ زانست و زانیاری سەیر دەکرا پارێزراوبێت .

حکومەتی عێراق سەرەتای کۆمەڵکوژیەکەی قەڵادزێ ی چۆن دەست پێکرد ؟ 
لەو ئان و ساتە دا حکومەتی بەغدا بە سەرنج دانە لەو مەترسی یە  گەورەی نیازی کوردان و جوڵەی چەکداریان و خۆڕێکخستەوەنەویان  ترسێکی زۆری لێنیشت و بڕیاری دا ھەم دیسانەوە  شەڕ دژی کوردان و ئەو جوڵانەوە سیاسیە دەست پێ بکاتەوە، 
شایەد حاڵەکان و بریندارانی بۆردوومانی شاری قەڵادزێ بۆ ئاڕاستە سەرەتای کۆمەڵکوژیەکەی شاری قەڵادزێ ی دووجار شەھید دەگێڕنەوە لەم بارەیەوە " ئیبراھیم محێدین "کە ئێستا بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی شەھیدانو ئەنفال کراوانی قەڵادزێ یە و یەکێکە لە بریندارەکان وتی " شەوێک پێش ڕۆژی بۆردوومانی کردنی شاری قەڵادزێ دوو فڕۆکەی سیخوڕی بە بەردانەوەی بەیان نامەی ئاگاداری داوایان لە خەڵکی کرد کە سبەی واتە ڕۆژی ٢٤ / ٤ ساڵی ١٩٧٤ لە ماڵەوە بمێنەوە نەچنە دەرەوە و ھۆکاری بڵاو کردنەوەی ئەو ئاگاداری نامانەش بۆ ئەوەبوو لە پیلانی کۆمەڵکوژیەکەدا 

زۆرترین ھاوڵاتی شەھیدوو بریندار بکەن ، لەو ساتەدا لە لایەن خەڵکانی تێگەیشتو و نیشتەجێ ی  شاری قەڵادزێ بڕیاردرا کە دەوامی خوێندن لە و ڕۆژەدا بکرێتە پشو "
ناوبراو بە حەسرەتێکی زۆرەوە ڕای گەیاند " ڕۆژی  ٢٤ / ٤ بۆ قەڵادزەیەکان و خەڵکی کوردستان ڕۆژی ڕەش و کۆمەڵ کوژی بوو کاتژمێر ٩ ی سەر لە بەیانی ژمارەیەک فڕۆکە بە فڕین لە ئاستێکی زۆر نزم بە چەکی قەدەغەکراوی ئەکاتی  بۆمبی ناپاڵم  بۆردوومانی قەڵادزێ یان کرد کە بەھۆی ئەو بۆردوومانەوە بە چەند چرکەیەکی کەم  زیاتر لە ١٦٣ھاوڵاتی لە ژن و مناڵ و پیر و گەنج و خوێندکارانی زانکۆ شەھید بوون زیاتر لە ٣٠٠ بریندار کەسی تریش برینداربوون ، لە ھەمانکات دا زانکۆ وزیاتر لە دوو خوێندنگا و مزگەوت و چەندگەڕەگێک لەگەڵ زەوی تەخت بوون بە دەیان خێزان و لە ژێر داربوو پەردووی خانوی داڕووخاودا  بە کۆی ماڵ و مناڵیان شەھیدبوون " .
ئیبراھیم محێدین ئاماژەی بەوەش کرد " من لەو کاتەدا بریندار بووم بەڵام گیانی لەخۆ بردووی دانیشتوانی قەڵادزێ و پزیشکان و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ و بووە ھۆی چارە سەری برینداران و ڕزگار کردنی خەڵکی بریندار و ناشتنی شەھیدەکان ، لە و ساتەشدا حکومەتی ئێران سنورەکانی بەڕوی برینداران کردەوە و بەشێکی زۆر لە برینداران ڕەوانەی وڵاتی ئێران کران بۆ چارەسەر" .

ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی دوای ٨ ساڵ لە کارەساتی ٢٤ / ٤ چیان کرد ؟
دوای ڕێکەوتن نامەی جەزائیر و نسکۆی شۆڕشی ئەوسای کورد و بێ ھیوای خەڵک لە نەمانی شۆڕش تەواو خەڵکی باشوری نائومێد ببوون، لەو ئان و ساتەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕابەرایەتی سەرۆک مام جەلال مەشخەڵی شۆڕشی ڕزگاری کوردی ھەڵکردەوە و ھیوا بۆ خەڵکی باشور گەڕاندەوە .
 دوای تێپەڕبوونی ھەشت ساڵیش بە سەر کۆمەڵکوژیکەی شاری قەڵادزێ ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی و خوێندکاران و بەشێک لە دانیشتوانی قەڵادزێ لە یادی  بیرەوەریە تاڵەکەی ٢٤ / ٤ / ١٩٧٤ ی شارەکەیاندا بە ڕێپێوانێک بە دەیان دروشم دژی ڕژێم چاونەترسانە چوونە سەر کڵکۆی شەھیدان دروشمی خۆڕاگری و نەمری شەھیدانیان دەگوتەوە .
عمر نورەدینی یەکێک لە برینداران و  ڕێخەرانی خۆپشاندانەکەی ٢٤ /٤ / ١٩٨٢ بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند " ئەوکات من خوێندکار بووم و ئەندامی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووم ویستمان ئەوە بە بیر پیاوانی ڕژێم لە ناوچەکە بێنینەوە کە ئێمە نەترساوین و ناترسێین و ڕێز لە شەھیدانی خۆمان دەگرین و یادیان دەکەینەوە و گیانی بەرگیریمان زیندووە، ئەوەبوولەو کاتەدا ھێزێکی زۆر لە سوپای عێراقی و  ئەمن و ئستغبارات بۆمان ھاتن بە چەکی دۆشکەو بیکێسی تەقەیان لێ کردین ، کە بەداخەوە لەو کاتەدا خوشکە سنۆبەر و دایکە ئامینە شەھید بوون بوونە  سنبولی ئەو ڕاپەڕینە زیاتر لە ٤ خوێنکاری تریشمان بریندار بوون چەند کەسێکیش دەستگیر کران  "
نورەدینی ئاماژەی بەوەش کرد " قەڵادزێ ی دووجار شەھید لەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ٢٤ / ٤ / ١٩٧٤ و ٢٤ / ٤ / ١٩٨٢ ڕژێمی عێراق دژی خەڵکی شاری قەڵادزێ کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە و خەڵکی گوندەکان و شاری بەزۆرەملێ ڕاگوێزراون و لەو جێگاو شوێنانە نیشتەجێ ی کردوون کە خۆی مەبەستی بووە، تا بەھاری ساڵی ١٩٩١ خەڵک و ھێزەکانی بەرەی کوردستانی بە ئەندازیاری یەکێتی نیشتمانی ڕاپەڕین و خەڵکی باشور لەو نەھامەتی و ژێردەستەی ڕزگاریان بوو".
بۆردوومان کردنی قەڵادزێ کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی بە چەکی قەدەغەکراوی  بۆمبی ناپاڵم دەستپێکی لە ناوبردنی بەکۆمەڵی خەڵکی باشوری کوردستان بوو ئەوەش سەمێنەری ئەو ڕاستی یەکە ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی عێراق دژی خەڵک و خاکی کوردستان بوون لە ئێستاشدا ٤٣ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەو کۆمەڵ کوژیە خوێناویەدا تێپەڕ دەبێت کە سەرانی بەغدا دەرھەق بە ھاوڵاتیانی سڤیل و کورد لە قەڵادزێ ئەنجامیاندا .

2093 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/23/2017 12:16:16 PM
زیاتر ...