دۆسیە
ئاسۆی پێکھێنانی کابینەی نوێی حكومه‌ت روونتر ده‌بێتەوە
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم
زیاتر لە سێ مانگ  تێپەڕیووە بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا و تا ئێستا کابینەی نۆیەم پێکنەھێنراوە , بەڵام لە دواین کۆبوونەوەیاندا پارتی و یەکێتی رێکەوتون لەسەر ئەوەی پەلەبکرێت لە پێکھێنانی کابینەکە .

چاوەرێ دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا ئاسۆی پێکھێنانی کابینەکە روونتر ببێتەوە

 لەدواین خولی دانوستانەکاندا پارتی و یەکێتی و گۆڕان  جۆرێک لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا ھاتووەتە ئاراوە لە بارەی کارنامەی کابینەی نۆیەم و بەرکەوتەو پشکی لایەنەکان لە کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان  و بەمەش چاوەرێ دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا ئاسۆی پێکھێنانی کابینەکە روونتر ببێتەوە.

ئەمڕۆ لە سلێمانی وەفدی باڵای یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە

بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی تر، ئەمڕۆ لە سلێمانی وەفدی باڵای یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و بەپێی زانیارییەکانیش، دوای کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی، رۆژی سێشەممە، وەفدی پارتی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و پرسی پێکھێنانی حکومەت تاووتوێ دەکەن.

نزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە بەژەوەندی خەڵکی کوردستاندایه‌
 
پێشتریش، خەسرەو گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاندبوو: نزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە بەژەوەندی خەڵکی کوردستان و ناوچەکەدایە. لەئێستاشدا لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم، لە سەرجەم بوارەکاندا لێک نزیکبوونەتەوە. 

یه‌كێتی داوای شەراكەتی ڕاستەقینە دەكەین

هه‌روه‌ها ئاسۆ مامەند رایگەیاند " لە گفتوگۆكانمان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ حكومەت، داوای شەراكەتی ڕاستەقینە دەكەین، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هەموو ناوچەكانی كوردستان بكرێ‌."
كۆمه‌ڵ:ئامادەین بۆ پێشوازیکردن لە وه‌فدی پارتی

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ پێشوازیکردن لە وه‌فدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە دوو خولی گفتوگۆ و دانیشتن لەنێوان شاندی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان بەڕێوە چووە، بەڵام هێشتا وه‌فدی پارتی سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی نەکردووە، لە کاتێکدا ئەو حزبە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وه‌فده‌كه‌ی پارتی دەربڕیوە. 
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئه‌وحیزبه‌ لە زنجیرە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”ئێمە گوتوومانە ھەرکاتێک ئەوان بۆ گفتوگۆ بێن، پێشوازییان لێ دەکەین.

كۆمه‌ڵ:ئێمە حەز دەکەین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ لایه‌نه‌كاندا هه‌بێت

ئەو سەرکردە باڵایەی کۆمەڵی ئیسلامی جەختی کردۆتەوە: ”بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتیش نەبێت و بۆ سەردانکردن بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان  بێت، بێگومان پێشوازی لێ دەکەین، ئێمە حەز دەکەین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ لایه‌نه‌كان و لایەنەکانی دیکەش ھەبێت، ئەوە شتێک نییە قسەی لەسەر بکرێت“.

ئومێدی ئەوە دەکەین لەو کۆبوونەوەیەدا بتوانن خاڵی ھاوبەشیان ھەبێت

هه‌روه‌هافرسەت سۆفی، ئەندامی وه‌فدی دانوستانکاری پارتی ڕاگەیاندوه‌:  دووشەممە شاندی دانوستانکاری پارتی لەشاری سلێمانی، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکھێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە".
ڕوونیشی کردەوە، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و ئومێدی ئەوە دەکەن، لەو کۆبوونەوەیەدا بتوانن خاڵی ھاوبەشیان ھەبێت.
 وتیشی: ”دوای کۆبوونەوەی شاندی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی، بۆ ڕۆژ دواتر، شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە".

پارتی و یه كێتی بۆخزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان  حكومه‌ت پێكده‌هێنن 

جێگه‌ی باسه‌ یه‌ كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ندین كابینه‌یه‌ پێكه‌وه‌ حكومه‌تیان پێكهێناوه‌وخه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ سایه‌یاندا ئارام و بێ كێشه‌ بوون هه‌ربۆیه‌ هه‌ردوو حیزبی بالأده‌ست ده‌یانه‌وێت ته‌واوی كێشه‌كانی نێوانیان وه‌لابنێن و حكومه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ بۆخزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان پێك بهێنن و كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش ئه‌و ڕاسته‌ ده‌سه‌لمێنێت.
1215 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/21/2019 10:35:02 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ