دۆسیە
سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دادی حکومەتی عێراق چی ده‌ڵێن
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم
بڕیارە ئەم سێشەممەیە 4/12/2018 ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بۆ پەسەندکردنی پێنج تا شەش وەزیری دیکە لە کابینەکەی سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی بدات و یه‌كێتیش پۆستێك به‌ ئیستحقاقی خۆی ده‌زانێت كه‌ وه‌زاره‌تی داده‌.
سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌ سه‌ر گرنگی وه‌زاره‌تی داد له‌ كاببینه‌كه‌ی عادل عەبدولمەھدی قسه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و به‌ پۆستێكی گرنگی ده‌زانن كه‌ لای كورد و یه‌كێتی بێت،له‌ م راپۆرته‌ وته‌ی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی بزانه‌.

وەزیری داد دەتوانێت زۆر کێشەی کورد لەناوچە جێناکۆکەکان چارەسەربکات

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی لە لێدوانێکدا جەختیی کردەوە وەزارەتی دادی حکومەتی عێراق  مافی کوردە و لەناو کوردیشدا مافی یەکێتییەو بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستەش وەفدێکی یەکێتی سەردانی بەغدادی کردوەو رونیشیکردەوەوەزیری داد دەتوانێت زۆر کێشەی کورد لەناوچە جێناکۆکەکان چارەسەربکات بەتایبەت شاڵاوی تەعریب کە ئێستا لە لایەن پارێزگاری کەرکوکەوە پیلانی بۆ داڕێژراوە.

یەکێتی دەیەوێت لە رێگەی وەزارەتی دادەوە کار بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بکات

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ڵێت:یەکێتی دەیەوێت لە رێگەی وەزارەتی دادەوە کار بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بکات، پێداگرە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی دادی عێراق.

وتیشی:یەکێتی پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد لە حکومەتی عێراق دەکات و دەیەوێت لە رێگەی ئەو وەزارەتەوە کاربۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە بکات کە لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە لەدژی دانیشتوانی کوردی کەرکوک وناوچە جێناکۆکەکان کراوە، بەتایبەت گەڕاندنەوەی موڵک و زەوی و زارەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.

ئەو ھەڵویستەش بە ھۆکار نابینێت بۆ تێکدانی یەکڕیزیی کورد لە بەغداد

لەبارەی وەرگرتنی پۆستێکی وزاری لە حکومەتی عێراق لەلایەن یەکێتییەوە، ئەندامێكی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند: یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستێکی وزاری. 

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاندوه‌: یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستێکی وەزاری لە بەغداد و ئەوەش بە مافی خۆی دەزانێت، ئەو ھەڵویستەش بە ھۆکار نابینێت بۆ تێکدانی یەکڕیزیی کورد لە بەغداد.

وەزیری داد بۆ یەکێتی یەکلاکراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا دەنگدان لەسەر وەزیرەکانی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی کۆتای دێت و وەزیری دادی-یش بۆ یەکێتی یەکلاکراوەتەوە،
جوان ئیحسان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاندوه‌، "بڕیارە ئەم سێشەممەیە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بۆ پەسەندکردنی پێنج تا شەش وەزیری دیکە لە کابینەکەی سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی بدات".

سەبارەت بە پشکی کورد لەو ھەشت وەزارەتەی ماون کە دوو وەزارەتیان بەر کورد دەکەوێت و بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وتی"بەدڵنییایەوە پۆستی وەزیری داد بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی بووەتەوە بەپێی زانیارییەکان و یەکێتی بۆ ئەو پۆستە یەک کاندیدی ھەیە ئەویش خالید شوانی-یە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی وتووە "ھێشتا زووە بۆ ھەڵسەنگاندنی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی، چونکە ئەدای حکوومەت و وەزیرەکانی و ھەروەھا ئەو کێشانەی کە ماون و دەبێت چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند ئەوانە بڕیار دەدەن کە ئەو کابینەیە چۆنە و ئەدای چۆنە، بۆیە ھێشتا ناتواندرێت بگوترێت حکوومەتێکی لاواز دەبێت، چونکە ھەڵسەنگاندن دواتری بۆی دەکرێت".
1880 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/3/2018 10:44:06 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ