17 هاوڵاتی بەڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە
ئاڕاستە : هەردی حەسەن
لەماوەی ( 11 )مانگی ڕابردوو لە سنوری قەزای کۆیە و بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئەو قەزایە کە بە ئاڕاستە دراوە ( 175 ) ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە کە زۆرینەی ڕووداوەکان لە دەرەوەی قەزای کۆیە ڕویانداوە .
عقیدی ماف زاهر محەمەد بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی قەزای کۆیە تایبەت بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند " لەماوەی( 11 ) مانگی ڕابردوو بەپێ ی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتیمان ( 175 ) ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە لە کۆی ئەو ڕووداوانە( 275 ) هاوڵاتی بریندار بوون جگەلەوە ( 17 ) هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە ، کە زۆرینەی ڕووداوەکان لە ڕێگای دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێ بوون ڕوویانداوە ، هەروەها زۆرینەی ڕووداوەکان تیژڕەوی بووە " .
ناوبراو وتیشی " سەرەڕای خراپی ڕێگاکان هاوکات پابەند نەبوونی شوفێران بەڕێنمایەکانی هاتوچۆ هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوانەیە ، ئێمە وەک هاتووچۆ بە دوومانگ جارێک گشت تابلۆکان سیانە و چاک دەکەینەوە ، ئەوە جگەلەوەی بەردەوامین لە پێدانی ڕێنمای بەشوفێران ، وە لۆدێکی زۆر دوای ڕووداوەکانی کەرکوک و بوونی بازگەی گومرگی لە نێوان هەولێر و کەرکوک وای کردووە کە زۆرترین بارهەڵگر لە ڕێگای سنوری قەزای کۆیەوە هاتوچۆ دەکەن ".
بەپێی ئەو ئامارانە کە ساڵانە بڵاو دەکرێنەوە ساڵ بەساڵ ڕێژەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیاد دەکەن ، بەشێک لە شارەزایانی هاتووچۆ هۆکارەکانی هاتووچۆ بۆ پابەند نەبوونی شوفێران بەڕێنمایەکانی هاتووچۆ و زیادبوونی ڕێژەی ئۆتۆمبێل و خراپی ڕێگاکان دەگێڕنەوە .
|