زانست
پێویستە چی بکرێت تا ئاستی زانستی خوێندکار بەرزبکرێتەوە ؟
 ئاڕاستە

لەبابەتی پێشوودا باسی هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی زانستی خوێندکارمان کرد کە ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو قۆناغێکی خراپتر هەنگاو دەنێت و نەوەیەکی نەخوێندەوار و کۆیلەی تەکنەلۆجیا بەرهەم دێت ، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارە بەرپرسیارەکان لە حکومەت ، وەزارەتی پەروەردە ، مامۆستایان ، خوێندکاران و کەس و کاری خوێندکاران ئاوڕی جدی بدەنەوە و هەمووان پێکەوە لە سۆنگەی ھەست کردن بە بەرپرسیارێتی و خەمخۆری هەوڵی کرداری بدرێت بۆ چارەسەرکردن کردنی ، چونکە ئەگەر بێتوو پەروەردە و فێرکردن بەم ئاستە خراپەی ئێستا بەردەوامبێت ئەوە داهاتوویەکی ناڕوون و ئایندەیەکی وێرانی لێ چاوەڕوان دەکرێت بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوومان .

ئەرکی ئەم پێنچ چینەی کۆمەڵگایە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندکار بدەن و ببنە هۆکاری بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندکار :

یەکەم / ئەرکی حکومەت و وەزارەتی پەروەردە

١ــ پێویستە حکوومەت بەگرنگیەوە لەپرۆسەی پەروەردە و مامۆستا و خوێندکار بڕوانێت ، چونکە مامۆستا پێگەیەنەری خوێندکارە ، خوێندکاریش هێزی داهاتووی ووڵاتە ، بۆیە ناکرێت وەزارەتی پەروەردە وەک وەزارەتێکی بەکاربەر ئەژمار کرێت چونکە بەرهەم هێنەری کەسانی پسپۆڕە بۆ سەرجەم وەزارەت و کایەکانی حکومەت ، گەر ئەم وەزارەتە شکست لەپەروەردە و فێرکردن بێنێت ئەوە سەرجەم کایەکانی تری حکومەت شکست دەھێنێت .
٢ ــ پێدانی مافەکانی مامۆستا و باشکردنی ژیانی لە رێگەی پێدانی موچەیەکی باش و شایستە کە بە شێوەیەک بێت مامۆستا پێویستی بە کاری دووەم نەبێت و ناچار نەبێت کاری تر ئەنجام بدات ، ھەروەھا دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو مامۆستایانەی کرێچین ئەرکێکی تری حکومەت و وەزارەتە .

٣ ــ لە دوای جێبەجێ کردنی خاڵی دووەەم و پێدانی مافی مامۆستا ، قەدەغەکردنی کاری دووەم لە مامۆستا جگە لەپیشەی مامۆستایی دەبێتە ئەرکی حکومەت .

٤ ــ گۆڕینی بەشێکی زۆری پرۆگرامی خوێندن و بەستنەوەیان بە سیستەمی پێشکەوتووی ئێستا.
٥ ــ دابین کردنی سەرجەم کەرەستە تاقیگەییەکان بۆ  قوتابخانە و خوێندنگاکان، ھەروەھا گرنگیدان بە خوێندنی وانەکان بە پراکتیکی کە توانای تێگەشتن و فێربوون لای خوێندکار خێراتر و باشتر دەکات.
٦ ــ حکومەت بەگرنگەوە لە قوتابخانە و خوێندنگا حکومیەکان بڕوانێت و گرنگی تەواویان پێ بدات  و هەوڵی کەمکردنەو و بچوکردنەوەی خوێندنگا و زانکۆ ئەهلیەکان بدات ، ھەروەھا لەکاتی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و کۆلێژەکان ڕەچاوی ئاست و توانستی خوێندکاران بکرێت نەک لایەنی ماددی چونکە نا یەکسانی بەرھەم دەھێنێت و  ناکرێت خوێندکارێک بە زەحمەتیەکی زۆر و شەونخونییەوە نمرەیەکی بەرز بەدەست بھێنێت بەڵام خوێندکارێکی تر بە ھەوڵدانی کەمتر و نمرەی کەمترەوە بە شێوەی پارالیل و بە پارە برواتە هەمان بەش و کۆلێژ.
٧ ــ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە ژمارەیەکی زۆری خوێندکار ساڵانە دوای بەدەستهێنانی بروانامە لەمالەوە بێ کار دادەنیشن ، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی خوێندکاران هەیە لەقۆناغی ئامادەیی و تووشی بێ ھیواییان دەکات.
٨ ــ کردنەوەی زانکۆ و بەشی تازە لە زانکۆکان بۆ ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی زیاتری خوێندکاری پۆلی ١٢ وەربگیرێت و هەوڵبدرێت بەشە تازەکان بە پێی خواستی بازار بێت بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنیان ھەلی کاریان دەست بکەوێت. 
٩ ــ ڕێگری کردن لە بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتن کرد بە مەلزەمە ، کە هۆکاری سەرەکین بۆ تەمەڵکردنی خوێندکار  ، چونکە دوریان دەخاتەوە لەوەی بەهەوڵی خۆیان و نوسینی تێبینی خۆیان لە دوای وەڵام بگەڕێن.
١٠ ــ هەر خوێندکارێک بیرۆکە یان پڕۆژەیەکی داهێنانی زانستی یان میکانیکی هەبێت ئەوا پێویستە لەلایەن حکومەتەوە پشتگیر و هاوکاری کرێت .
١١ ــ وەزارەتی پەروەردە لەڕێگەی پەروەردە گشتی و قەزایی و سەرپەرشتیارە پسپۆر و کارگێریەکانەوە ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستا و قوتابخانە و  خوێندنگاکان بکەن و گرنگی بە ڕیزبەندی قوتابخانە و خوێندنگاکان بدرێت ، ساڵانە هەر مامۆستایەک ئاستی هەڵسەنگاندنەکەی باشبوو پاداشت کرێت گەر پاداشتەکە پێزانینێکی رەمزیش بێت ، وە گەر مامۆستایەک ئاستەکەی خراپ بوو لەپشووی هاویندا خولی شیاندنی بۆ بکرێتەوە ، وە گەر هەر قوتابخانە و خوێندنگایەک بۆ ماوەی ٣ ساڵ لەسەر یەک ئاستی زانستی و ڕێژەی دەرچوونی خوێندکارانیان بەگشتی خراپ بوو لایەنی بەرپرس سزا بدرێت لە بەرێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان .
١٢ ــ لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنەی خاڵی پێشوو ساڵانە گرنگی بدرێت بەڕیزبەندی قوتابخانە و خوێندنگاکانی سنوری پەروەردە گشتیەکان بۆ  دیاری کردنی ڕیزبەندی باشترین قوتابخانە و خوێندنگا ، ئەمەش پاڵنەرێکی باش دەبێت لای مامۆستا و خوێندکار و دەستەی کارگێری بۆ دروستکردنی کێبرکێ و هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندکار

دووەم / ئەرکی مامۆســتا

١ــ پێویستە مامۆستا بەگرنگیەوە لە پیشەی مامۆستایی بڕوانێت و خوێندکار و ئایندەی خوێندکارەکانی لا گرنگ بێت. 
٢ ــ پێویستە مامۆستا گرنگی بە ئاستی زانستی خۆی بدات و بەردەوام لە هەوڵدا بێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و شێوازی نوێ لەسەر بابەتەکەی.
٣ ــ پێویستە مامۆستا گرنگی بەشێوازی نوێ بدات بۆ راکێشانی سەرنجی خوێندکار بۆ وانەکەی لەرێگەی گفتوگۆ و لێکتیگەیشتن ، وازهێنان لەو ڕێگا تەقلیدیانە پێشتر بەکار هاتوون.
٤ ــ پێویستە مامۆستا هەوڵدات بەو شێوەیە وانەکە باسکات کە زۆرترین خوێندکار لێی سودمەندبیت ، نەک بەو شێوەی خۆی بیەوێت.
٥ ــ پێویستە مامۆستا بەردەوام هانی خوێندکارانی بدات  و تێیان بگەیەنێ لە گرنگی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیان.
٦ ــ پێویستە مامۆستا مانگانە بری ٥ % تا ١٠% موچەکەی دانێت بۆ کڕینی ئامراز و هۆیەکانی فێرکردن و دیاری بۆ ئەو خوێندکارانەی ئاستیان بەرزە لەوانەکەی.
٧ ــ  پێویستە مامۆستا رۆژانە گرنگی بدات بە کتێب  و پرۆگرامی خوێندن و نوسینەوەی ناو دەفتەر و واز لە پێدانی مەلزەمە و شیکار کردنی ڕاهێنانەکان بۆ ئەرکی مالەوە بەسەر خوێندکار بێنێت.
٨ ـ  هەر خوێندکارێک ئاستی زانستی خراپ بوو پێویستە مامۆستا لەڕێگەی کارگێری خوێندنگا و توێژەری کۆمەلایەتی و کەس و کاری خوێندکارەکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی درێت.
٩ ــ کەسایەتی مامۆستا و پاراستی شکۆی مامۆستا لە لایەن خودی مامۆستا خۆیەوە گرنگە پێویستە مامۆستا پەیوەندیەکانی لەگەڵ خوێندکار لەناو پۆل و دەرەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشدا بەجۆرێکی تەندروست بێت و سنور بەزاندنی تیاد نەبێت .
١٠ ــ پێویستە ساڵانە مامۆستایان بەهەماهەنگی کارگێری خوێندنگا و پەروەرەردەی قەزا گەشتی زانستی بۆ خوێندکاران ئەنجام بدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیان و گێرانەوەی حەزیان بۆ خوێندن و فێربوون لەدەرەوەی چوار چێوەی پۆڵێکدا .
١١ ــ پێویستە پەروەردەکان و دەستەی کارگیری خویندنگاکان گرنگی بدەن بە سیمیناری وشیار کردنەوەی خوێندکاران سەبارەت بە گرنگی پرۆسەی خوێندن.

سێەم / ئەرکی خوێـندکار

١ ــ پێویستە خۆێندکار لەپشووی هاویندا هەوڵی فراوانکردنی ئاستی تێگەیشتن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خۆی بدات بە نزیکبوونەوەی لە کتێب خوێندنەوە و دورکەوتنەوەی لە تۆرە کومەلایەتی و کافتریاکان کە دەبنە هۆی تەمبەڵی و دورکەوتنەوەی لەخوێندن و بەفیڕۆدانی کاتێکی زۆر.
٢ــ پێویستە خوێندکار پلان و خشتەی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ دابەشکردنی کاتەکانی رۆژانە بەشێوەیەک کاتی خوێندن و پشوو و یاریکردن و دەرچوونی تێدابێت و ڕۆژانە بە گرنگیەوە خشتەکە جێبەجی بکات و لێی دانەبرێت . 
٣ ــ پێویستە خوێندکار خۆشەویستی بۆ مامۆستا و خوێندنگاکەی هەبێت بۆ ئەوەی لەکاتی وانەکاندا هەست بەئارامی بکات و توانای تێگەیشتنی فراوان بێت ، گەر هاتوو هەرشتێک لەدڵیدا مایەوە ڕاشکاوانە لەگەڵ مامۆستاکەیدا بدوێت و چارەسەری بکات نەک لە دڵی خۆیدا بیهێڵێتەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی ڕق بەرامبەر قوتابخانە و مامۆستا و وانەکەی.
٤ ـ وازهێنان لەو بیرکردنەوە نەرێیانەی کە بوونەتە هۆی دابەزینی ئاستی زانستی لەوانەش :
( من خوێندکارێکی تەمەڵم ، توانای لەبەرکردنم نیە ، ئاستی تێگەیشتنم خراپە ... هتد)

چــوارەم / ئەرکی کەس و کــاری خوێندکار 

١ ــ سەرەرای ئەوەی بەشێکی زۆری خێزانەکان بە گرنگیەوە لە ئاستی زانستی و ئایندەی خوێندکارەکانیان دەڕوانن و چاودێری بەردەوامیان هەیە ، بەڵام بەداخەوە خێزانی واش هەیە کە رەنگە بەهۆی بارگرانی ژیان و کارکردنەوە نەیانپەرژیتە سەر چاودێری کردن و سەردانیکردنی خوێندنگای خوێندکارەکانیان بەڵام پێویستە خێزان هیچ کار و هوکارێک بەگرنگتر نەزانێت لە ئایندەی منداڵەکانیان ، گرنگی بدەن بە چاودێری کردن و لێپرسینەوەی هاوڕێیانە و زانینی کاتی خوێندن و تاقیکردنەوەکانیان ، چونکە ئەوکات هەست بەگرنگی خۆی دەکات و هەستیش دەکات چاودیری دەکرێت گرنگی بەخوێندنەکانی دەدات.
٢ ــ پێویستە خێزان ساڵانە لە کاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامی ساڵانەی خوێندکارەکانیاندا گەر دەرچوو لە دەرچوونەکەیدا خۆشحالی دەربرن و پاداشتی سەرکەوتنەکەی بکرێت ، وە لەکاتی دەرنەچوونیشدا لەبری شکاندنەوە و قسە پێ ووتن هەوڵدرێت دڵی بدرێتەوە و ئامۆژگاری بکرێت و هۆکاری دەرنەچونەکەی بزانرێت بۆ ئەوەی ساڵی داهاتووی سەرکەوتووبێت.

پێنجەم / ئــەرکی ڕاگەیـانـدنــەکـان

١ پێویستە لەسەر سەرجەم راگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران گرنگی بەکەرتی پەروەردە بدەن و بەگرنگیەوە لە پەروەردە و فێرکردن بڕوانن ، هەمیشە بەرنامە و ڕاپۆرتەکانیان بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە بێت نەک زەقکردنەوەی شکست.
٢ ــ پێویستە ڕاگەیاندنەکان بەرنامەی تایبەت بە پەروەردە و فێرکردنیان هەبێت و هەوڵ بدەن ڕۆڵ بگێڕن لە وشیارکردنەوەی خوێندکار و کۆمەڵگادا.
٣ــ راگەیاندنەکان لای خێزان گرنگیەکی تایبەتی هەیە بەتایبەت کەناڵە تەلەفیزۆنیەکان ڕۆژانە چەندن کاتژمێر بەسەیرکردنی پرۆگرامەکان دەبنە سەر ، بۆیە ڕاگەیاندنەکان بەتایبەت کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکان دەتوانن  رۆڵی باش بگێڕن لە هاندانی کەس و کاری خوێندکاران بۆ ئەوەی بەگرنگیەوە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی نەوەکانیان بڕوانن .
٤ ــ پێویستە هەوڵی ووشیار کردنەوەی کۆمەلگا بەگشتی بدەن بۆ وازهێنان لە هاوسەرگیری کچ و کوڕ لەتەمەنی هەرزەکاری و منداڵیدا بەتایبەت لە کاتێکدا کە خوێندکارن لەقۆناغی بنەرەتی و ئامادەیی .
٥ ــ هەوڵدرێت گرنگی بە درامای پەروەردەی و زانستی بدرێت ، نەک ئەو هەموو دراما بێ سەروو بەرانەی کە پەخش دەکرێن زۆرێکیان بوونەتە هۆی دروستکردنی گرفتی دەروونی و سۆزداری لای گەنجی خوێندکار .

نوسین / م . ئەیاد محمد سالح

بەڕێوەبەری ئامادەیی زرنگ لەگەرمیان
649 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/2/2018 4:35:29 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ