دۆسیە
ژنى كورد دژى هه‌موو توند و تیژیه‌كن
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
ژنانى یه‌كێتى جیاواز له‌ هه‌وڵه‌كانى ساڵانى ڕابردوو ده‌ڵێن"ئێمه‌ نه‌ك ته‌نها دژى توند و تیژى ژنانین به‌ڵكو دژى هه‌موو توند و تیژیه‌كین هاوكات جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌وڵدان و واز ناهێنین  ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایدا خانمانى كورد به‌شێوه‌یه‌كى باش هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش هه‌وڵ و تێكۆشانى ئه‌م جۆره‌ خانمانه‌یه‌.

ئاڕاسته‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌فته‌ى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توند و تیژى دژى ژنان له‌ نزیكه‌وه‌  چاوپێكه‌وتنى كرد له‌گه‌ڵ خانمانى یه‌كێتى به‌مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌م پرسه‌ خانمانى یه‌كێتیش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى ئاڕاسته‌یان دایه‌وه‌.

دڵسۆز: نه‌ك دژى توند و تیژى دژ به‌ ژنانم به‌ڵكو دژى هه‌موو توند و تیژیه‌كم 

ئاڕاسته‌:له‌ڕۆژى جیهانى توند و تیژى دژى ژنان له‌ كوردستاندا چى ده‌ڵێیت وه‌ك ژنێك ؟

له‌میعه‌ كاكه‌ حه‌مه‌ جێگرمه‌ڵبه‌ندى ١ ى ڕێكخستنى سلێمانى له‌ وه‌ڵامدا ووتى :وه‌ك ژنێك له‌م ڕۆژه‌دا كه‌ ڕۆژێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توند و تیژى دژى ژنانه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستاندا ژنان له‌سه‌رپێ ى خۆیان وه‌ستاون ، به‌رگرى له‌ هه‌ر زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ بێ مافیه‌كى ژنان ده‌كه‌ن ئه‌م جوڵه‌یه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ گرنگه‌ ، گرنگى پێ بده‌ین خۆمان وه‌ك ژنان زیاتر ڕێك بخه‌ین ، وه‌ زیاتر ئاستى هوشیارى كۆمه‌ڵایه‌تى یاسایى – سیاسى- خۆمان به‌ره‌و پێش به‌رین ، ئێمه‌ ده‌بێت به‌ به‌هێزى خۆمان ڕێگرى له‌هه‌موو توند و تیژییه‌ك بگرین كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر ژنان وه‌ك كوشتن ، هه‌ڕه‌شه‌ كردن ، لێدان ... ئه‌مه‌ش به‌ خه‌بات ده‌بێت كه‌ هه‌موو هه‌وڵ بده‌ین بیركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ بگۆڕین ، به‌جۆرێك هه‌ر كه‌سه‌له‌ شوێنى خۆیه‌وه‌ دژى ئه‌و جۆره‌ عه‌قلیه‌ته‌بێت كه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى توندو تیژى دژى ژنان .

هاوكات نه‌سرین كورده‌ش كارگێڕى مه‌ڵبه‌ندى ١ ى ڕێكخستنى سلێمانى  له‌ ئه‌م باره‌یه‌وه‌ ووتى :نایه‌كسانى و ململانێ و نه‌گونجان هۆكارى سه‌ره‌كى توندوتیژین له‌ كۆمه‌ڵگا،  كه‌ ژنان و كچان ڕووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن كه‌س وكار جا هاوسه‌ر بێت یان برا یان باوك ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خێزاندا بمانه‌وێت باس بكه‌ین ، توندو تیژیمان هه‌یه‌ له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان یان له‌ دامه‌زراوه‌ حكومى و نا حكومیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ژنان و كچان ده‌كرێت ، توندو تیژى جۆرى زۆره‌ جا هه‌ر جۆرێكیان بێت له‌ خۆیدا ئازاردانه‌ یان كوشتن بێت ، ئه‌مه‌ بێویژدانیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژن یان كچ ، خۆى له‌ خۆیدا نه‌خوازراوه‌ ده‌بێت هه‌موان ڕووبه‌ڕووى بینه‌وه‌ به‌ هه‌موو چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان.

جێگه‌ى ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ دڵسۆزمحمد كارگێڕى مه‌ڵبه‌ندى ١ى ڕێكخستنى سلێمانى  سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ باسى له‌وه‌كرد:ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ خه‌باتى ژیاندا ڕۆژێكى گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ى ژنان ئه‌م ڕۆژه‌ به‌رهه‌مى خه‌باتى بزوتنه‌وه‌ى ژنانى كوردستانه‌ ، بۆیه‌ من له‌ ئه‌م ڕۆژه‌دا نه‌ك  دژى توند و تیژى ژنان به‌ڵكو دژى هه‌موو توند و تیژیه‌كم كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تى بكرێت بۆیه‌ له‌ ئه‌م ڕۆژه‌دا سه‌رى ڕێز و نه‌وازش دائه‌نه‌وێنم بۆ ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ بونه‌ته‌ قوربانى ئه‌قڵیه‌تى دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵگا.

له‌میعه‌ كاكه‌ حه‌مه‌"ژنانى یه‌كێتى كارده‌كه‌ن بۆ یه‌كسانى ژن و پیاو"

ئاڕاسته‌:ئایا تۆ وه‌ك كادرێكى سیاسى ژن له‌ڕێگه‌ى حیزبه‌كه‌ته‌وه‌ چیتان كردووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى توند و تیژى ژنان له‌ كوردستان؟

شایه‌نى باسه‌ له‌میعه‌ كاكه‌ حه‌مه‌ له‌ وه‌ڵامدا ووتى :دیاره‌ ئێمه‌ وه‌ك ژنانى (ى.ن.ك) كه‌كار ده‌كه‌ین له‌م حیزبه‌دا له‌ به‌رنامه‌ى ئێمه‌دا ژن وه‌ك مرۆڤ سه‌یر ده‌كرێت له‌هه‌مان كاتدا ئێمه‌ خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ ئازادى ژنان له‌هه‌موو كاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا ، چونكه‌ ئێمه‌ دووجار خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ یه‌كسانى ژن و پیاو له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ یه‌كێتى له‌م بواره‌دا خاوه‌نى سه‌روه‌رى گه‌وره‌یه‌ به‌تایبه‌تى ڕێبه‌رى گه‌وره‌مان جه‌نابى "مام جلال" وه‌ مه‌سه‌له‌ى ژنان مه‌سه‌له‌یه‌كى گرنگ و هه‌ستیار بووه‌ له‌لاى ، له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ پشتیوانى چه‌ندین یاساى گرنگى بۆ ژنان كردووه‌ ، ئه‌و گۆرانكارى و ئازادیانه‌ى ژنانى كوردستان به‌ده‌ستیان هێناوه‌ به‌رهه‌مى عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌و خه‌باتى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستانه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌سرین كورده‌ ووتى:كارو هه‌وڵى ئێمه‌ى ژنان له‌لایه‌ك هاوكات كاركردن بۆ سه‌رخستنى به‌رنامه‌و ڕێكخستنى كارى حیزبى له‌لایه‌كى تر هاوكات هه‌وڵمانداوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و دیاردانه‌ى ڕۆژانه‌ ژنان و كچانى ئیِمه‌ پێوه‌ى ده‌ناڵێنن.

دڵسۆز محمدیش ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد:ئێمه‌ وه‌ك ژنانى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌ڕێگه‌ى حیزبه‌كه‌مانه‌وه‌ به‌رده‌وام خه‌باتمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى توند و تیژى له‌سه‌ر ژنان له‌ كوردستاندا كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ ، یه‌كێتى وه‌ك حیزبێكى سۆشیاڵ دیموكرات بڕواى به‌وه‌هه‌یه‌  ژنان ده‌بێت یه‌كسان و ئازادبن له‌ناوكایه‌كانى ژنان هاوكات هه‌وڵى داوه‌ جێگه‌ى ژن له‌ناو په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دام و ده‌زگاكاندا بكاته‌وه‌ وه‌ ڕێزى بۆ دابنێت بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى ژن به‌هێز بكات و یه‌كێتى له‌سه‌رده‌مى شاخه‌وه‌ بڕواى به‌ به‌شدارى ژن هه‌بووه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشان هه‌روه‌ها بڕواى به‌وه‌هه‌یه‌ كه‌ ژن نیوه‌ى كۆمه‌ڵگایه‌ و ئه‌و نیوه‌ش له‌هه‌موو كاتێكدا ده‌ورى كاریگه‌رى خۆى ده‌بێت.

ئاڕاسته‌:ئه‌قڵیه‌تى توند و تیژى دژى ژنان له‌ كوردستاندا بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ واته‌ هۆكارى چیه‌؟

سه‌باره‌ت به‌وه‌ نه‌سرین كورده‌ ده‌ڵێت :تا ڕاده‌یه‌ك توندوتیژى په‌یوه‌ندى به‌ نا هۆشیارى كۆمه‌ڵایه‌تى و نا ڕۆشنبیریه‌وه‌ هه‌یه‌ ، چونكه‌ ئه‌نجامدانى توندوتیژى ته‌نها له‌ ئاستێكى كۆمه‌ڵایه‌تیدا نیه‌ بڵێین ئه‌م چینه‌ى گرتۆته‌وه‌ ، به‌ڵكو له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كى ترو له‌ شارێكه‌وه‌ بۆشارێكى ترو ته‌نانه‌ت له‌ گونده‌كانیشدا ڕێژه‌ى توندو تیژى له‌ سنورێكدایه‌ ، له‌ كوردستاندا نایه‌كسانى و ململانێ و نه‌ گونجان هۆكارى سه‌ره‌كین دۆخى ئابورى ،كۆمه‌ڵایه‌تى دیوێكى ترن بۆ ئه‌نجامدانى توندوتیژى.

دڵسۆز محمدیش ده‌ڵێت:دیاره‌ ئێمه‌ خۆمان ده‌زانین ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ى ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ ، وه‌له‌ژێر كۆمه‌ڵێك كاریگه‌رى مێژوودا ، كه‌ڕه‌نگه‌ تێڕوانین بۆ ژن جیاوازه‌له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ئه‌وروپیدا ، وه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ ئاستى هۆشیارى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ ئاستێكدایه‌ بۆ ژن كه‌ به‌رێگاى مافه‌كانى مرۆڤ تێروانینێكى زۆر دواكه‌وتووه‌ ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ دواكه‌وتوانه‌ش بونه‌ته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ دروست بكات كه‌ ده‌بێته‌  هۆكارى توندو تیژى  دژ به‌ ژنان یان هه‌ر كه‌سێكى تر له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌روه‌ها دیاره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى پیاو سالاریدا ژن و ژینگه‌ى به‌هێز نیه‌ ، به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م پیاودا به‌ جیاوازییه‌كى گه‌وره‌ ده‌رده‌كه‌وێت ، وه‌ ژن ده‌بێت له‌ خزمه‌ت ئاره‌زووى پیاودا بێت وه‌ ژن شه‌ره‌فى  بپارێزێت ، بۆیه‌ به‌ بڕواى من ئه‌م هۆكارانه‌ و زۆر هۆكارى تر سه‌رچاوه‌ى لێكه‌وتنه‌وه‌ى توند و تیژى یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیدا .


ئاڕاسته‌:ئایه‌ له‌ كوردستاندا بۆچى یاساكان ڕێگرنین له‌ پڕۆسه‌ى توند و تیژى ؟ئایا هۆكاره‌كه‌ جۆرى یاساكانه‌ یان له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ جێ به‌جێ نه‌كراوه‌؟

له‌میعه‌ كاكه‌ حه‌مه‌ جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌ : له‌كوردستاندا كۆمه‌ڵێك یاسا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ژنان ده‌رچووه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌و یاسایانه‌ له‌ئاستى پێویستدا نین یان باشتر بڵێین ئاستى ئه‌و یاسایانه‌ له‌ئاستى پرۆسه‌ى توند و تیژى دا نیه‌ له‌ كوردستاندا به‌رامبه‌ر به‌ ژنان ده‌كرێت ، ئه‌مه‌ لایه‌كى بابه‌ته‌كه‌یه‌ به‌ڵام لایه‌كى ترى په‌یوه‌ندى به‌ حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست یاساكان جێ به‌جێ بكرێن به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ توند و تیژى دژى ژنان بۆیه‌ له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا له‌ كوردستان پێویستى به‌وه‌یه‌ كه‌ زیاتر كارى جدى بۆ بكرێت.

هه‌روه‌ها نه‌سرین كورده‌ش ده‌ڵێت:كوردستان ووڵاتێكى فره‌ حیزبه‌ ئه‌وه‌نده‌ى كار بۆ سه‌ركه‌وتنى هێزو ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵ نادرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى توندوتیژى ، هه‌روه‌ها كه‌مى ڕێژه‌ى ژنان له‌ ناوه‌ندى بڕیارو ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌كانى حكومیدا هێنده‌ى تر یاساكانى په‌راوێز خستووه‌ ، نه‌توانراوه‌ یاساكان جێ به‌جێ بكرێت .

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ دڵسۆز محمد ووتى:به‌بڕواى من یاسا هه‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ده‌بێت یاساكان جێ به‌جێ بكرێت وه‌ له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌م یاسایانه‌ ببێته‌ ڕێگر و كه‌م كردنه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌ توندو تیژى  بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ بڕوایان به‌سه‌روه‌رى یاسا هه‌بێت ، یاسا ده‌بێت چاوى هۆشمه‌ندى بێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگر بێت له‌هه‌رلا په‌رچه‌ كردارێك وه‌ ده‌بێت یاسا تێڕوانینمان بۆ ژن بگۆڕێت ئه‌گه‌ر یاساكان سه‌رچاوه‌ى هۆشیارى پابه‌ندبوونمان بۆ دروست نه‌كات ، ئه‌وا یاساكانته‌نها له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كییان نابێت .

نه‌سرین كورده‌:ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ڕێكخراوى داعش بێت من به‌ ئیسلامیان نازانم به‌ڵكو ئیسلامیان به‌كارهێناوه‌ بۆ گه‌یاندنى په‌یامه‌كه‌یان

ئایا هۆشیارى كۆمه‌ڵگا هۆكاره‌ بۆ توند و تیژى یان كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كان هۆكارن بۆ توند و تیژى؟

نه‌سرین كورده‌ ووتى:من نازانم مه‌به‌ست له‌ كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كان چیه‌...؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ ڕێكخراوى داعش بێت ، ئه‌وا به‌راستى ئێمه‌ ته‌نها له‌ سه‌رچاوه‌ میدییاییه‌كانه‌وه‌ هه‌واڵه‌كان ده‌بیستین و له‌گه‌ڵیاندا نین تا بڕیارى ئه‌وه‌ بده‌ین، به‌ڵام خۆى له‌ خۆیدا ڕێكخراوى داعش به‌ ڕێكخراوێكى نا ئیسلامى ده‌زانم كه‌ ئیسلامى بۆگه‌یاندنى په‌یامه‌كه‌ى به‌كارهێناوه‌.

هاوكات ڕووناك ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندى ١ ى ڕێكخستنى سلێمانیش ووتى:به‌ده‌ره‌جه‌ى یه‌ك ئیسلامه‌كانه‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ى دوو كۆمه‌ڵگایه‌ به‌داخه‌وه‌ .

ئاڕاسته‌:ئایا ئێوه‌ بۆ یه‌كێتى چ به‌رنامه‌یه‌كتان هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى توند و تیژى دژى ژنان یان لایه‌نى كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌ته‌ ؟

نه‌سرین كورده‌ باسى له‌وه‌كرد:به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى كه‌مكردنه‌وه‌ى توندوتیژى و جۆره‌كانیداین به‌ ڕوونى ئه‌وه‌ له‌  به‌رنامه‌و ڕێبازه‌كه‌ى مام دیاره‌، كارى ئێمه‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ى تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ ڕێگه‌ى كۆبوونه‌وه‌و كۆڕ و سمیناره‌كان ، چونكه‌ بۆ ئێمه‌ ئه‌مه‌ گرنگه‌و ده‌بێت بایه‌خى پێبدرێت ، خێزانه‌كان هۆشیار بكرێنه‌وه‌ له‌ مه‌ترسیه‌كانى ته‌ندو تیژى ، چونكه‌ به‌راستى كۆمه‌ڵگاى ته‌ندروست په‌یوه‌ست به‌ تاكى ته‌ندروست و خێزانى ته‌ندروسته‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ڕێى ناوه‌نده‌كانى خوێندن و كه‌سانى ئه‌كادییمیه‌وه‌ ده‌بێت.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وتوند و تیژیانه‌ى باس ده‌كرێن  به‌شێك له‌ خانمان  هه‌ن كه‌ توانیویانه‌ ئازادى بۆخۆیان فه‌راهه‌م بكه‌ن و توانیویانه‌ له‌ نێو بازاڕ و كارى ئازاددا شانبه‌شانى پیاوان كاربكه‌ن و وه‌ هه‌ندێكیشیان له‌ سۆشیاڵ میدیا بونه‌ته‌ مۆدێل هاوكات وه‌ك فۆتۆ مۆدێل ده‌رده‌كه‌ون و له‌به‌رامبه‌ردا پاره‌ قازانج ده‌كه‌ن هاوكات له‌ ساڵى ٢٠١٢ ه‌وه‌ تا ئێستا ٣ شاجوانمان هه‌بووه‌ له‌هه‌مان كاتدا له‌هه‌رخولێكدا به‌ سه‌دان كچى كورد به‌شداریان تێدا كردووه‌  و جیاواز له‌وانه‌ش ئه‌مساڵ یه‌كه‌مین خولى نمایشى جل و به‌رگى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو هه‌ر له‌و نمایه‌شدا به‌هه‌زاران خانمان چ له‌ بوارى دیزاین یاخود نمایشكار جله‌كان به‌شداریان كردبوو ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ چه‌ندان خانمان هه‌یه‌ له‌ میدیاكاندا ده‌رده‌كه‌ون یاخود چه‌نده‌ها كچه‌ هونه‌رمه‌ندمان هه‌یه‌ له‌بوارى شانۆ و  میوزیك و گۆرانى و وێنه‌ كێشان  هه‌ربۆیه‌ ناكرێت بڵێن كه‌ ژنانى حیزب و ڕێكخراوه‌كان هیچ به‌ رهه‌مێكیان نه‌بووه‌ به‌ڵكو ئه‌مانه‌ به‌رهه‌مى ئه‌و هه‌وڵ و تێكۆشانانه‌ن ده‌توانین بڵێین خانمانى كوردستان زۆر باش چونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ به‌به‌راورد به‌ساڵانى ڕابردوو.

212 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/2/2018 12:54:32 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ