ترافیک
ئاگادارى ئه‌م هه‌ڵانه‌ به‌ له‌كاتى شۆفێرى كردندا
 ئاڕاستە:ڤانیا بێستون
به‌پێی ئاماره‌كان شۆفێره‌ گه‌نجه‌كان زۆرترین كه‌سن كه‌ رووبه‌ڕووی رووداوی هاتوچۆ ده‌بن وه‌به‌پێی ئاماری ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رووداوی هاتوچۆ به‌هۆكاری سه‌ره‌كی داده‌نرێت بۆ گیان له‌ده‌ستدانی گه‌نجان كه‌ له‌نێوان ته‌مه‌نه‌كانی (10-24) ساڵن، وه‌ ساڵانه‌ 400.000 گه‌نج له‌خوار ته‌مه‌نی 25 ساڵ به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتوچۆوه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
نه‌قیبى هاتوچۆى سلێمانى : هه‌ڵات سابر سعید باس له‌و "10" هه‌ڵه‌ باوه‌ ده‌كات كه‌ شۆفێرله‌كاتى  شۆفێرى كردنیدا  ئه‌نجامى ده‌ده‌ن و له‌كۆتاییدا دووچارى ڕووداوى هاتوچۆ ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئاگادارى ئه‌م خاڵانه‌ بین:-
یه‌كه‌م: بێ ئاگابوون له‌ شۆفێری كردن
زۆركات شۆفێره‌ گه‌نجه‌كان و هه‌رزه‌كاره‌كان له‌كاتی شۆفیری كردندا سه‌رقاڵ ده‌بن به‌كارێكی تره‌وه‌ وه‌ك قسه‌كردن - ناردنی كورته‌نامه‌ - خه‌ریك بوون به‌ ته‌سجیل و كاسێتی ئوتومبیله‌كه‌وه‌، كه‌ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێته‌ هۆی له‌بیرچوونه‌وه‌ی شۆفێر به‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ شۆفێرییه‌، وه‌ئه‌مه‌ش ده‌بێت هۆی له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵكردنی ئوتومبیله‌كه‌ی.
دووه‌م: سه‌ركێشی
زۆربه‌ی شۆفێره‌ هه‌رزه‌كاره‌كان حه‌زیان له‌سه‌ركێشی و شكاندنی یاساكانی هاتوچۆیه‌ له‌كاتی شۆفێری كردندا، وه‌ مه‌به‌ستیان له‌م كاره‌شی ڕاكێشانی سه‌رنجی ده‌وروبه‌ره‌ بۆخۆیان، بۆ نموونه‌ گوێ نه‌دان به‌ هێماكانی هاتوچۆو پابه‌ند نه‌بوون به‌ هێماكان و ڕێنمایی و ئاماژه‌كانی هاتوچۆ.
سێیه‌م: خێرایی له‌ڕاده‌ به‌ده‌ر
زۆربه‌ی زۆری شۆفێره‌ هه‌رزه‌كار و گه‌نجه‌كان فیلمه‌ ئه‌كشنه‌كان و تونده‌كان كاریان تێده‌كات و ئاره‌زووی لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و فیلمانه‌ ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌شۆفێری كردنه‌وه‌، وه‌ خۆشیان ئاره‌زووی تیژڕه‌وی ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌ن به‌وه‌ی كه‌ ئوتومبیله‌كانی تر بێزار ده‌كه‌ن.
چواره‌م: هه‌ڵگرتنی سه‌رنشینی زیاده‌
كاتێك هه‌رزه‌كار و گه‌نجه‌كان دڵخۆش ده‌بن ده‌یانه‌وێت بارێكی نه‌شازو ژاوه‌ژاو و بێزاركه‌ر دروست بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش زۆركات له‌كاتی لێخوڕینی ئوتومبیله‌كانیاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌رنشینێكی زۆر له‌ناو ئوتومبیلێكدان و گالته‌و گه‌مه‌ و هه‌ندێ كار ده‌كه‌ن كه‌ زۆركات شۆفێریش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت بۆ سه‌رشۆفێر و له‌وانه‌یه‌ كۆنترۆڵی ئوتومبیله‌كه‌ی له‌ده‌ست بدات.
پێنجه‌م: شۆفێری كردن له‌ژێر كاریگه‌ری ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و خواردنه‌ كحولییه‌كاندا
شۆفێری كردن له‌ژێر كاریگه‌ری ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی شۆفێر ناتوانێت بینینێكی باشی هه‌بێت و دوورو نزیكی جۆری شه‌قامه‌كان به‌باشی له‌یه‌كتری جیابكاته‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ رووداوه‌كانی هاتوچۆ.
شه‌شه‌م: ناپاراستنی ماوه‌ی سه‌لامه‌تی
یه‌كێكی تر له‌هه‌ڵه‌ بڵاوه‌كانی شۆفێر نه‌بوونی ماوه‌یه‌كی گونجاوه‌ له‌نێوان خۆی و ئوتومبیلی پیش خۆیدا كه‌ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له‌لای شۆفێری گه‌نج به‌ روونی به‌دی ده‌كرێت وه‌مه‌به‌ست له‌م كاره‌یان خۆ ده‌رخستن و بێزاركردن و ترساندنی شۆفێره‌كانی تره‌.به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌ن به‌وه‌ی كه‌ ئوتومبیله‌كانی تر بێزار ده‌كه‌ن.
حه‌وته‌م: به‌كارنه‌هێنانی پشتێنی دڵنیایی
پشتێنی دڵنیایی هۆكارێك بووه‌ بۆ رزگاربوونی كه‌سانێكی زۆر كه‌له‌سه‌ر لێواری مه‌رگ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ له‌كاتی رووداوی هاتوچۆدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌كارنه‌هێنان و گوێ پێنه‌دانی یه‌كێكی تره‌ له‌ هه‌ڵه‌ كوشنده‌و گه‌وره‌كانی شۆفێر.
هه‌شته‌م: گوێ نه‌دان و فه‌رامۆشكردنی فریاگوزاری سه‌ره‌تایی
زۆرجار له‌بیركردن و گوێ نه‌دان به‌ فریاگوزاری سه‌ره‌تایی بۆته‌ هۆكارێك بۆ خراپتربوونی بارودۆخه‌كان له‌كاتی رووداوی هاتوچۆدا، ئه‌مه‌ش یان به‌هۆی نه‌زانین یان نه‌بوونی كه‌ل و په‌لی فریاگوزاری سه‌ره‌تاییه‌وه‌ بووه‌، وه‌ ئه‌مه‌ش پیویسته‌ له‌ خوێندنگه‌كان و له‌ڕێی كردنه‌وه‌ی خولی تایبه‌ت و هۆكاره‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ بگه‌یه‌نرێت به‌ هاوڵاتیان به‌گشتی شۆفێران به‌تایبه‌تی.
نۆیه‌م: شۆفێری كردن به‌خه‌والویی و بێتاقه‌تی
زۆركات شۆفێر به‌تایبه‌ت گه‌نجه‌كان بێزارن یاخود خه‌واڵوون و شۆفێری ده‌كه‌ن وه‌به‌رده‌وام ده‌بن وه‌ پشوو ناده‌ن به‌خۆیان جاله‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت، كه‌ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵ كردنی ئوتومبیل و مه‌ترسیدارترین هۆكاره‌ بۆ رووداوه‌كانی هاتوچۆ.
ده‌یه‌م: هه‌لبژاردنی ئوتومبیلی نه‌گونجاو و خراپ
زۆربه‌ی شۆفێره‌ گه‌نجه‌كان ته‌نها به‌ رووكه‌ش ئوتومبیل هه‌ڵده‌بژێرن واته‌ گوێ ناده‌ن به‌ كوالێتی و باشی ئوتومبیله‌كانیان كه‌ئه‌وه‌ش كێشه‌ی گه‌وره‌یان بۆ دروست ده‌كات له‌ ڕێگاوبانه‌كاندا، چونكه‌ درك كردن به‌باشی ئه‌و ئوتومبیله‌ی به‌كاری دێنن یه‌كێكی تره‌ له‌بابه‌ته‌ گرنگه‌كان كه‌ده‌بێت شۆفێر گرنگی پێبدات.
وه‌رگیراوه‌  :  له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى هاتوچۆى سلێمانى.
2608 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/15/2018 12:50:40 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ