دۆسیە
حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان چۆن پێك دێت
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

دوای ئەوەی ٣٠ مانگی رابردوو، ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان ئەنجامی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، بڕیار وایە رۆژی ٦ی ئەم مانگە پەرلەمان کۆبوونەوەی دەستپێکی خولی پێنجەم ببەستێت.
هه‌وڵه‌كان بۆڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌ سه‌رپێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ و یه‌كێتی ڤیتۆی لەسەر ھیچ حزبێک نییە کە  خۆی مەبەستی بێت بەشداری لەحکومەت بکات،له‌م ڕاپۆرته‌دا زانیاری زیاتر بخۆێنه‌ره‌وه‌.

ھەندێک حزب و لایەن وەھمێکیان لای خۆیان دروستکردوە

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاندووە: ھەندێک حزب و لایەن وەھمێکیان لای خۆیان دروستکردوەو دەڵێن کە یەکێتی ئامادەنییە ئێمە بچینە حکومەتەوە، بۆیە یەکێتی بۆچوونی وایە، ھەرێمی کوردستان بە ھەردوو بواری حکومەتی زۆرینەو حکومەتی بنکە فراواندا تێپەڕیوە، لایەنەکان کامانیان پێ باشە ئێمە لاریمان لێی نییە.
باسی لەوەشکردووە: یەکێتی بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان ڤیتۆی لەسەر ھیچ حزبێک نییە کە  خۆی مەبەستی بێت بەشداری لەحکومەت بکات و ھەر حزبێک بەپێی ئیستحقاقی خۆی دەتوانێت بەشداری حکومەتی داھاتووی ھەرێم بکات.
سەعدی پیرە ئەوەشی خستۆتەڕوو: ئەگەر حکومەتی بنکە فراوان باشەو دەزانرێت ئەم خولەی حکومەت خزمەتی زیاتری خەڵکی کردوە، با بەردەوام بین، بەڵام ئەگەر باش نییە بۆ بەردەوامبین، چونکە لای یەکێتی خزمەتی خەڵک لەپێشینەی کارەکانمانە.

پارتی ناتوانێت بە تەنھا کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم پێکبھێنێت

ئەبوبەکر ھەڵەدنی ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، پەرلەمانی کوردستان خول لە دوای خول لاواز تر دەبێت، پارتی ٨٠ کورسیشی لە پەرلەماندا ھەبێت ھەر ناتوانێت بە تەنھا کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم پێکبھێنێت.

ئەبوبەکر ھەڵەندی ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی رایگەیاندوە، داخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لایەن پارتییەوە بەو بیانووە بووە کە نابێت پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم لەسەر بنچینەی زۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت بەڵکو دەبێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت، بۆیە ھیوادارین پارتی ئەو بابەتانەی رەھەندی نیشتمانیان ھەیە ھەڵەی وا نەکات کە بە زۆرینە یەکلایی بکاتەوە بەڵکو پێویستە سازان و کۆدەنگی لایەنەکانی لەسەر بێت.


بەوتەی سەرکردەکەی یەکگرتوو، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێکەوە کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنن نەک لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، پارتی ئە‌گە‌ر ٧٠ بۆ ٨٠ کورسیشی ھە‌بێت ناتوانێت بە تە‌نھا حکومە‌ت پێکبھێنێت.


ھەنگاوەکانی دەستپێکردنی پێکھێنانی حکومەت خێراتر بێت

پێدەچێت لەگەڵ یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ھەنگاوەکانی دەستپێکردنی پێکھێنانی حکومەت لە سەرێک و لە سەرێکی تریشەوە کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن لە سەر شێوازی پێکھێنانی کابینەی نوێ خێراتر بێت. 

ئەگەرچی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان کە لە شەوی ٢٠ی مانگی رابردوو ئەنجامی کۆتایی ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان بەرەسمی ئاشکرا کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ زەمینەسازیی و کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا لە نێوان لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن نەکراوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە سەر ھەیکەلی پێکھێنانی حکومەت بکرێت.

حکومەتی داھاتوو چ جۆرە حکومەتێک دەبێت

ئەوەی گرنگە بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان، ھەڵوێستی رەسمی و ناڕەسمی ھەندێک لە لایەنەکانی ھەرێمە بۆ ئەوەی روون بێت کە حکومەتی داھاتوو، چ جۆرە حکومەتێک دەبێت، بەڵام ئەوەی کە ئێستا روونە ئەوەیە، بە ئەگەرێکی زۆر ئەزموونی حکومەتی رابردوو، واتە ئەزموونی حکومەتی کابینەی بنکە فراوان تاقی ناکرێتەوەو گفتوگۆی لە بارەوە ناکرێت.

حکومەتی فرە حزبی یاخود ھاوپەیمانی، بۆ ئەزموونی کابینەی نۆیەم، ئەو خاڵە دەبێت، کە حزبە براوەکان، جگە لەوانەی بژاردەی ئۆپۆزیسیۆنیان ھەڵبژاردوەو بەشدار نابن لە حکومەت، گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن. 

ھەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەو باوەڕەدایە کە حکومەتی داھاتوی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی داھاتوو، حکومەتی فرە حزبی و ھاوپەیمانی دەبێت. بۆ ئەمەش یەکێتی ئەزموون و ھەلومەرجی عێراقی لەبەر چاوە، بەو پێیەی کە تەنھا حزبێک و لایەنێک بە تەنھا ناتوانێت حکومەت پێکبھێنێت، کە بۆ ئەمە ھەلومەرجی کوردستان لە عێراقەوە زۆر نزیکە.


ڕاپۆرت :عـــــه‌بـــــدول نــــه‌جـــــم

847 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/5/2018 11:36:41 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ