تەندروستی
جۆره‌ هه‌نگوینێكى مه‌تریسیدار ده‌كه‌وێته‌ بازار
 ئاڕاسته‌:به‌هار ئه‌حمه‌د
قائیمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ سه‌باره‌ت به‌بڵاوبونه‌وه‌ی‌ جۆره‌ هه‌نگوینێك له‌بازاڕه‌كانی‌ شاره‌كه‌دا هاته‌ده‌نگ و له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ هاوڵاتیان ده‌كات، ئه‌ندامێكی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "نازانرێت ئه‌و هه‌نگوینه‌ له‌چی دروستكراوه‌و زیانیشی‌ بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌و له‌كاتی خواردنیدا پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشك بكرێت بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر".
 
به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ ئاراسته‌ نێردراوه‌ تێیدا ئاگاداری هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كاته‌وه‌ له‌هه‌بونی جۆره‌ هه‌نگوینێكی‌ مه‌ترسیدار، "نازانرێت له‌چی دروستكراوه‌و زیانیشی‌ بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌".

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا ده‌روێش فه‌ره‌ج ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵا له‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاشكرایكردوه‌: "له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كانی ناوبازاڕ جۆره‌ هه‌نگوینێك ده‌فرۆشرێت كه‌ به‌شێوه‌ی قاچاغ هاورده‌كراوه‌و نازانرێت له‌چی دروستكراوه‌".

راشیگه‌یاند‌:"ئه‌و پێكهاته‌ی هه‌نگوینی ساخی لێ دروستبوه‌، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بۆماوه‌یه‌كی زۆر عه‌مبار بكرێت به‌بێئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانكاریه‌كی به‌سه‌ردابێت یان تێكبچێت یان له‌كاتی خواردنیدا مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ دروستبكات".

ده‌شڵێت:"به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌و هه‌نگوینه‌ی كه‌ ساغنه‌بێت و شه‌كرێكی زۆر له‌پێكهاته‌كه‌یدا هه‌بێت‌، توانای تێكچونی كه‌مه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی شه‌كر ماده‌یه‌كی پاراستنه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌:"ئه‌و هه‌نگوینه‌ی له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌و ده‌ستگێره‌كان ده‌یفرۆشن، كه‌ڕو ده‌كات و پاش هه‌فته‌یه‌ك كه‌ڕوه‌كه‌ ده‌بێته‌ كرم و زیانی بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ دروستده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ‌نازانرێت له‌چ جۆره‌ ماده‌یه‌ك دروستكراوه‌و له‌كاتی خواردنیدا پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشك بكرێت بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داوا له‌هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كات له‌كاتی كڕین و بازاڕكردنه‌كانیان دڵنیابنه‌وه‌ له‌سه‌لامه‌تی ئه‌و خۆراكه‌ مادانه‌ی ده‌یكڕن و به‌كاریده‌هێنن.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌كانی‌ قائیمقامیه‌ت داواده‌كات له‌ڕێگه‌ی‌ ژماره‌ مۆبایلی‌ (07708677777) په‌یوه‌ندییان پێوه‌بكه‌ن له‌كاتی‌ بینینی‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌نگوینه‌ی‌ كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ له‌بازاڕه‌كاندا.
838 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/31/2018 11:52:46 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ