دۆسیە
چی ده‌زانیت له‌باره‌ی 31ی ئابه‌وه‌
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

روداوی 31ی ئاب، هەر بڕوو بیانویەک بۆ ئەنجامدانی هەبوو بێت، مێژوو وەك ناپاكییەكی گەورە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تۆماری دەكات.

ئایا 31ی ئاب خیانه‌ت بوو ؟كێ ئه‌و خیانه‌ته‌ی كردوه‌؟ئایا زیانه‌كانی چی بون؟له‌م ڕاپۆرته‌دا نوسه‌ران و ڕۆشنبیران باس له‌ خیانه‌تی 31ی ئاب ده‌كه‌ن..
سه‌ركرده‌ی كۆچكردوو عادل موراد له‌ پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌م جۆره‌ باس له‌ ڕوداوه‌كانی 31ی ئاب ده‌كات: ئەو ڕۆژەی‌ بۆ یەكەمجار لە مێژوودا پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان تانك و زرێپۆش و حەرەس جمهوری‌ سەدام حسێنی‌ پەلكێش كرد بۆ هەولێری‌ پایتەخت و ، پارلەمان و حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ پێ‌ داگیر كردو شەهیدبوون و برینداربوونی‌ سەدان پێشمەرگەو هاوڵاتی و ئەندامی‌ هێزەكانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ عیراقی‌ لێكەوتەوەو ئەو رۆژەش بۆ هەتاهەتایە بوە خاڵێكی‌ رەش بە تەوێڵی‌ ئەنجامدەرانییەوە.

مێژووی یەكەمین داگیركردنی پەرلەمانی كوردستان، لە لایەن هیزێكی بێگانەوە بە خیانەتی ٣١ ی ئاب ناسراوە.

سه‌ركرده‌ی كۆچكردوو عاد موراد ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو،پێشینەو رێگە خۆشكردن بۆ پەلكێشكردنی ئەو هێزەی بەعسی عێراقی و سوپای دڕندەی سەدام حسێن بۆ پایتەختی هەرێمی كوردستان چەند ساڵێك پێش ئەو رۆژو مانگە لە لایەن سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كاری بۆ كرابوو.
رێكەوتنەكانی بە حوكمی زاتی كردنی داوا رەواكانی كورد لە عێراقداو بە عێراقیبونی كێشەكان و تەواوی گەلی كوردستان، شەڕە ناوخۆییەكان و رێگە گرتن لە ئاوەدانی و بوژانەوەی كوردستان، هەتا دەگات بە تەسلیم بون و چەك و چۆڵی سەربازی وەرگرتن و كردنەوەی دەروازەكانی شاری موسڵ بۆ بازرگانی و رێكەوتنی سەربازی، ئەو پێشینە خراپانەیە كە رۆژی‌ 31ی‌ ئاب و كارەساتەكانی‌ تری‌ بەدوای‌ خۆیدا هێنا.

مەسعود بارزانی بە پەیامنێری‌ دیوانەكەی خۆیدا نامەیەك بۆ سەدام حسێن ده‌نێرێت

رۆژی ٢٢ ی مانگی ئاب مەسعود بارزانی بە پەیامنێرەی‌ دیوانەكەی خۆیدا بە نامەیەك بۆ سەدام حسێن لە مەترسی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عێراق ئاگاداردەكاتەوەو بەدەستی بێگانەو پیلانی دوژمنان بۆ سەدام حسێن وەسفیاندەكات، داوا لە جەیشی‌ ئیحتیلالی‌ بەعسی‌ دەكات بەهانای‌ كوردستانەوە بێت و پەرلەمان و حكومەتە ساواكە، ئومێدی‌ خەڵك و دەستكەوتی‌ راپەڕین لەسەر ئەرزی‌ كوردستان بسڕێتەوە. داوای راوێژ و گفتوگۆ لە ٣١ ی ئابی ٩٦ دا نەخشەی ئەو قەتڵ و عام و داگیركارییە بە هێزەكانی جەیش و لیواكانی حەرەس جمهوری و حەرەس خاسی‌ دەسەڵاتدارانی بەعسی عێراقی جێبەجێدەكەن.


بارزانی وتی .سەدام حسێن دوژمنمان نییەو دۆستی گەلی كورد و گەلی عێراقەو بەهانامانەوە هاتوە


سەدان تێكۆشەری‌ حیزبە عێراقییەكانی‌ ئۆپۆزسیۆن، سەدان پێشمەرگە و خەڵكی‌ سڤیل بۆ پارێزگاریكردن لە پایتەختی‌ كوردایەتی‌ و پیرۆزییەكان و دەستكەوتەكانی‌ راپەڕین و خوێنی‌ شەهیدان، بەر لە لەشكری‌ داگیركەر و پاشكۆو پێشكۆكانی‌ دەگرن و دەبنە قوربانیی و شەهید دەبن و برینداردەبن، تەنیا دەنگێكی‌ نەشازی‌ كورد لەو سەروەختەدا پارتی‌ و سەرۆكەكەیان بوو كە بەبەرچاوی‌ هەموو دنیاوە دەیان وت: سەدام حسێن دوژمنمان نییەو دۆستی گەلی كورد و گەلی عێراقەو بەهانامانەوە هاتوە.

دوای مانگێك و كاتێك رقی پیرۆزی خەڵكی كوردستانیشی وەك گەردە لول بۆ تۆڵە سەندنەوە خۆیان ساز و ئامادە كرد گوند بە گوند و شار بە شار وهێزەكانی پارتیان راوەدو ئەنا، هەرزوو جارێكی تر سەدام حوسێن و هێزەكەی كەوتنە هەڕەشە بۆ پاراستنی پارتی و بارزانی و هێڵی دێگەڵەیان بەسوپاو چەك و چۆڵ و رەبیەكانی بەعس بۆ مەحكوم كردن، ئەو هێڵەی كە هەتا ئێستا پارتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی پێدەكات و دەنگە ناڕازییەكانی بادینان و پایتەختی هەرێم ئاودیوی سەیتەرەكان دەكات.


31ی ئاب مێژوو وەك ناپاكییەكی گەورە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تۆماری دەكات



ڕۆژنامه‌نوس سیروان رەشید له‌ هه‌ژماری خۆیدا به‌م جۆره‌ باس له‌ خیانه‌تی 31ی ئاب ده‌كات: روداوی 31ی ئاب، هەر بڕوو بیانویەک بۆ ئەنجامدانی هەبوو بێت، مێژوو وەك ناپاكییەكی گەورە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تۆماری دەكات.روداوەكە بەشێوەیەك بوو كە بڕیار بەدەستانی پارتی داوایان لە سوپای رژێمی بەعسی سەدام كرد، لەشكركێشی بۆسەر شاری هەولێر ئەنجامبدات، بەمەبەستی دەرپەراندنی هێزەكانی یەكێتی و سەرەنجام سوپای رژێمی فاشستی بەعس پەلاماری هەولێریان داو چەندین تاوانیان لە دژی لایەنە سیاسیەكان‌و خەڵكی مەدەنی لە هەولێر ئەنجامدا.

روداوی 31 ئابدا، هەموو سنورو پرەنسیپ و مۆراڵ و بەهانیشتمانی و جیهانیەكانی ئامرازەكانی گەیشتن بە دەسەڵاتی بەزاند. كەتا ئەمڕۆ كاریگەری بەسەر نەخشەی جیۆ سیاسی هەرێمی كوردستانەوە هەیەو، پارتی بەلۆژیكی هێز هەموو دەزگاو پێگە سیاسی‌و ئەمنی‌و سەربازی‌و ئابورییە گرنگەکانی هەرێمی کۆنترۆڵکردووە. پەلكێشكردن و هێنان و هاوکاری هێزی داگیركەر، دژ بە شۆڕش یان لایەنێکی کوردی زیانى بەبەرژەوەدنیەكانی كورد گەیاندووەو، دەچێتە ژێر خانەی ناپاكی نەتەوەییەوە.


31ی ئاب دەبێت ببێت بە پەندو دەرسێكی مێژوووی كە:


*جارێكی تر نابێت هیچ هێزبێك لەكاتی ململانێی سیاسی نێوان خۆی و هێزەكەی بەرامبەریدا، بانگێشتی لەشكری چەكداری بێگانە بكات بۆ حەسمكردن و یەكلاكردنەوەی ئەو ململانێیەو رۆژگارە رەشەكان دوبارەبكاتەوە!
*لە كوردستان نابێت ململانێی سیاسی بەچەك حەل بكرێ‌ و دەبێت بەرێگە شارستانیەكەی كە رێگەی فشاری مەدەنی و سیاسی و پەرلەمانیە یەكلابكرێتەوە.
*روداوی 31ی ئاب، زیانی گەورەی گەیاند بە ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەی كورد لەباشوری كوردستان و بەقازانجی رژێمی بەعسی ئەوكات و دوژمنانی كورد شكایەوە.




دوای تێپەڕینی 22 ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئابدا، هێشتا چارەنووسی زیاتر لە 70 كادیری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نادیارە كە لەو رۆژەدا بێسەروشوێن كران.

جێگای باسه‌،ڕۆژی 31ی ئابی ساڵی 1996، كە بە خیانەتی 31ی  ئاب ناسراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان سوپای  رژێمی بەعسی بۆ داگیركردنی شاری هەولێر پەلكێش كرد و پێش تانكەكانیان كەوت بۆ دەستگرتن بەسەر پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستاندا.
بەپێی ئامارێكی مەڵبەندی هەولێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جگە لە شەهیدبوونی ژمارەیەك فەرماندە و كادیریان، تائێستا چارەنووسی 73 ئەندامی دیكەی یەكێتی نادیارە كە لەو رۆژەدا بێسەروشوێن كران.
هاوكات لەگەڵ بێسەروشوێنكردنی ئەو كادیرانەی یەكێتی، چارەنووسی نزیكەی 50 كادیری بەرەی توركمانیش بەنادیاری ماوەتەوە كە ئەوكات لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركران. بەپێی لێدوانەكانی بەرپرسانی بەرەی توركمان، زۆربەی ئەوانەی بێسەروشوێنكران لە سەركردایەتی حزبەكەیان بوون و هەندێكیشیان دوای لەسێدارەدانیان تەرمەكانیان وەرنەگیراوەتەوە.
1517 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/31/2018 2:16:28 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ