دۆسیە
هەموو حزبەكان ترسیان هەیە له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆته‌ پرسێكی گه‌رمی ڕۆژ و له‌ نێو لایه‌نه‌كان و میدیاكان و له‌شه‌قامدا تاوتوێده‌كرێت و لێدوانه‌كان و بۆچونه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بۆدواخستنی یان ئه‌نجامدانی له‌ 30ی ئه‌یلولدا زۆرن و جیاوازن.
چی ده‌وترێت له‌ سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئایا دواده‌خرێت یان له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان و كۆمسیۆنی بالأی هه‌ڵبژرادنه‌كان بڕیاریانداوه‌وئاماده‌شن بۆئه‌نجامدانی،له‌م ڕاپۆرته‌ی ئاراسته‌دا زیاتر زانیارهه‌یه‌و یەكێتی سازش لەسەر پرسی كەركوك ناكات و ئامادەشە بۆ هەڵبژاردن.


به‌فه‌رمی زۆربه‌ی حیزبه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت

فەرید ئەسەسەدر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكیدا سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر پرسی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان رایگەیاند :به‌فه‌رمی زۆربه‌ی حیزبه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت، به‌ڵام به‌نافه‌رمی ده‌نگێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی نین ده‌ڵێن له‌كاتێكدا ئێمه‌ سه‌رقاڵی خۆ ئاماده‌كردن و بانگه‌ش بین بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕه‌نگه‌ پڕۆسه‌ی ده‌سپێكردنی وتووێژی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌ست پێبكات ئه‌وه‌ش زۆر قورسه‌ كه‌ له‌هه‌مانكاتدا شاند بنێرن بۆ به‌غداد و وه‌ خۆشیان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بكه‌ن.
 ئەسەسەرد وتیشی: له‌هه‌مان كاتدا لایه‌نێكی سایكۆلۆژی له‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو حیزبه‌كان ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ له‌شه‌قامدا هه‌ڵه‌ وه‌ربگیرێت كاتێك حیزبێك ده‌ڵێت با هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت ڕه‌نگه‌ وا شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكرێت له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بترسن له‌به‌ر ئه‌وه‌ دوو دڵن له‌باسكردنی هه‌ردوو بۆچونه‌كه‌یان.

پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خواستێكی نێودەوڵەتی و ئەمریكایە

چەند رۆژێكە پارتی دیموكراتی كوردستان بەدوو ئاڕاستە كار لەسەر پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول بەڕێوەبچێت، تائێستا پارتی بە فەرمی وا پیشان دەدات كە دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و بەرپرسیارێتی دواخستنیشی بخاتە ئەستۆی لایەنەكانی دیكە.
رۆژی 4ی ئەم مانگە كەناڵی كوردستان 24ی كە سەر بە مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتییە، لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خواستێكی نێودەوڵەتی و ئەمریكایە.


یه‌كێتی و گۆڕان په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌و ئاسته‌دا نیه تا به‌رنامه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بێت بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان


سه‌باره‌ت به‌وه‌ی یەكێتی و گۆڕان پرۆژەی هاوبەشیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەیە ئەسەسەرد ئەو دەنگۆیه‌ی رەتكردەوە كە میدیای پارتی بڵاویاندەكاتەوە وتی :زۆرم پێ ناخۆشه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌م ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گۆڕان باش نیه‌ له‌و ئاسته‌دا نیه‌ كه‌ ئێمه‌ بتوانین پێكه‌وه‌ دابنیشین و به‌رنامه‌ی گونجاومان هه‌بێت له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردووه‌وه‌ تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر خراپه‌ ئێمه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان چاك بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وانیش هه‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چاك بكه‌ن له‌م قۆناغه‌دا ناتوانین كۆببینه‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش چونكه‌ بۆچونی ته‌واو جیاوازمان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان ئاسایی نیه‌ ئێمه‌ كار بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ ده‌كه‌ین وه‌ گۆڕانیش هه‌مان هه‌وڵ ده‌دات بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاست نیه‌ چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌و ئاسته‌دا نیه، تا به‌رنامه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

 
ئه‌گه‌ر داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن كرا یه‌كێتی دژی ناوه‌ستنیه‌وه


سه‌باره‌ت به‌بۆچونی زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كتی له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد رایگەیاند "ئێمه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی باسی ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ باسی ئه‌وه‌مان كردووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا ئێمه‌ ده‌بێت كۆنگره‌ دوابخه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت ئێمه‌ ده‌رفه‌تی به‌ستنی كۆنگره‌مان ده‌بێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ وتم ئه‌گه‌ر داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن كرا ئێمه‌ دژی ناوه‌ستنیه‌وه‌ به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك باس له‌وه‌نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن كرا یا نه‌كرا هه‌ڵوێستمان چی بێت؟ ئه‌مه‌ نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌ هێشتا."
 
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌ندێك پێیان وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان هه‌مان دۆخی دوای ڕیفراندۆمی توش نه‌بێت پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی" له‌شه‌قامدا ده‌ڵێن ئێمه‌ جارێك ده‌ستمان سوتا كه‌به‌قسه‌ی ده‌وڵه‌تانی ترمان نه‌كرد له‌بابه‌تی ڕیفراندۆم دواماننه‌خست، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ڕاست بێت كه‌ ئێران و ئه‌مریكا و وڵاتانی تر له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانن ئه‌وا ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن دوابخرێت،به‌ڵام ئه‌گه‌ر درۆ بێت و ئه‌وان داوایان نه‌كردبێت ئه‌وا پێویست ناكات ئێمه‌ ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بێت به‌ده‌ردی ڕیفراندۆم ده‌چینه‌وه‌.


هەوڵێکی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت ئەمەریکا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

كوردستان 24لە راپۆرتێكدا بەناونیشانی " کوردستان 24 هەوڵە شاراوەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئاشکرا ده‌كات"، رایگەیاند كە "هەوڵێکی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت ئەمەریکا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئاشكراكردنی ئەم زانیارییە دوای كۆبوونەوەكەی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژی داعش هات كە رۆژی1ی ئەم مانگە  بەڕێوەچوو.


مەكگۆرك لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسێكی هەرێمدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی كردووە


هه‌روه‌ها مەڕوان گەڵاڵی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش ئاشكرایكرد كە مەكگۆرك لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسێكی هەرێمدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی كردووە، بێ ئەوەی ناوی مەسعود بارزانی بهێنێت.ئاشكرابوونی ئەم زانیارییانە لە میدیای پارتییەوە بەرپرسانی باڵای حزبەكەی ناچار كرد كە بێنە سەر شاشەكانی تەلەفزیۆن و ئەو زانیارییە رەتبكەنەوە.
 

یەكێتی سازش لەسەر پرسی كەركوك ناكات و ئامادەشە بۆ هەڵبژاردن

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نێچیرڤان بارزانی جێگریی، لەدوو كاتی جیاوازدا رەتیانكردەوە كە ئەمریكا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی كردبێت، ئامانجی ئەم لێدوانەش ئەوەیە پارتی دەیەوێت لەرێی بەكارهێنانی كارتی هەڵبژاردنەوە هەندێك دەستكەوتی حزبی لەسەر حسابی پارتەكانی دیكە بەدەستبهێنێت، بەتایبەتیش لە كەركوك.
بەپێی زانیارییەكان پارتی لەبەرامبەر دواخستنی هەڵبژاردنەكەدا چەند داواكارییەكی پێشكەشی یەكێتی كردووە، لەوانەش پۆستی پارێزگاری كەركوك یان پۆستی سەرۆك كۆمار، هەروەها پڕكردنەوەی پۆستی وەزیرە دەستلەكاكێشاوەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان،بەڵام یەكێتی ئەو داواكارییانەی رەتكردۆتەوە و جەخت دەكاتەوە لەوەی یەكێتی سازش لەسەر پرسی كەركوك ناكات و ئامادەشە بۆ هەڵبژاردن.



ڕاپۆرتـــــی‌:عــــــه‌بــــــدول نــــــه‌جــــم 

1857 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/9/2018 1:04:34 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ