دۆسیە
پەرتەوازەیی کورد زیان بە میللەت دەگەیەنێت
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاره‌وه‌ بۆئه‌ نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق لایه‌نه‌كان سه‌رگه‌رمی كۆبونه‌وه‌و به‌ستنی هاوپه‌یمانین بۆپێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق،كه‌ده‌بێت به‌لانی كه‌م سێ بۆچوار كوتله‌ هاوپه‌یمانی ببه‌ستن بۆپێكهێنانی حكومه‌تی نوێ چونكه‌ هیچ كوتله‌یه‌ك ده‌نگی پێویستی نه‌هێناوه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تائیستاش سه‌رقاڵی تانه‌دانن له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش زیانی گه‌وره‌ به‌ پرسی كورد  میلله‌ت ده‌گه‌یه‌نێت،هه‌ربۆیه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان و له‌ نێوهه‌موانیشدا یه‌ كێتی نیشتمانی كوردستان داوای یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك ڕیزی كورد ده‌كات بۆچونه‌ به‌غدا.
له‌م ڕاپۆرته‌ی ئاڕاسته‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌رته‌وازیی كورد زیانێكی گه‌وره‌ له‌ میلله‌ت و پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كان ده‌دات.


پەرتەوازەیی کورد زیان بە میللەت دەگەیەنێت


به‌رپرسی ده‌زگای زانیاری و دژه‌تیرۆر(لاھور شێخ جەنگی) ده‌ڵێت: کورد لەبەردەم شەڕێکی قورسدایە لە بەغداد و پەرتەوازەیی کورد زیان بە میللەت دەگەیەنێت و پێویستە بە یەک دەنگ و یەک رەنگه‌وه‌ بەرەو به‌غدا بڕۆین،چونكه‌ شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ له‌به‌غدا زۆر سه‌خته‌.

نابێت تەنھا یەکێتی و پارتی بچنە بەغداد

لاهو شێخ چه‌نگی سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش وتی: نابێت تەنھا یەکێتی و پارتی بچنە بەغدادبەڵکو دەبێت لایەنەکانی تریش بەشدار بن، چونکە کورد لەبەردەم شەڕێکی قورسدایە لە بەغداد و پەرتەوازەیی کورد زیان بە میللەت دەگەیەنێت.


گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی بە پڕۆژە و وه‌فدی ھاوبەشەوە بچنەوە بەغداد

مەلا بەختیار سەرۆکی وەفدەی یه‌كێتی و لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتی رایگەیاند: لەگەڵ لایەنەکانی ھەرێم گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی بە پڕۆژە و وه‌فدی ھاوبەشەوە بچنەوە بەغداد،وه‌ بە وردی گوێیان لە لایەنە عێراقییەکان گرتووە و پێویستە ھەموو لایەنەکان پڕۆژەیەکی ھاوبەشیان ھەبێت، ھاوکات پڕۆژەی یەکێتیش بۆ بەغداد لەگەڵ لایەنەکان تاووتوێ دەکەن.

ئەوەی گرنگە، (تا)ی ھەڵبژاردن ھەموولایەک بەربدات

سه‌رتیپ جه‌هه‌ری ڕۆژنامه‌نوسیش ده‌ڵێت:ھەرچۆنێک بێت ئێستا قۆناغی دوای ھەڵبژاردنە، ئەوەی گرنگە، (تا)ی ھەڵبژاردن ھەموولایەک بەربدات و خێرا لەگەڵ یەکتر دانیشن، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنییەتی بەشداریکردن لە حوکمرانیی بەغداو پرسە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بۆ وەرگرتنی بەرکەوتە و (ئیستحقاقات)ی کورد لەبەغدا. 

پێویستە کاربۆپێکھێنانی تیمی کوردستان بۆگفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بکرێت

ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ ده‌شڵێت:پێویستە لەئێستاوە کار بۆ پێکھێنانی تیمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بکرێت، بنەمای کارکردنی ئەو تیمە، بریتی بێت لە بەشداریکردنی ھەموو لایەنەکانی کوردستان لەھەر بڕیارێک کە پەیوەندی بەخەڵکی کوردستانەوە ھەیە، واتە پێویستە لایەنەکانی کوردستان لەسەر بنەمای تەوافوقی سیاسی و داڕشتنی بنەمایەک بۆ دابەشکردنی بەرکەوتەی ھەر لایەک وەک یەک تیم کاربکەن، رێگریش بکرێت لەھەژمونی ھەر لایەنێکی سیاسی، بیەوێت دەست بەسەر بڕیارو چارەنوسی خەڵکی کوردستاندا بگرێت.

سه‌رتیپ جه‌وهه‌رده‌شڵێت:گرنگتر لەوە ھیچ لایەک بیر لەوە نەکاتەوە بەتەنیا بچێتە گفتوگۆی پێکھێنانی حکومەت لەبەغدا، بەڵێ گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا ھەیە، یان ھێشتا کاریگەرییەکانی شکستی ریفراندۆم ھەستی پێدەکرێت، بەڵام نابێت ئەوە کاربکاتە سەر پرسی کارکردنی دەستەجەمعی لایەنەکانی کوردستان بۆ دانیشتن لەگەڵ بەغدا.

ھیچ لایەنێک بەتەنیا نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رتپ جه‌هه‌رئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات:دابڕانی ھەر لایەنێک و گفتوگۆکردنی تاکلایەنە لەگەڵ براوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، زیانێکی گەورە بەھەرێمی کوردستان دەگەینێت، لەلایەک ھیچ لایەنێک بەتەنیا نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، پێویستە ھەموان بەیەکەوە بن، لەلایەکی دیکە ئەو جۆرە دانیشتنە جگە لە ھەوڵدان بۆ بەدەستخستنی دەستکەوتی حزبیی یان شەخسیی، ھیچ شتێکی دیکەی لێ ناخوێندرێتەوە، بۆیە سەرباری گلەیی و گازندەو کەموکوڕیی و رەخنەکان لەیەکتر، بەڵام پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەیەک تیم و وەفد بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، گەر ئەوە نەکرێت یان نەکەن، بەدڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستان ئەوەندەی دیکە لاواز دەبێت لەپرسی بڕیاردان و قەبارەی بەشداریکردنی لە حوکمرانیی عیراق.

پێكهاتنى ئه‌م حكومه‌ته‌ كارێكى سه‌خت و گران ده‌بێت

چاودێری سیاسی نه‌وزادی موهه‌ندیس ده‌ڵێت: پێكهاتنى ئه‌م حكومه‌ته‌ كارێكى سه‌خت و گران ده‌بێت چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و لایه‌نانه‌ به‌رژه‌وه‌ندى و به‌رنامه‌ و دیدگاى خۆى هه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ و له‌سه‌روو هه‌موانیشه‌وه‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌، بۆیه‌ پێكهێنانى ئه‌م حكومه‌ته‌ پێویستى به‌ كه‌سانێكى شاره‌زا به‌ ئه‌زموون و خاوه‌ن بڕیار و پشوو درێژ هه‌یه‌ و پێویستى به‌دیقه‌ت و كارى وورد هه‌یه‌،كه‌ به‌ عه‌مه‌لیاتى قه‌یصه‌رى ده‌شوبهێنرێت كه‌ زۆر سه‌خت و هه‌ستیاره‌ و بڕیارى گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى ده‌وێت.

كورد له‌م نێوه‌نده‌دا نێوماڵێكى په‌رته‌وازه‌ و دوورله‌یه‌كى هه‌یه‌

ئه‌و چاودێره‌ باس له‌وه‌شده‌كات،كورد له‌م نێوه‌نده‌دا ،نێوماڵێكى په‌رته‌وازه‌ و دوورله‌یه‌كى هه‌یه‌ و ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش هێنده‌ى تر له‌یه‌كترى دوورخستنه‌وه‌ و له‌ ئێستادا كه‌ كورد پێكه‌وه‌ 58-60 كورسى هه‌یه‌و ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانى له‌ په‌ڕله‌ماندا و زۆر ڕێگه‌شى تێده‌چێت كه‌ ته‌كلیف بكرێت بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت گه‌ر یه‌ك و یه‌كگرتووبن وه‌ك گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانى ناو په‌ڕله‌مان،به‌ڵام به‌هۆى ناكۆكى و تۆخكردنه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حیزبیه‌كان و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌ده‌ستهێنانى پۆست و پله‌ و ئیمتیازاته‌كان بیریان له‌لاى مه‌سه‌له‌ نیشتیمانى و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان نه‌ماوه‌،گه‌ر واشبن ئه‌وا هیچ سه‌نگ و قورساییه‌كیان له‌ عێراقدا نامێنێت و ئاینده‌ى كوردیش ناڕۆشن و بچوكتر ده‌بێته‌وه‌.له‌و حكومه‌ته‌ى ئاینده‌ى عێراقیشدا جێگه‌ و پێگه‌ى شیاوى خۆى وه‌رناگرێت و ئه‌وكاتیش و لانى كه‌م بۆ 4 ساڵى ئاینده‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌كانمان سڕده‌كرێن و بچوك ده‌كرێنه‌وه‌ و هێنده‌ى تریش ناوماڵى كوردپه‌رته‌وازه‌ و شه‌پڕیوتر ده‌بێت،كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ قازانجى دوژمنان و داگیركارانى كوردستانه‌.

كورد زۆرترین ده‌نگ و كورسی به‌ ده‌ستهێناوه‌

جێگه‌ی باسه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاردا بۆئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق(سائرون/54 كورسى و فه‌تح/49 كورسى و نه‌صر/42 كورسى و ده‌وڵه‌تى قانون/25 كورسى و ڕه‌وتى حیكمه‌/21 كورسى) یان به‌ ده‌ست هێناوه‌ وكوردیش به‌ په‌رته‌وازه‌یی له‌ براوه‌ی یه‌كه‌می زیاترهێناوه‌.



ڕاپۆرتی:عه‌بدول نه‌جم

1415 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/26/2018 12:23:37 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ