دۆسیە
عه‌بادی چانسی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌یه‌؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

دوای ھەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران کە رۆژی ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر دەکرێت ئەو کەسایەتییەیە کە پۆستی سەرۆک وەزیری داھاتووی عێراق وەردەگرێت، بۆچونه‌كانیش ده‌رده‌خات عه‌بادی چانسی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی بۆ حكومه‌تی داهاتوو زیاتره‌ .
 
هه‌روه‌ها دەستنیشانکردنی کەسایەتییەک بۆ ئەو پۆستە بە ھیچ شێوەیەک ئاسان نابێت لەبەر ئەوەی ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسی بەشدار لە ھەلبژاردنەکەی ١٢ی ئایاردا زۆرینەی بۆ خۆی مسۆگەر نەکردووە.

لیسته‌كه‌ی مالیكی دژی ئەوەن عەبادی جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران

عەبدولھادی سەعداوی ئەندامی لیستی دەوڵەتی قانون بە سەرۆکایەتی نوری مالکی رایگەیاند: لیستەکەی ئێمەو چەندین لیست و لایەنی تریش دژی ئەوەن عەبادی جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران،له‌به‌رئه‌وه‌ی كه سەرجەم ئەندامی دەوڵەتی قانون بە نوری مالکیشەوە مانەوەی عەبادی لە پۆستەکیدا رەتدەکەنەوە. 
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌،ساڵی 2018 دوای ناکۆکی و گرژیی زۆر لەنێوان عەبادی و مالکی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران ھەرچەندە ھەردووکیان لە حزبی دەعوەو دەوڵەتی قانون بوون، بەڵام دواجار عەبادی کرایە سەرۆک وەزیران و بۆ رازیکردنی مالکی کرایە جێگری سەرۆک کۆمار کە دەسەڵاتێکی کەم و دیاریکراوی ھەیە.

عه‌بادی چانسی بون به‌سه‌رۆكی زیاتره‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق

هه‌روه‌ها د. عه‌دنان سه‌راج سه‌رۆكی ناوه‌ندی په‌ره‌سه‌ندنی راگه‌یاندنی عیراقی له‌ لێدوانێكی  ڕۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاندوه‌: سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر حه‌یده‌ر عه‌بادی چانسی بون به‌سه‌رۆكی زیاتره‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق، به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌ عه‌بادیدا هه‌یه‌.
سه‌رۆكی ناوه‌ندی په‌ره‌سه‌ندنی راگه‌یاندنی عیراقی وتیشی: لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان چه‌ند ناوێكیان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران پێشنیار كردوه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌و ناوانه‌ی پێشكه‌شكراون ناتوانن له‌به‌رامبه‌ر عه‌بادی بۆستن.


مالیکی و سەدر،عەبادی نا ئومێد دەکەن

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە بەغداد پرێسی راگەیاندووە: مالیکی پێشوازی لە یەکگرتنەوەی ھەردوو ھاوپەیمانی نەسر و دەوڵەتی یاسا کردووە، بەڵام جەختیکردۆتەوە لەوەی کە دیاریکردنی عەبادی وەک تەنھا کاندید بۆ وەرگرتنەوی پۆستی سەرۆک وەزیران جێی قبوڵ نییە و پێویستە چەند کاندیدێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ھەبن.
بەڵام ئەم پێشنیارەی مالیکیش لەلایەن عەبادیەوە رەتکراوەتەوە،‌ ھەربۆیە بریاری کۆبونەوەی داوە لەگەڵ موقتەدا سەدر کە بە وتەی ھەمان سەرچاوە عەبادی لەلایەن سەدریشەوە پشتگیری تەواوی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران بەدەستنەھێناوە.‌


گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمریکییش بە ھاوکاری چەند سیاستمەدار و ژمارەیەک چاودێری سیاسی، ١٠ کەسایەتی عێراقی دەستنیشان کردووە کە ھەموویان شیعە مەزھەبن و یەکێکیان دەرفەتی ئەوەی دەبێت ببێتە سەرۆک وەزیری داھاتوو له‌وانه‌ش:

عه‌بادی دەرفەتی ھەیە  بۆ خولێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیری عێراق

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە دەرفەتی ھەیە  بۆ خولێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیری عێراق.
سەرکەوتن  لە جەنگی داعشدا و کپکردنی وتاری تایەفەگەری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی خاڵی بەھێزی عەبادین،  ئەوەش لە کاتێکدایە کە عەبادی ٤٢ کورسی بەدەستھێناوە، ئەگەر چەند لایەنێکی سیاسی ھاوپەیمانی لەگەڵدا نەکەن نەتوانێت لە داھاتوودا پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە.

"عەلی داوی لازم"ی تەمەن ٥٣  ساڵ کە لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە پارێزگاری میسانە، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە کاندیدی ھاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، عەلی داوی بەوە ناسراوە کە پێچەوانەی سەرکردەکانی تری عێراق پیاوێکی سادەیە و شانبەشانی کرێکارانی شاری عەمارەی پایتەختی میسان  رۆژانە کار دەکات.

"ھادی عامری" تەمەن ٦٣ ساڵ و سەرکردەی حەشدی شەعبی  یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە دەرفەتی ئەوەی ھەیە ببێتە سەرۆک وەزیری داھاتوو  عامری لە ماوەی جەنگی داعشدا توانیویەتی لایەنگری بەشێکی زۆر لە شیعەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات بەڵام چاوەڕوان دەکرێت نزیکی لە ھێزە ئیقلیمییەکان کاریگەری لەسەر ئەو دەرفەتە ھەبێت کە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لە بەردەمیدایە .

"عەلی عەلاوی" لەدایک بووی شاری بەغدایە و پێشتر وەک وەزیری وەزارەتەکانی بەرگری و دارایی و بازرگانی کاریکردووە، دەرفەتی ئەوەی ھەیە ببێتە کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو، عەلاوی دەرچووی زانکۆی ھارڤاردە و لە سەردەمی حوکمی سەدام حسێندا لە بەریتانیا ژیاوە و لە ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن بووە .

"نوری مالیکی" کە لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ سەرۆک وەزیری عێراق بووە ئەگەرچی پارتەکەی لە ھەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا تەنھا ٢٥ کورسی ھەیە بەڵام یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە ئەگەر ھەیە ببێتە سەرۆک وەزیر ، فۆرین پۆلیسی نوسیویەتی بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیر دەبێت کورد و سوننەکان بە کاندید کردنی قایل ببن .

فۆرن پۆلیسی باسی لەوەشکردووە "ساڵح ئەلحەسناوی" وەزیری پێشوی تەندروستی عێراق یەکێکی ترە لەو کەسایەتییانەی لەلایەن سەدرییەکانەوە کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیر بە تایبەت کە کەسایەتییەکی تەکنۆکرات و سەربەخۆیە و پێشتریش کاندیدی عێراق بووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی رێکخراوی یونسکۆ .

"عادل عەبدولمەھدی" کە سیاسەتمەدارێکی دیاری عێراقییە و پێشتر وەزیری نەوت و دارایی بووە و جێگری سەرۆک کۆماریش بووە یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە بە ھۆی نزیکی لە ئێران و ئەمریکاش دەرفەتی ئەوەی ھەیە کە ببێتە سەرۆک وەزیری داھاتووی عێراق .

"ئەیاد عەلاوی" سیاسەتەمەداری شیعەی عەلمانی یەکێکی ترە لەو کەسایەتییانەی کە ئەگەر ھەیە ببێتە سەرۆک وەزیرانی داھاتوو، عەلاوی لە ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن "جورج بوش"ی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکاوە ھەڵبژێردرا بۆ سەرۆکایەتی کردنی حکومەتی عێراق. 

لە ھەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایاردا پارتەکەی عەلاوی بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکەی ٢٠١٠ دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە .

"تارق نەجم" پارێزگاری زیقار کە سەر بە حزبی دەعوەیە ئەگەر ھەیە ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق بەو پێیەی کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و واشنتۆن ھەیە و کەسێکی متمانەپێکراویشە لای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق.

 فۆرین پۆلیسی نوسیویەتی نەجم دەتوانێت ھەردوو باڵەکەی مالیکی و عەبادی لە حزبی دەعوە یەک بخات و ببێتە کاندیدی حزبی دەعوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیر .

"زیا ئەسەد" کە پێشتر نوێنەری بەسرە بووە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەوە ناسراوە کە پردی نێوان سەدرییەکان و وڵاتانی دەرەوەیە یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە ئەگەر ھەیە پۆستی سەرۆک وەزیری داھاتوو وەربگرێت


جێگه‌ی باسە،له‌سەردەمی حەیدەر عەبادیدا كە تائێستاش سەرۆك وەزیرانی عیراقەو بژاردەی بەهێزی چوار ساڵی داهاتووە، سەرجەم رایەڵەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا- هەولێر بچڕان و گەیشتە خراپترین قۆناغ كە لەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، لەمانگی ئۆكتۆبەری 2017دا ئۆپراسیۆنی سەربازی كردە سەر زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و بەزەبری هێز 51%ی خاكی هەرێمی كۆنترۆڵكردەوە، كە هۆكارەكە سەرەكییەكەی كاردانەوەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی بارزانی و كۆمیتەكەی بوو.




   ڕاپۆرتی عه‌بدول نجم 

678 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/22/2018 12:04:33 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ