دۆسیە
گرنگه‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌ به‌هێزی‌ بمێنێته‌وه‌؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

12ی ئایار پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كێبڕكێ و ململانێ له‌سه‌ر44 كورسی ده‌كه‌ن.

گرنگه‌ هاولأتی به‌ ویژدانه‌وه‌ ده‌نگی خۆی بدات ،گرنگه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌لكی كوردستان ئه‌و لایه‌نه‌ هه‌ڵبژێرێت كه‌ زامنی دابین كردنی ماف و ئازادی ودیموكراسیه‌ ،له‌م ڕاپۆرته‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بۆچی گرنگه‌ ده‌نگ بده‌ین به‌ لستی 162ی یه‌ كیتی نیشتمانی كوردستان.

سەركەوتنی یه‌كێتی سه‌ركه‌وتنه‌ بە سەررێگرییه‌كانی  بەردەم ئایندەی كوردستاندا

+لاهور شێخ جەنگی، لەبارەی گرنگی سەركەوتنی لیستی یەكێته‌وە رایگەیاند، سەركەوتنی یەكێتی بەتەنها چەند ژمارەیەك كورسی نیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵكو سەركەوتنە بەسەر ئەو هەموو رێگرییانەی لەبەردەم ئایندەی كوردستاندایە، تایەكێتییەكی  بەهێزهەبوو كام هێز دەیتوانی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمیدا پیلان بگێڕێت و دەست تێكەڵ بكات ریفراندۆم بكات،كادرانی دڵسۆزانی یەكێتی كاردەكەن لەسەر بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیان و بەهێزكردنەوەی یەكێتی، راستە ئەدای بەشێك لەسەرانی یەكێتی لەحزب و حكومەت لەئاستی پێویستدا نەبووە، بەڵام دەبێت بزانین كەیەكێتی لەپێناوی خەڵكدا بەش خورانی قبوڵ كردووە، چیتر یەكێتی ئەم دۆخە نەگریسە قبوڵ ناكات و خۆی نوێ دەكاتەوە.


یه‌كێتی رێگرده‌بێت  له‌ تاڵانكردنی كوردستان

لاهور شێخ جەنگی وتیشی: پێویستمان بەیەكترە تا پێكەوە تەوفی كۆیلایەتی نوێ بشكێنین و رێگە له‌ تاڵانكردنی كوردستان بگرین و لێپرسراوانی ئەم قەیرانانە  رووبەڕوی دادگا بكەینەوە،هه‌ربۆیه‌هەڵبژاردنی ئەم جارە هەڵبژاردنێكی بێ مام جەلال و بێ شەهیدەكانمانە، بەڵام ئەوان چاویان لە دەستی ئێمەیە و پێویستە ئێمەش بەهێزترین كاندید بنێرینە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لەمافەكانی گەلی كوردستان،بۆ ئەوەی خەونی نەیارانمان لەگۆڕ بنێین.


هه‌موو قۆناغیك سه‌ركرده‌ی‌ خۆی‌ ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت سه‌ركه‌وتن وده‌سكه‌وتی‌ گه‌وره‌ وه‌ده‌ستبێنێت.

+چاودێری سیاسی نه‌وزادی موهندیس ده‌ڵێت:وه‌ك ده‌ڵێن هه‌موو قۆناغ و سه‌رده‌مێك پیاو یان سه‌ركرده‌ی‌ خۆی‌ گه‌ره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وتی‌ گه‌وره‌ وه‌ده‌ستبێنێت بۆ گه‌ل ونیشتیمانه‌كه‌ی‌ و له‌دۆخی‌ قه‌تیس و ڕاگوزه‌ر ڕزگاری بكات و نه‌هێڵێت له‌ ژێر ده‌ستی‌ داگیركار و به‌ دابه‌شكراوی بمێنێته‌وه‌.

هه‌ربۆیه‌ له‌م قۆناغ و سه‌رده‌مه‌دا كورد و كوردایه‌تی‌ پێویستی‌ به‌ حیزبێكی‌ ڕابه‌ری‌ به‌هێزی‌ تاقیكراوه‌ و خاوه‌ن مێژوو و شه‌هیدان و قوربانیدان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌سپی‌ خۆی‌ تاوداوه‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌م و ڕۆژكاره‌كانداو و توانیویشێتی‌ به‌سه‌ركه‌وتویی‌ لێی‌ ده‌ربچێت و له‌گه‌ڵیشیدا گه‌لێك ده‌سكه‌وتی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئاوه‌دانی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌  و فه‌رهه‌نگی‌ گه‌وره‌ش به‌ده‌ستبێنێت.هه‌موو ئه‌و كاره‌ گه‌ورانه‌ش ته‌نها شایسته‌ی‌ مێژوو و خه‌بات و باڵای‌ پڕ شكۆی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌،چونكه‌ له‌ماوه‌وی‌ 42 ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ خۆیدا توانیویه‌تی‌ گه‌لێك ده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازی‌ وه‌دستبینێت كه‌ له‌ ڕۆژگاره‌كانی‌ خۆیاندا وه‌كو خه‌ونێكی‌ وه‌دینه‌هاتوو وابوون،به‌ڵام ئێستاكه‌ هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن وایده‌بینن كه‌ ئه‌و كار و چالاكیی‌ و ده‌سكه‌وتانه‌ هیچ بونه‌ ،به‌داخه‌وه‌ له‌ڕۆژگاری‌ ئه‌مڕۆماندا هێنده‌ فس فس پاڵه‌وان په‌یدابونه‌ كه‌ خۆیان و سێبه‌ری‌ خۆیانیان زۆر لێگه‌وره‌ بوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ زۆر باش ده‌زانن كه‌ هه‌موانیان به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی‌ له‌م زۆنه‌ هه‌میشه‌ سه‌وزه‌دا سه‌ریان ده‌رهێناوه‌ هه‌موانیان له‌ قوتابخانه‌ و له‌ ژێر سایه‌ و عه‌باكه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كه‌وردستان و مامی‌ كورداندا سه‌ریان جوقاندوه‌ و له‌هێلكۆكه‌كانیان هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌و چاودێری سیاسیه‌ ده‌شڵێت،ده‌بێت هه‌موانیان باش بزانن كه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها سنگفراوانی‌ یه‌كێتی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و به‌رنامه‌ پێشكه‌وتوخوازه‌كه‌یه‌تی‌ كه‌ ئه‌و مێرگه‌ سه‌وزه‌ڵان و ئاوه‌دان و ئازادی‌ و دیموكمراسیه‌ی‌ خوڵقاندوه‌ و هه‌ر ئه‌ویش تاكو ئێستا پارێزه‌رێتی‌،به‌بێ‌ بوونی‌ یه‌كێتی‌ هیچ مانایه‌ك بۆ ئازادی‌ و ڕه‌خنه‌ و دیموكراسیه‌ت و مافی‌ مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نامێنێته‌وه‌،چونكه‌ یه‌كێتی‌ له‌هه‌ر كوێ‌ بێت و له‌هه‌ر كوێ‌ بڕیار به‌ده‌ست و باڵاده‌ستبوبێت ئازادی‌ و نان و كار و ئاوه‌دانی‌ و خۆشگوزه‌رانیش له‌وێ‌ بوه‌ ،ئه‌مه‌ ڕاستیه‌كی‌ مێژوویه‌ نه‌ك ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵات و شاره‌وانیدا به‌ڵكو له‌ زه‌مه‌نی‌ شاخ و شۆڕشیشدا هه‌موو ئه‌م بنه‌مایانه‌ی‌ پیاده‌كردوه‌ و چه‌سپاندوه‌.


هەزاران هۆکار وامان لێدەکات دەنگ بدەین بەیەکێتی

+شالأو دارای نوسه‌ریش ده‌ڵێت:گومان لەوەدانیە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هێزێکی تێکۆشەری کۆڵنەدەرە و بەدرێژایی مێژووی دروست بوونی داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردبووە لە هەر چوارپارچەی کوردستان.وە خاوەنێکی هەزاران ڕۆڵەی جوامێر و شەرەف مەندە کەگیانی خۆیان لە ڕێگای یەکێتیەوە بەخشیوەتە کوردستان،یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساتەوەختی سەرهەڵدان و دروست بوونیەوە خۆی بۆ خۆی بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە تاکە هێزە لەناو هەناوی میللەتەوە لەدایک بووەو هیواو ڕووناکی خستۆتەوە دڵی هەموو کوردێک کە لەو سەروبەندەدا هیچ هیوایەک بۆ کورد نەمابوو شۆڕشی نوێ گیانێک و ڕۆحێکی تازەی کردەوە بە بەرەی دۆزی کورددا و وەرچەرخانێکی گەورەی لەمێژووی سیاسی کوردا هێنایە ئاراوە و ڕاستەوخۆ و بێ پشودان بە دوژمان و نەیارانی گەلی کوردی گووت،ئەوە ئێمەین کە هەرگیز کۆڵنادەین و دروشمی ( کوردستان یان نەمان)مان کردۆته‌ بەرنامەی کاری سیاسی ،لەوانەیە خوێنەر بڵێت ئەم قسانە قەوانی کۆنن و هەمووان ئەوڕاستییەی یەکێتی دەزانین گرنگ سیاسەتی ئەمڕۆیە کە یەکێتی مامەڵەی لەگەڵدابکات؟منیش پێم وایە ڕاستە بەڵام وەبیرهێنانەوەی ئەو مێژوویەی یەکێتی گرنگە بۆ نەوەیی ئێستاو داهاتوومان کە بزانن یەکێتی چۆن و بۆچی دروست بوو.لەوانەیە چەند هۆکارێک هەبێت کە دەنگ نەدرێت بەیەکێتی بەڵام بە پێچەوانەوە هەزاران هۆکار وامان لێدەکات دەنگ بدەین بەیەکێتی.

یەکێتی هی گەلی کوردو هی تاک بەتاکی هاوڵاتیانی کوردستانە

شالأو دارا باس له‌وه‌شده‌كات:هه‌ربۆیە بوونی یەکێتی زەرورەتێکی واقعیە بۆ گەلی کورد بە هەر چوار پارچەوە و دوژمنانیش چاک لەو ڕاستیە گەیشتوون بۆیە هەردەم لە پلان گێڕاندان دژی یەکێتی چونکە باش دەزانن بە نەمانی یەکێتی دەتوانن مەرامە گڵاوەکانیان بەدیبێنن، بەڵام خەیاڵیان خاوە یەکێتی هی گەلی کوردە هی تاک بەتاکی هاوڵاتیانی کوردستانە و خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتی میللەتە.هەمووان بۆیەکێتی بوونەتە قوربانی بۆیە هەرگیز ڕێگە نادرێت یەکێتی ببێتە پارویەکی ئاسان بۆ دوژمنان بەڵکو ئەبن بە ژەهر و بەگەرویاندا دەچنە خوارەوە.

كوردایه‌تی‌ و كوردستان پێویستی‌ به‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌

هه‌روه‌ها نه‌وزادی موهه‌ندیس باس له‌وه‌شده‌كات:یه‌كێتی‌ دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و سازش و خیانه‌تبوه‌ له‌ گه‌ل و نیشتیمان،یه‌كێتی‌ پارێزه‌ری‌ ئه‌منیه‌ت و ئاسایش و ئاشتی‌ ناو كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ش بوه‌،یه‌كێتی‌ مقاوه‌متكاری‌ سه‌رسه‌خت و قوربانیده‌ری‌ یه‌كه‌م بوه‌ دژی‌ تیرۆر و تیرۆریستان،یه‌كێتی‌ سه‌رقافڵه‌ی‌ دروشمی‌ مافی‌ چاره‌نوس و دامه‌زراندنی‌ فیدڕاڵیه‌ت و حكومه‌ت و په‌ڕله‌مانی‌ كوردستان بوه‌ له‌ عێراقدا،ئێستاش بۆ ئه‌ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ په‌ڕله‌مانی‌ عێراق له‌ 12/5/2018دا كوردایه‌تی‌ و كوردستان پێویستی‌ به‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌ و پێویستی‌ به‌ عه‌قڵ و بیر و پلانی‌ واقعی‌  یه‌كێتی‌ هه‌یه‌ كه‌ هیچ كات سه‌ركێشی‌ و قوماری‌ نه‌كردوه‌ به‌ چاره‌نوسی‌ گه‌لی‌ كورده‌وه‌ ،یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ خۆی‌ پاراستوه‌ له‌ غروری‌ سیاسی‌ و نه‌خوێندنه‌وه‌ی‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌ ناوچه‌یی‌ و دونیاییه‌كانی‌ ئه‌م قۆناغه‌،هه‌ربۆیه‌ش یه‌كێتی‌ هیچ كات نه‌كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌ی‌ كوشنده‌وه‌ و بڕیاری‌ كوشنده‌شی‌ نه‌داوه‌،یه‌كێتی‌ وه‌كو حیزبێكی‌ خاوه‌ن ئه‌زمون و تاقیكراوه‌ و قاڵبوی‌ كاروان و بۆته‌قه‌ی‌ خه‌بات و سیاسه‌ت زۆر هێمنانه‌ و ژیر و حه‌كیمانه‌ و له‌سه‌رخۆ هه‌نگاو وبڕیاره‌كانی‌ ده‌دات و پشوودرێژه‌و دووره‌ له‌كاری‌ هه‌رزه‌ی‌ سیاسی‌ وته‌نگه‌نه‌فه‌سی‌ كاتیه‌وه‌.یه‌كێتی‌ حیزبی‌ هه‌موو قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كانه‌ وه‌كو قه‌واره‌ و لیست و حیزبه‌ نوێكان ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌ڵات و ده‌سكه‌وت و پله‌ و پۆست و ئیمتیازات دانه‌مه‌زراوه‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ به‌سه‌ره‌تایه‌كی‌ ڕاست ودروست ده‌ستیپێكردوه‌ هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌به‌هێزی‌ و پته‌وی‌ و گه‌وره‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ نه‌ك وه‌ك لایه‌ن و سه‌ركرده‌ی‌ تر به‌هه‌ڵه‌ و درۆ و خیانه‌ت ده‌ستیان پێكردوه‌ به‌دڵنیایش ناتوانن ببنه‌ جێگه‌ متمانه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان و له‌ئاست خواست و ویسته‌ ڕه‌واكانیاندا بن و ته‌نها ده‌بنه‌ چه‌واشه‌كارێك له‌ مێژووی‌ كوردایه‌تیدا.

ڕاپۆتی ‌:عه‌بدول نه‌جم

809 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/30/2018 9:39:09 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ