بیروڕا
‎ئەنفال چــۆن و بــۆ ڕویــدا ؟ ‎ئه‌نفال چیه‌ ؟
ئه‌یاد محمد صالح
          
‎ئه‌نفال به‌ واتای كۆمه‌ڵكوژی(جینوساید) و قڕكردنی كورد دێت كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تر‌بوو له‌و سیاسه‌ته‌ نامرۆڤانه‌یی ڕژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ كورد به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی كورد ئه‌نجامیدا، هه‌روه‌ها ئه‌نفال ئه‌و پرۆسه‌یه‌‌ بوو كه‌ به‌ زنجیره‌یه‌ هێرش و په‌لاماری توند كه‌ له‌ هه‌شت ناوچه‌ی جوگرافیای جیاواز و له‌ شه‌ش كاتی جیاواز كرایه‌ سه‌ر به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

‎هۆكاره‌كانی ئه‌نفالكردنی كورد چی بون ؟

‎پرۆسه‌ی ئه‌نفالكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچه‌ندهۆكارێك ده‌ستی پێكرد كه‌ ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌بون :-

‎یه‌كه‌م : شوێنی جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان كه‌   شوێنێكی به‌بایه‌خ و گرنگی هه‌یه‌ له‌روی ئابوریه‌وه‌ وه‌ ئه‌مه‌ش وای كردوه‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن دوژمنانی كورد و وڵاتانی دراوسێه‌وه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ری بۆ له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد .
‎دووه‌م : دابڕینی به‌شێك له‌جوگرافیای عیراق له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ وه‌كو ناوچه‌شاخاویه‌كان كه‌ناوچه‌ی سه‌خت بوون بۆ به‌رنگاربونه‌وه‌ وه‌ زۆربه‌ی له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرابو وحكومه‌تی عیراقی لێ به‌ده‌ر نرابو حكومه‌تی عیراقیش ئه‌م ناوچانه‌ی به‌مافی یاسای خۆی ئه‌زانی بۆیه‌ پرۆسه‌كانی ئه‌نفالی ده‌ست پێكرد بۆكۆنترۆلكردنی ئه‌م ناوچه‌یه‌.

‎سێه‌م : یه‌كێكی ترله‌هۆكاره‌كانی شاڵاوی ئه‌نفال جیاوازی ته‌مه‌ن بوو له‌نیوان گه‌نجانی كورد و گه‌نجه‌كانی ناوڕاست و باشور عێڕاق ، ئه‌مه‌ش وایكردبو كه‌ ترس دروست بكات له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی چونكه‌ هه‌میشه‌ گه‌نجان هێزی به‌رهه‌م هێنی ئابوری و مرۆین له‌هه‌رناوچه‌یكی جیهان بێت  بۆیه‌ هه‌وڵی له‌ناوبردنی گه‌نجانی كوردی دا.

‎چواره‌م : بونی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌وڵاتی عیراق بوبوه‌ هۆی دروست بونی مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاسایشی عیراق و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب بۆیه‌ به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵد ده‌درا بۆله‌ناو بردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد ،بۆیه‌ رژێمی به‌عس هه‌وڵیدا به‌ شاڵاوی ئه‌نفال نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ناوبه‌رێت .

‎پێنجه‌م : یارمه‌تیدانی  سیاسی وسه‌ربازی و دارایی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌یی نیوده‌وڵه‌تی بۆ حكومه‌تی عیراقی له‌ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال . 
‎هه‌روه‌ك ( پۆست هێڵته‌رمان ) كه‌ ئه‌ندامی رێكخراوی (مافی مرۆڤی )ئه‌مریكیه‌  وای بۆده‌چێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وله‌تی هاوكاری حكومه‌تی عیراقی كردوه‌ له‌پرۆسه‌كانی ئه‌نفال .
‎شه‌شه‌م :  سایكۆلوجی سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تی عیراقی و رژێمی به‌عس كه‌ هه‌میشه‌ ئاره‌زوی شه‌ڕ و جه‌نگكردن بوو  هه‌ربۆیه‌ هه‌ستا به‌ئه‌نجامدانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بۆ له‌ناوبردنو سرینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد .

‎*شوێنی جوگرافیا و كاتی قۆناغه‌كانی شاڵاوی ئه‌نفال : 

‎شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌كی به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوی پێش وه‌خته‌ بوو چونكه‌ پێشوو تر له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانیان كرابو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباره‌ی ناوچه‌كه‌ ورێخۆشكردن بۆدانانی نه‌خشه‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال كه‌ به‌م قۆناغانه‌ی لای خواره‌وه‌ به‌هه‌شت قۆناغ له‌ شه‌ش كاتی جیاواز ده‌ستی پێكرد كه‌ ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ن:-

‎قۆناغی یه‌كه‌م ( ئه‌نفالی دۆڵی جافایه‌تی )
‎یه‌كه‌م قۆناغی شاڵاوی ئه‌نفال له‌
‎23/2/1988 له‌دۆڵی جافایه‌تی ده‌ستی پێكرد كه‌ئه‌م ناوچانه‌ی گرتبووه‌ ( دوكان ، بنگرد ، چوارتا ،قه‌ڵاجۆلان ، سه‌رچنار ، سورداش ، ماوه‌ت ، سه‌رگه‌ڵو ، به‌رگه‌ڵو ، ئه‌زمه‌ر) وه‌ له‌ 18/03/1988 قۆناغی یه‌كه‌م كۆتای پێهات .
‎قۆناغی دووه‌م ( ئه‌نفالی ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ )
‎ئه‌م قۆناغه‌ له‌ 22/03/1988 ده‌ستی پێكرد كه‌ ئه‌م ناوچانه‌ی گرته‌وه‌ ( قه‌ره‌داغ ، ده‌ربه‌ندیخان ، زه‌رایه‌ن ، بازیان ، عه‌ربه‌ت ) وه‌ له‌1/4/1988 كۆتای به‌م قۆناغه‌ش هات .

‎قۆناغی سێه‌م ( ئه‌نفالی گه‌رمیان ) 

‎ئه‌م قۆناخه‌ له‌
‎7/4/1988ده‌ستی پێكرد ، ئه‌م قۆناغه‌ به‌كاره‌سات بارترین قۆناغی ئه‌نفال داده‌نرێت له‌چاو قۆناغه‌كانی تردا چونكه‌ له‌م قۆناغه‌دا زیانی مادی و مرۆیی زیاتربو كه‌ نزیكه‌ی (70 تــــا 80 ) هه‌زار مرۆڤی كوردی تیادا بێ سه‌روشوین كرا ، ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌م ناوچانه‌ی گرته‌وه‌ ( كه‌لار ، كفری ، دوزخورماتوو ، ده‌ربه‌ندیخان ، ته‌كیه‌ ، چه‌مچه‌ماڵ ، قادركه‌ره‌م ، سه‌نگاو ، تیله‌كۆ، پیباز ، ئاغجه‌له‌ر ) وه‌ له‌ 20/4/1988 كۆتای ئه‌م قۆناغه‌ش هات .

‎قۆناغی چواره‌م ( ئه‌نفالی حه‌وزی زێی بچوك )
‎ئه‌م قۆناغه‌ له‌
‎8/5/1988 ده‌ستی پێكرد له‌باكوری ئه‌و رێگایه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نیوان شاری كه‌ركوك و سلێمانی وه‌ باشوری ریگای نیوان كۆیه‌ و ده‌ریاچه‌ی دوكانیشی گرته‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌م ناوچانه‌ ( ده‌شتی كۆیه‌ ، گۆپ ته‌په‌ ، دێگه‌ڵه‌ ، ئاڵتونكۆپری ، شوان ، عه‌سكه‌ر ) .
‎قۆناغی پێنجه‌م و شه‌شه‌م و حه‌وته‌م له‌یه‌ك كاتدا ئه‌نجامدرا :
‎ئه‌م قۆناغه‌ش له‌ 15تا26/8/1988ی خایاند كه‌ ناوچه‌كانی دۆڵ و چیاكانی  شه‌قڵاوه‌ و ره‌واندۆزی گرته‌وه‌ كه‌تیادا رژێم هه‌ستا به‌ كیمیابارانكردنی گونده‌كانی ( بالیسان ، بالوكاوه‌ ، خه‌تێ )  وه‌ زیاتر له‌ 52 گوندی ناحیه‌كانی خه‌لیفان و خۆشناوه‌تی و ره‌واندوزیان وێران كرد .

‎قۆناغی هه‌شته‌م ( ئه‌نفالی بادینان ) 

‎ئه‌م قۆناغه‌ دوا قۆناغی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌ كه‌له‌لایه‌ن رژیمی به‌عس ئه‌نجامدرا بۆ سرینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد ، ئه‌م قۆناغه‌ له‌ 25/8/1988 به‌هێرشێكی كیمیاوی له‌ناوچه‌ی ( زیره‌شكانی) نزیك سنوری عێراق - توركیا ده‌ستی پیكرد و ئه‌م ناوچانانه‌ی گرته‌وه‌ ( دهۆك ، زاخۆ ، كانی ماسی ، زێوه‌ ، زێره‌لوك ، ئه‌ترۆش و زاوێته‌ ) وه‌ له‌ 6/9/1988 كۆتای به‌قۆناخه‌كانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال هات .


‎*ئه‌نجام و كاریگه‌ری شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌سه‌ر كوردستان :
‎یه‌كه‌م / شه‌هیدكردنی چه‌ندهه‌زاركه‌سێك له‌پیرو گه‌نج وئافره‌ت ومنداڵ به‌هۆی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال .
‎دووه‌م / روخاندن و وێرانكردنی چه‌ند هه‌زارگوندیك له‌وناوچانه‌ی كه‌ ئه‌نفالكرابون كه‌ئه‌مه‌ش هۆكارێك بوبۆسرینه‌وه‌ی كه‌لتوری كوردی و وه‌ نه‌مانی ئه‌وناوچانه‌ كه‌بوبونه‌ جێگه‌ی حه‌وانه‌وه‌ و لانكه‌ی هاوكاری بۆ پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان .

‎سێه‌م /  كیمیا بارانكردنی گوند و ناوچه‌كان وه‌كو( گۆپ ته‌په‌ و سێوسینان و قادركه‌ره‌م و سه‌رگه‌لو وبه‌رگه‌ڵو .... هتد )

‎چواره‌م / سیاسه‌تی زه‌وی سوتاندن له‌ ئه‌وناوچانه‌ی كه‌قۆناغه‌كانی ئه‌نفال گرتیه‌وه‌ سه‌رجه‌م باخ و ره‌زه‌كانیان سوتاند كه‌ژیان له‌وناوچانه‌ كوێر كرانه‌وه‌ وكران به‌ناوچه‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌ كراو و هه‌ركه‌سێك له‌وناوچانه‌ ببینرایه‌ ده‌ست به‌جێ ره‌می ده‌كران .

‎پێنجه‌م : به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌وناوچانه‌ی كه‌ شالاوه‌كانی ئه‌نفال گرتیه‌وه‌ وه‌كو كه‌ل وپه‌لی ناومال و ئۆتومبیل و مه‌ڕوماڵات و ..... هتد له‌لایه‌ن ئه‌نفال چیه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ناویاندا جاشی كوردی خۆفرۆشی تیادابو كه‌به‌شێكیان تاكو ئیستا له‌ناوچه‌كانی كوردستان ده‌ژین و له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقی و كوردستانیشه‌وه‌ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌لدا نه‌كراوه‌ !

‎شه‌شه‌م : بێ سه‌روشوین بونی ده‌یان هه‌زار له‌پیرو گه‌نج ومندال و ئافره‌ت له‌كه‌مپینه‌كانی ( نوگره‌سه‌لمان و تۆپزاوه‌ ) وه‌ له‌ راپۆرتێكی ده‌زگای به‌عسدا هاتوه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی  زۆر له‌كچه‌ ئه‌نفال كراوه‌كان كه‌ته‌مه‌نیان له‌نیوان 19-29 سالدابوه‌ دراون به‌وڵاتی میسر .


‎حه‌وته‌م : پاشماوه‌كانی ئه‌نفال ( ئه‌وانه‌ی رزگاریان بوو له‌شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال) به‌هۆی بێ سه‌روشوین بونی زۆرێك له‌ كه‌س وكاریان توشی باریكی كۆمه‌لایه‌تی و ده‌رونی و ئابوری خراپ بونه‌ كه‌ زۆریان توشی نه‌خۆشی دریژخایه‌ن بونه‌ یان به‌شێكی زۆریان پاش 25 ساڵ تائیستا چاوه‌روانی گه‌رانه‌وه‌ی كه‌س وكاره‌كانیانن .

‎هه‌شته‌م : ئاواره‌بونی به‌شیكی زۆری كورده‌كان له‌پاش شالاوه‌كانی ئه‌نفال نمونه‌ش كه‌به‌شیكی زۆرئاواره‌ی ولاتی ئیران بوون .
‌‌ زیاتر ...
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ستران عەبدووڵا
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ