بیروڕا
ئایە ئەمریکا دژی ایران جەنگ ھەڵدەگیرسێنێت؟
جوتیار فتاح


چەند ساڵێکە ئەمریکا و سەرۆکە یەک لە دووای یەکەکانی ھێرش کردنە سەر ایران و لەناوبردنی وەک بەھێزترین کارتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکار دەھێنن، بەڵام ھەڕەشەکانی ئێستای ئەمریکا گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار، ھەر لەگەڵ دروست بوونی بەھاری عەرەبی دژایەتی کردنی ایران لە لایەن ئەمریکاوە توندتر بوو بە بەراورد بە پێش ئەو مێژووە، چونکە زۆربەی دۆست و یارانی ایران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە بەرنامەی ئەمریکا لاوازکران، دواتر لە ڕێگەی توندکردنی گەمارۆ ئابوریەکانی سەر ایران ھێندەی تر قۆناغەکە ترسناکتر بوو، بەڵام ئەوەی لە ھەمووی ترسناکتر و کاریگەرتر ناردنی ھێزێکی گەورەی ئەمریکایە بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کەشتی ابراھام لینکۆڵن (USS Abraham Lincoln)  چونکە ئەم کەشتیە توانایەکی سەیری ھەیە، دەتوانێ ٢٠بۆ ٢٥ ساڵ پێویستی بە ھیچ وزەیەک نەبێت بەھۆی سود وەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی ھەڵگیراوی ئامادەکراو لەگەڵ ھەڵگرتنی ٩٠ فرۆکە، جگە لەوەی کە ئەم جارەییان ٤ فرۆکەییان لە جۆری  B٥٢ دەنێرێت و شایانی باسە لە دروستکردنیەوە ئەم کەشتیە ساڵی ١٩٨٤ و ناردنی بۆ ناو دەریا ساڵی ١٩٨٨ تەنھا یەک جار بەکارھێنراوە ئەویش بۆ لێدانی دەوڵەتی عێڕاق بوو، بۆیە ناردنیشی بۆ دەریای ناوەڕاست لە ئێستادا مەترسی دروستکردووە بە تایبەتی لەسەر ایران ئەمەش وایکرد کە ئەمڕۆ نرخی یەک دۆلار بگاتە ١٥٤٠ تومەن کە ئەمەش لێدانێکی کوشندەییە لە ئابوری و بەتایبەتی دروای ایرانی،  بۆیە بەشێک لە شارەزایانی سیاسی و سەربازی پێیان وایە ئەم جارە جەنگی ڕاستەوخۆ دەست پێدەکات!.
کەیوان خوسرەوی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ایران ئەم ھەنگاوەی ئەمریکا بە جەنگێکی دەرونی دژ بە ایران ڕاگەیاند، بەڵام نەشی شاردەوە کە جەیمس بۆڵتن سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا مەبەستی لێدانە لە ئەمریکا، ناکرێ ئەوە بشاردرێتەوە کە ایران ترسی لەو ھەڕشانەی ئەمریکا نەبێت، چونکە لە دوێنەوە دەستی کردووە بە گێڕانەوەی میلیشیاکانی لە وڵاتانی دەوربەر بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی، لە لایەکی تر گەمارۆی ئابوری گەیشتە قۆناغێکی تەواو مەترسیدار و بنبەست، چونکە ئەمریکا کۆتای ھێنا بە مۆڵەتی ئەو وڵاتانەی کە وزە لە ایران دەکڕن و ڕای گەیاند کە ھەر وڵاتێک پابەندی ئەو گەمارۆیانە نەبێت لە لایەن ئەمریکاوە دژایەتی دەکرێت، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە تەنھا جەنگێکی دەرونی و ئابورییە بۆ تەواو لاوازکردنی ایران و کارتێکی ترە بۆ بانگەشی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی داھاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە وابڕیارە لە ٣-نۆڤەمبەری ساڵ ٢٠٢٠ ئەنجامبدرێت؟
محمد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ایران ڕایگەیاند کە ایران عێڕاق نیە ھەر وا بەئاسانی لە ناوبچێت، ئەو ھەوڵەی ئەمریکاشی بە خۆکوژی ناساند ئەگەر بێتو پەلاماری ایران بدات، ئەوەی گرنگە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەورپاو ناوچەکە لەگەڵ ئەم جەنگە نییە، چونکە چین و ڕوسیا و ئەورپا کە جەمسەرە گەورەکانی دنیان ئێستا بارودۆخی ئابوری، سیاسی و سەربازیان زۆر باشە و نایانەوێت خراپتر بێت، بەڵام ڕەنگە جارێ بێھەڵوێست بن تا بە شێوەیەکی تەواو یەکلاکەروە لە مەبەستی ئەمریکا نەگەن، لە لایەکی تر ایران وڵاتێکی ھەروا سادە و لاواز نیە ئەمریکا بتوانێ ڕاستەخۆ جەنگی سەربازی دژ بەو وڵاتە دەستپێبکات، بۆڵتن مەترسی سەر سەربازانی ئەمریکای نەشاردەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ایران توانایەکی بەھێزی ھەیە لە ناوچەکە بە تایبەتی لە ڕێی دامەزراوە ھەواڵگیریەکانیەوە، دەتوانێ پەلاماری بارەگا سەربازیەکانی ئەمریکا بدات لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست، لە لایەکی ڕەنگە ایران بگاتە دووا قۆناغی مەترسی دەست بۆ پەلاماری خۆکوژیش ببات دژی ئەمریکا تەنانە لە ناوەخۆی ئەمریکاش، بۆیە پێناچێت ئەمریکا پەلاماری ایران بدات، چونکە ئەمریکاش ئەوانە باشتر دەزانێ، بۆیە تەنھا ھەوڵی داڕوخانی ئابوری ایران دەدات و خەریکە ئامانجەکەشی دەپێکێت، وە دەیەوێت ایران لەوە بەھێزترنەبێت لە ناوچەکە و مەترسی نەبێت لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، واتا ایرانێکی لاواز لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ھیچ ئامادەکاریەکی ناوەخۆ نابینرێت لە ایران کە ئەمریکا سازی کردبێت بۆ ئەوەی لە کاتی پەلاماردان جێی دەسەڵاتی ئێستای ئەو دەوڵەتە بگرێتەوە، بۆیە زیاتر لە ھەڕەشە و لاوازکردنی ھەیمەنی ایران خۆی دەبێنێتەوە لە بری لە ناوبردنی.
‌‌ زیاتر ...
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ستران عەبدووڵا
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ