بیروڕا
8ی مارس سیمبولی مرۆڤایەتی نەک جیاکاری لە رەگەزەکان
خه‌بات عبدالکریم


مێژوو پێمان ده‌ڵێت: 8ی مارس، رۆژی خه‌بات و به‌رخودانی ژنان و رۆژی داواكردنی ماف و یه‌كسانیكردنی نێوان مرۆڤه‌كانه‌ به‌بێ ره‌چاوكردنی جێنده‌ری. ئه‌م رۆژه‌ هێمای ره‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌ستی و كوه‌یله‌بوونی ژنه‌ له‌ژێر هه‌ژموون و ركێفی پیاو، به‌واتایه‌كی دیكه‌، رۆژی به‌مرۆڤبوون و یه‌كسانیبوونی نێوان ژن و پیاوه‌وه‌ وه‌ك مرۆڤ.

به‌س ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌یبینم، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ریشه‌یی ساڵیادی رۆژی جیهانی 8ی مارسه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا خۆنمایش كردن و به‌هه‌ده‌ردانی مادی و به‌ڕواڵه‌ت وه‌رگرتنی بۆنه‌كه‌یه‌. له‌مڕۆژه‌دا هۆڵه‌كان پڕ ده‌بن له‌ ئافره‌تی خۆنمایشكراوو ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ش پڕ ده‌بن له‌پیاوون و رۆژنامه‌ و تی ڤی و راگه‌یاندنه‌كان و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، پڕ ده‌بن له‌ وتای جوان و شعر وپه‌خشنامه‌ بۆ یاده‌كه‌، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ هه‌ر 7ی مانگ و 9ی مانگه‌ و ئه‌و جۆره‌ بۆنه‌ ویادانه‌ هیچ رۆڵ و كاریگه‌ری ریشه‌یی نییه‌.

رێكخراوه‌كانی ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ته‌نانه‌ت حكومه‌ت و په‌رله‌مان و له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی خانمان ده‌بێ له‌خۆیان بپرسن له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا چییان بۆ خودی ژنان و پێكه‌وه‌ژیانی ژن و پیاو، یان به‌واتایه‌كی دیكه‌ چییان بۆ مرۆڤایه‌تی و سڕینه‌وه‌ی جیاكاری جێنده‌ری كردووه‌؟ له‌ گونده‌ دوورده‌سته‌كان و قه‌زا و ناحییه‌كان چه‌ند پرۆژه‌ی فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی و مرۆییان ئه‌نجام داوه‌و تاچه‌ند كاریان له‌سه‌ر جۆری بیر كردنه‌وه‌و بونیادی كه‌سایه‌تی تاكی كوردی كردووه‌؟

كوانێ به‌رهه‌می ئه‌و هه‌موو كۆنفرانس و كۆنگره‌و به‌هه‌ده‌ران و به‌خشینی پاره‌یه‌ به‌ناوی كێشه‌ و پرسی ژنانه‌وه‌ كه‌ خه‌رج ده‌كرێ؟ روداوه‌كانی خۆكوشتن و كوشتنی ژنان پێمانده‌ڵێن: ئه‌وانه‌ی ناووم هێنان، كارێكی ئه‌وتۆیان بۆ ئه‌و پرسه‌ نه‌كردووه‌و ته‌نیا شه‌كڵی بوونه‌، ده‌توانم بڵێم به‌داخه‌وه‌، ره‌وشه‌كه‌یان خراپتر كردووه‌، چاكتر نه‌كردووه‌.
 ئێمه‌ ژنان پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌، بكه‌وینه‌ دژایه‌تی پیاوان و سه‌نگه‌رلێگرتن! چیتریش پێویست ناكات ژن داوای ماف و پێداویستییه مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی له‌پیاو بكات! چیتر پێویست به‌وه‌ ناكات رێكخراوه‌كانی ژنان و به‌ناو چالاكوانانی مه‌ده‌نی و رۆشنبیرانی ژن باسی خراپییه‌كانی پیاوان بكه‌ن و هه‌رچی هه‌یه‌ بیخه‌نه‌ ئه‌ستۆی پیاوان (هه‌ڵبه‌ت پیاوان به‌شێكن له‌ رووداو هاوكێشه‌ و پرسه‌كه‌)، به‌ڵكو له‌مه‌ودوا ئێمه‌ی ژنان ده‌بێ تێبكۆشین بۆ سه‌لماندنی خۆمان و ناسینی خۆمان و وجودی خۆمان. ده‌بێ شۆڕشێكی رۆشنبیری مرۆڤانه‌، كه‌ ژن سه‌ركردایه‌تی بكات، ده‌ستپێبكه‌ین له‌پێناو مانا به‌خشینه‌وه‌ به‌ژیان و پێكه‌وه‌ژیانی ژن و پیاو به‌بێ ره‌چاوكردنی جێنده‌ری و سڕینه‌وه‌ی بیرو كولتوری جیاكاری ره‌گه‌زی.
له‌مه‌ودوا ده‌بێ ئێمه‌ی ژنان خۆمان بین و خه‌بات له‌پێناو خۆمان بكه‌ین نه‌ك له‌پێناو ئه‌وانی دیكه‌. ژن پێویستی به‌وه‌ نییه‌ وه‌ك پیاوبێ، هه‌ر وه‌ك چۆن پیاویش پێویستی به‌وه‌ نییه‌ كه‌ وه‌ك ژن بێ. به‌ڵكو هه‌ردولامان پێویستیمان به‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ بین و مرۆڤانه‌ بژین و مرۆڤانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ین.

‌‌ زیاتر ...
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ستران عەبدووڵا
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ