بیروڕا
کورد لە سەردەمی مەهدی دا.
مستەفا محەمەد
له‌سه‌ره‌تای‌ که‌وتنی‌ رژێمی‌ به‌عس تا کۆتا ڕۆژەکانی دەسەڵاتی سەردەمی عەبادی ناحەقی بێ ئەندازە  دەرهەق بە کورد کراوە، جا ئەم ناحەقیانە لەزۆرکاتدا خۆمان هۆکاری بووین ، چونکە لەناو سیاسەتوانانمان باوه‌ڕداری وا هەبووە کە پێی وابووە ئیتر دوای سەدام سه‌رده‌می‌ تاک ڕه‌وی‌ له‌عێراقدا ئەستەمە دوبارە ببێتەوە ، حکومه‌تی‌ به‌هێزی‌ شمولی‌ و مه‌رکه‌زیه‌ت له‌ به‌ڕێوبردنی‌ ده‌سه‌ڵاتدا کۆتایی‌ هاتوە و عێراقیه‌کان به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی‌ نوێ ، فۆڕمێکی تر بۆ به‌ڕێوبردنی‌ وڵات فه‌راهه‌م دێنن و خێر و بێری‌ وڵات بۆ هاوڵاتیان خۆیان ده‌بێ و یه‌کسان دابه‌شکردنی‌ داهات و عه‌داله‌تی‌ سیاسی‌ و ئابووری‌ و کۆمه‌ڵایه‌تی‌ بۆ یه‌که‌مجار له‌ مێژووی‌ عێراقدا دەنوسرێتەوە ،  به‌ڵام له‌ دوای‌ ئەو هەموو ساڵە ده‌رکه‌وت خوێندنه‌وه‌کانی ئەو سیاسیانە سەرچیخانە و نامەدروس بوون و و خەیاڵەکانیشمان تەواو لەڕاستیەوە دوورن.
        بێ گومان لە ڕابردوودا ره‌وشی‌ ژیانی‌ عێراقیه‌کان به‌ کوردیشه‌وه‌ ئاڵۆزبووە هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و گرفته‌کانیش بەهۆی فەسادی ئیداریی و کاریگەریەکانی جەنگی تێرۆر  به‌ جیاوازی‌ تایفی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و نه‌ته‌وه‌یییشه‌وه‌ ڕوو لە هەڵکشان بووە ،بگرە عێراقی سەردەمی دەسەڵاتی شیعە خراتر لەوانی دی بارگاوی بووه‌ بە تێڕوانینێکی مەزهەبگەرایی ڕووت ، بۆئەمەش حوکمی‌ جه‌عفه‌ریی و مالیکی و عەببادی شایەتی ئەزموونی پڕ قەیرانی بێ متمانەیی بوون ، کورد لەلایەکەوە سەرقاڵی شاگەشکەبوون بووە بە نوقڵانەی دەوڵەتداریی سەربەخۆ و  ، شیعەش لەلایەکی ترەوە ویستویەتی بەو کاراکتەرانەوە ده‌سه‌ڵاتێکی‌ مه‌رکه‌زیی‌ بونیادبنێ کە خاوه‌ن مه‌چه‌کێکی‌ به‌هێزبێ و هه‌موو مافێکی‌ بڕیاردانی‌ له‌سه‌ر هه‌ر بسته‌ خاکێکی‌ ئه‌م عێراقه‌دا لەدەستدا بێ.
     بەڵام بۆ ئێستای سەردەمی "مەهدی" جیاوازە ،  کەسایەتیەک کە  کورد بەدۆستی نزیکی خۆی ئەژماری کردوە ، ناکرێ لە ره‌هه‌ندێکی‌ نه‌ته‌ییه‌وه‌ کورد ئەم هەلە نەقۆزێتەوە و پەیوەندیەکانی تا ئاستێکی باڵا لەسەر بنەمای بەرژەوەدی هاوبەش دانەڕێژێتەوە ، وە لەسەردەستی ئەو پیاوە مافەکانی نەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی زێڕین و ئاسودە ، چونکە هه‌ڵه‌یە ئەگەر پێمان وابێ ئەو وەزعی ڕاهنەی سەردەمی "مەهدی " زۆر درێژە دەکێشێ ،  لەکاتێکدا ئێستا هەر لەناوماڵی شیعەدا دەنگە ناڕازیەکان لەسەر کابینە لەرزۆکەکەی "مەهدی " زیاتر و زیاتر دەبن ، وە دوورنیە ئەو لۆبی دروستکردنە بۆ کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران و لێسەندنەوەی متمانە کۆتایی بە ڕۆژە درەوشاوەکانی نەهێنێ!
        لەم نێوەدا ئەوەی دیسانەوە جێی ڕەخنەباران کردنە کوردە کە تا ئێستا لە عێراقدا خاوەن دید و روئیایەکی یەکگرتوو نیە ، هەربۆیە گەڕان بەدوای هاوپه‌یمانێتی‌ تازه‌دا کە دووربێ له‌ ره‌هه‌ندی‌ مه‌زهه‌بی‌ و تایفی‌ بۆ ئەم قۆناغەمان زۆر گرنگە ، وە پێداگریش له‌ هه‌رچی‌ زوو نه‌ش و نماکردن و جیگیرکردنی‌ کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بە موبارەکەی کورد بەمانای دورخستنەوەی مەترسیەکانی پێشوون لەسەر هەیبەت و سەنگی هەرێم لە عێراق و نەبڕانی موچە و قوتی هاوڵاتیانی بە مەرامی سیاسی ، گرنگیشه‌ له‌رووی‌ مه‌بده‌ئیه‌وه‌ حکومەتی هەرێم هانده‌ر و پشتیوانی حکومەتی ناوەندبێ ئەویش لەڕێگەی دەربەستبوونی بەیاسا و ڕێککەوتنەکان لەبواری شەفافی سێکتەری نەوت و داهاتی فڕۆکەخانە و خاڵە سنوریەکان تا له‌ چوارچێوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌کی‌ فرە ڕەنگ و دیموکراسیدا بەماف و شایستە نەتەوەیەکانی بگات و بیانو نەداتە نەیارانی کە دژ بە داخوازیە نه‌ته‌وه‌ییەکانی و مافەکانی هاوڵاتی بوون و شه‌راکه‌تی‌ حه‌قیقی‌ لە عێراقی‌ سەردەمی مەهدیدا نەزعەی شەڕەنگێزی جۆش بدەن ، بەڵکو پێویستە به‌ عه‌قڵیه‌تێکی‌ لیبڕاڵ و کراوەی کوردستانیه‌وه‌ که‌  دووربێ له‌ کێشمه‌کێشم و ململانێی‌ هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی لەخۆبایی، چ له‌ عێراقدا و چ له‌ هه‌رێمیشدا پەیوەندیەکانی دابڕێژێتەوە ،  ئه‌مه‌ش بێگومان زامنی‌ به‌رجه‌سته‌کردنی‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌کان ده‌کا و دەمانگوازێتەوە بۆ دواڕۆژێکی گەشتر لە وەی پێشوو.
‌‌ زیاتر ...
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ستران عەبدووڵا
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ