بیروڕا
گرنگتر لە پۆست و بەركەوتە بۆ یەكێتی!
مستەفا محەمەد

      خەریکە پڕۆژەی رێكەوتن و لێكگەیشتنی سیاسیی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان بۆ رێكخستنەوەی هاوسەنگی فەرمانڕەوایی، رێچكەی موعتەبەری خۆی وەرگردەگرێ و ئەمەش لە پێكهێنانی كابینەی نۆدا بە ئیمزاكردنی دیباجەی لێكگەیشتنەكە، باشتر جێگیر دەبێ ، هەموو پێشبینییەكانیش رووە و ئەوەن كە یەكێتی و پارتی وەك دوو كۆڵەگەی بنەڕەتی حكومڕانی هاوتەریب و وەك یەك ، پێكهێنەرە سەرەكییەكەی ئەم كابینەیەن، هاووڵاتیانیش بە چاوی ئومێدەوە لە بەشداری لایەنەكانی تر دەڕوانن و چاوەڕوانی لە دایكبوونی حكومەتێكی دادپەروەر و خزمەتگوزار و بەرهەمدارن.

      هەموو دەزانین تیمی دانوستانكاری یەكێتی بە درێژایی ئەو ماوەیەی دوای هەڵبژاردن لە دۆخێكی سەختدا كۆبوونەوە و دانوستانەكانی لەگەڵ پارتی-دا درێژە پێداوە، لە دۆخێكی وەهاشدا هاوكێشەی دانوستان كە بریتییە لەوەی (چەند دەبەخشی و چەند وەردەگری؟) تەحەكوم دەكا و لانیكەم بەشێك لە وەرەقەی گفتوگۆ گۆڕانی بەسەردا دێ، بەڵام بۆ یەكێتی وەك هێزە سەرەكییەكە ئەوەی جێی سازش لەسەركردن نییە و پێویستە وەك خۆی بمێنێتەوە، پێداگرییەتی لە جێگیركردنی هاوبەشی راستەقینەی بڕیار و بەرپرسیارێتی لە پرسە نیشتمانییەكان و فەرمانڕەوایی ئەم هەرێمەدا، بە زوویی چارەكردنی مەلەفی كەركوكە و گێڕانەوەی هەیبەتی قەڵەمڕەویی كوردانەیە بۆ ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان.

      سەبارەت بە یەكێتی و پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆ-ش، ئەوەی پێویستە لەم رێكەوتنە نەخشەڕێ و كارنامەی حكومەتی داهاتووە بەو خواستەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا جاڕی بۆ دراوە، بە واتایەكی تر، گرنگتر لە پۆست و ئیمتیاز و بەركەوتی حزبی (كە لە دوادێڕی ئەم نووسینەدا قسەیەكیشمان دەبێ لەسەری) ئەوەی بەنرخە جێكردنەوەی خاڵ و ماجەرای بەڵێنەكانی سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردنن لە هەڵێنجانی بیرۆكەكانی لیستی یەكێتی بۆ پرۆگرامی تەمەنی حكومەتی داهاتوو، بەشێوەیەك كە دەنگدەری یەكێتی ئاسوودە بكا و بیگەیەنێتە ئەو بڕوایەی حكومەتی هەرێم لە پاڵ بەهێزیەكەیدا، كەشی حكومەتێكی خزمەتگوزار و پڕ لە ئارامی بۆ رەخساوە، چەقی هەر هەنگاوێكیشی لە پێشینەدا هاووڵاتی دەبێ و ژیان و گوزەرانیان رووە و دواڕۆژێكی گەشتر دەگوازێتەوە.

        لە راستیدا ئەمە خەم و هەممی كادر و دۆست و دەنگدەری یەكێتییە كە یەكێتی سازش لەسەر بەرنامە و پلانی خزمەتگوزاریی نەكا و مكوڕبێ لەسەر بەدیهێنانی دروشم و بەڵێنەكانی خۆی ‌و بكرێتە پێوەر بۆ پاراستنی بەهای یەكێتی، نەك چۆن و كێ پۆست و بەركەوتەكان لە پشكی یەكێتی وەردەگرێ؟، بەلای جەماوەر و لایەنگری یەكێتی و هاووڵاتیانیشەوە ئەوەی جێی بایەخە دڵنیایی پێدانی نمایندەكانی یەكێتییە لە حكومەتدا، كە لێبڕاوانە دەست بدەنە چاكسازیی ریشەیی و حكومەتداریی و ژێرخانی وڵات ببووژێنرێتەوە كە قەیرانە كەڵەكەبووەكان كۆتایی پێ بێنێ و مووچە و قوتی ژیانیشیان مسۆگەر و خاترجەم بكا.

         خۆ ئەگەر ئەوە لە كارنامەی حكومەتدا جێگیركرا، ئەوسا قسەش لەسەر بەركەوتەكانی بكرێ كە بەچ میكانیزمێك پڕدەكرێنەوە گرفتێك نییە و بگرە پڕكردنەوەی پۆستەكان بە كەسانی كارامە و خاوەن توانست و خیبرەی دەوڵەتداریی، رەچاوكردنی ئەزموونی پیشەیی و پێگەی جەماوەری و وەفاداریی بۆ قوربانی و دەسكەوتەكانی یەكێتی، رەنگدانەوەی کردەی خزمەتگوزاریی لە هزری تیمەكەی لەناو كابینەكە هەر هەمووی لە خزمەت پڕۆژە سیاسییە گشتگیرەكەی یەكێتی یەكانگیر دەكاتەوە.
‌‌ زیاتر ...
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ستران عەبدووڵا
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ