بیروڕا
ئاماژەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش .
مستەفا محەمەد
 زۆر لەبارەی ئەوەوە وتراوەکە گروپە تیرۆریستیەکان لەعێراق وسوریا تێکشکێندراون و سەرکەوتن بەسەر داعشیشدا ڕاگەیەنراوە، بەڵام پرسیاری جەوهەریی ئەوەیە  ؛ هەر بەڕاست ئەوەی دەوترێ لەبارەی دەوڵەتی خەلافەتەوە بە سەندنەوەی پێگە سەربازیەکانیان ، کێوماڵکردنی شار و دێهات لێیان و هەڵتەکاندنی پێگەکانیان دەکرێ بڵێین داعش ڕابرد و ئیتر تەواو ؟  یاخود ڕەوایە ئەو زومڕە تیرۆریستیە وەک ڕوداوێکی سیاسی و سەربازی بەسەرچوو ببینین کە لەئێستادا  لەلێواری لەناوچونە؟
      بەدڵنیاییەوە لەڕوی جوگرافیا و پێکهاتە و هێزی مرۆیەوە داعش توشی شکستی سەربازیی گەورەبووە ،  بەڵام لەڕووی فکر و ئایدۆلۆژیاوە هێشتا ئامادەگی هەیە چونکە لەبنەڕەتدا داعش پڕۆژەیەکی کاتی نیە هێندەی ستراتیژێکی ووردی عەقائیدیە کە سود لەپەراوێزخستنی فیئەیەکی دیاری کراو دەبینێ ، لەوەش دوورتر گوتارێکی بەدیسپلینی  توندڕەوە کە بیرو تێڕوانین و فەتواکانی لە ناو پەرتوکە جیهادیەکانەوە تەبەننی دەکا ، فەلەسەفەیەکی هەڵێنجراوی ئوسوڵیی و تەکفیریە کە تەنها خۆی بەڕاست دەزانێ و ئەوانی تر بە هەڵگەڕاوە و کافر ! ئەم تێز و تێڕوانینە هێشتا لەدەوڵەتانی عەرەبیدا دەنگێکی بەرزی بیستراوە و لەناوەندە ڕۆشنبیریەکانیان تەرویجی بۆ دەکرێ کە لەشێوەی تەوژمی فیکری و کایە مەعریفیەکاندا و سەنتڕاڵی میدیایی زبری بۆ تەییار کراوە و لە ڕێگەی دامەزراوەی زانستی و ئاینی و خێرخوازیەوە جێی بۆ کراوەتەوە بە ئامانجی خۆشکردنی نەزعەی تائیفی  لە ئاست و پێگەی بەهێزی سیاسی و ئابووری باڵاوە تەمویل دەکرێ ،  هاکا بە فۆڕمێکی جودا و پەیامێکی تازەترەوە لەپاڵ گونجاندنی لەگەڵ دۆخەکەدا خۆی نمایش دەکاتەوە!
       ڕاپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری عێراق کە لەم چەند ڕۆژانەی پێشودا لەسەر زاری وتەبێژەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە دەیسەلمێنێ هێشتا ئەو دوڵەتەکەی بەغدادیی ئومێدی بە سەرهەڵدانەوە وخۆبەهێزکردنەوە هەیە ، بەجۆرێک توانای پەروەردە و تەجنید و خۆڕێکخستنەوەی لەدەست نەداوە ، لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەچەند شانەیەکی نوستوو کراوە لە بەغدا و موسڵدا خەریکی چالاکی وردن ، بە ووتەی بەرگری عێڕاق که پشتئەستور بە ئیفادەی هەندێ لە ئەندام و بەرپرسە باڵاکانی داعش کە دژە تێرۆری عێراق دەستگیری کردون ،  سەرکردە هەڵاتوەکانیان خەریکی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیانن ، بۆ ئەمەش لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی مۆڵگەیەکی گونجاو لە بیابانەکانی عێراقدا تا بە گرتنەبەری میکانیزمی جیاواز و سود وەرگرتن لە کەس و کاری کوژراوانی داعش ، کاری تیروریستی نەوعی ئەنجام بدەن و ئارامی شارەکان جارێکی تر بشێوێننەوە!
      کەواتە ئەگەر جاران داعش لە ڕێگەی سودبینین لە ئینتەرنێت و تەکنەڵۆژیاوە هەوڵی کۆکردنەوەی زەمینەی پاڵپشتی مرۆیی دابێ کە بەهۆی چاودێری ووردی ئەلیکتڕۆنیەوە ئەو توانایەی جارانیان نەماوە ، ئەوا لە ئێستادا لەڕێگەی دزەکردنیان بۆ ناوکەمپی ئاوارەکان و ڕاکێشانی سۆزی کەس و کاری کوژراو و گیراو و بەندکراوانی داعش دەیانەوێ نەوەیەکی نوێ بە مەبدەئێکی قاڵبوی تۆڵەسەندنەوەوە پەروەردە بکەن و وەلائی گەنجە تازە پێگەیشتوەکانیان بە ئاراستەی کردە و چالاکیەکانیان کەسب بکەن .
      سەبارەت بە کوردستانیش لەکاتێکدا چەندین کەمپی ئاوارە و سەدان خێزانی عەرەب لە شار و شارۆچکەکاندا بڵاوبوونەتەوە بێگومان لەو مەترسیانە بەدەر نیە ،  ، بۆیە پێویست دەکا ، جگە لە کاری کۆکردنەوەی زانیاری  ، دەستیش ببرێ بۆ ستراتیژێکی دوور مەودا  ئەویش بەدروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا تا ڕێ و شوێنی پێویست بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بگیرێتە بەر ، وە هەوڵی دابڕینی ئەوانەش بدرێ کە گومانی نزیکیان لە تەوەجوهی داعشی لەسەر ماوە ،  ، هاوکات لەڕوی پەروەردەی فکری و ئایدۆلۆژیشەوە ناوەندە مەعریفیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بەهەرێمیشەوە کار لەسەر سڕینەوەی بیرۆکەی توندئاژۆیی بکرێ ، وە مەبدەئی تۆڵە لە زهنیەتیاندا دەربکرێ تا بنەماڵەی زیانلێکەوتوو و توڕە و پەراوێزخراو نەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ ڕام کردنیان و ڕێکخستنەوەیان لەچوارچێوەی گروپی توندڕەوی تردا.
‌‌ زیاتر ...
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ