بیروڕا
بۆ یادی یۆبیلی هەڵوەرینی پێج چڵە زەیتون!
مستەفا محەمەد
ڕێک  25 ساڵ و چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا  ،لەشارێک کە هێشتا لەهەیەجانی ڕاپەڕیندا بوو ،  سەرکەوتنی قینی پیرۆزی جەماوەر موژدانەی دواڕۆژێکی گەشتر بوون ، ڕوداوێک  یا دروستتر وایە بڵێین پلانێکی نەگریس بە دەسیسەی هەندێ لایەن ، یەخەی شۆڕەسوارانی خەباتگێڕی سەردەمانی تاریک و نوتەکی پێش ڕاپەڕینی گرت و هیواکانیانی بۆ هەمیشە هەڵوەراند! 
     پلانگێڕان دێوەزمە ئاسا بە بەرگی ڕەشەوە هاتن و  وچانیان لە دڵە ماندوەکان بڕی ، ئاسودەییان لە هزرە ڕوناکەکان هەڵکێشا و ، شنەبای ڕۆحیەتی بەرزی نیشتمانویستیان  بەباڵی وەیشومەی مەگ سپارد ، بەڵێ ئەو ساتە زەمەنی مرۆڤبوون وەستا و  ئەو ڕەشەکوژانە ڕیشەی کاروانی نەپساوەی خەباتی ڕێکخستنە نهێنیەکان و هەوێنی ڕێنیشاندەری شۆڕشی چەکداریی ڕاپەڕینیان لێڵ کرد و گەشە و نمای پێنج چڵە زەیتونی سەوزیان  بۆ یەکجاریی کوژاندەوە!
       شار ڕانیەیە و ڕۆژیش 20-12-1993 یە ، کەسانێک بەناوی دین و پیرۆزی قورئانەوە جاڕی شەڕێکی نەگریسیان دا ، وەلێ ئاسمانی بەرائەتی پێنج شەهید بوونە مێداڵیای هەمیشە سەوز و هەمیشە ژیان و هەمیشە ئاشتی ئەو دەڤەرە بۆ ئەمانەتی داوا و خواستی مامی گەورە لە چەسپاندنی ئاشتی و پێکوەژیان ، سوێندیان بە قورئانەکەی دەستیان خوارد کە نەبنە فتیلەی شەڕێکی نەخوازراو ، ئەو وەعد و پەیمانەشیان بەخوێنی خۆیان لەسەر پەڕەی مێژوو نەخشاند!
    ئاخر ئەوسا کوردستان لە نەشئەی ڕاپەڕین دابوو ، دەسکەوتەکانیش نەخەمڵی بوون ،  شانەکانی ڕێکخستنی شار هەر بە هاوتای دڵسۆزی جاران لەخەباتی خزمەتگوزاریی خۆیاندا هەڵپەیان بوو و موژدەی هێنانەدی ژیانێکی شەرەفمەندانەیان دوور لە جیاوازی چینایەتی بەگوێی کوردستانیاندا دەدا ،  هێشتا نامە نهێنیەکانیش ساغ نەکرابوونەوە ، کەچی لەولاوە دەستە و تاقمی توند ، بەتێکەڵکردنی هەڵەی فیقهی و عەقائیدیەوە ، بە تۆخکردنەوەی بیرۆکەی ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیەوە ،  کەوتنە وێزەی خەرمانی خوێندەوارانی ئەو دەمە و لەماڵی خۆیاندا خەڵتانی خوێنیان کردن!
      دوای ئەو هەموو ساڵە خۆ حەقیەتی بپرسین ؛ چ پێویست بوو لە ڤانێکدا بەبیانوی ناشتنی تەرمێک ، لە ڕێپێوانێکی ڕێزبەستوو لە شوڕای ناوەندی حزبێک ، لە وەستانی ژنانی پەچە لەسەری کەس و خزمێک ، لە چەکداری قین لەدڵی پڕ لە تاریکی و دەست و پەنجە ڕەش بەهوتافی ئاگرینی پڕ لە کینە ، پێنج سەرکردە و کادری پێشکەوتوو کە  بەوپەڕی بەرائەتەوە گەرەکیان بوو لەپێناوی ئاشتی و ئازادییدا ، سەروەری یاسا و دیموکراسیدا خوێنی خۆیان بخەنە کاسەوە ڕووە و مەرگ ڕاپێچ بکەن؟! ئا ئەوانە هەروەک ئەوەی هەنگوینیان لەدار دۆزیبێ ، لەچاوتروکانێ باخچەی سەوزی کۆمیتەی ڕانیە بکەنە قەسابخانە و ئاشتیخوازان بەدەستی خاڵی لەچەک ،  بە زوبانی بەڕۆژووەوە  لە خوێنی خۆیاندا بگەوزێنن؟!
      خۆ ئەوان نە خواردنی ماڵی کەس دەستی پیس و ڕەق کردبوون، نە گەندەڵی و دروشمی درۆینە چاوی تاریک داهێنابوون ، نە  دین و قورئان و قیامەتیان بۆ فریودان بەکارخستبوو ، وە نە لەسەر حسابی کەس هەڵتۆقیبوون ، بەڵکە هزری کراوەی خۆیان ، خوێندەواری و خەبات و دڵسۆزیان ، توانست و لێوەشاوی و کارامەییان لە بەجهێنانی ئەرکی نەتەوەیی ئەو زەمەنە کردبونی بە بەرپرس و لە پێگەیەکی حزبیدا یەکیانگرتبوو ! بەڵێ ئەوان وەک مامۆستا و نوسەر ، سیاسەتوان و  خوێندەوار ،  پێشمەرگە و  شۆڕەسوار  لەدەوری یەک ڕێبازدا پێش ڕۆژگاری خۆیان کەوتبوون و چاویان لە وەبوو داهاتوی گەل ڕۆشن و دەسکەوتەکانیش گەورەتر کەن ، هەر بەو چەشنەش بۆ پارێزگاری لەو ئەزموونە بەتێڕوانینێکی فەلەسەفیانەی وردەوە بەرپرسیارانە شەهادەتیان هەڵبژارد.
      وەلێ ئێستا دوای "25 " ساڵ غەدر لێیان ، پێنج ئەستێرەن ، درەوشاوەن ، لە چاوی یەک بەیەکی ویژدان زیندوان مەشخەڵێکی هەڵکراوەن ، هەموو ڕانیە بە حەسرەتەوە ئاکارەکانیان دەبژێرێ  ، خۆشبەختانە کەسی ئەوان ، ڕۆڵە و یادگارە جوانەکانیان دەلالەتی پاکێتیانن ، هاوسەرەکانیان بەسەری سپی بلورینەوە چرایەکی پڕشنگداری نەکوژاوەن ، ڕۆڵەکانیش بە ڕێچکەی باوانیاندا لەبەرزی تێگەیشتنیانەوە ئێستا پۆشتەن و وەک نەمامی ژێر سێبەری ئارامگایان سەریان بەرزە و تیایاندا هەیە  پزیشک ، نمونەی گەورەیی و بەخشندەن  خەمیان قوڵە و پارێزەری یاسان ، هەشیانە بەچەشنی ئەوان سەرکردەن!
       دروود بۆ گیانتان شەهیدانی چەسپاندنی ئاشتی هەڤاڵان مامۆستا محەمەد سوڵتانی دڵپاک پارێزەری وەعد و بەڵێن ،  شەهید بەختیاری جوان نوس و جوان بین و جوان پەروەر ،  مام سلێمان فەخری پێشمەرگەی دوو شۆڕشی نەپساوە و مرۆڤە ڕۆح سپیکە ،  کاکە عەلی مام قادر بەپرسی شانە نوستوەکان و کوانوی ڕاپەڕینەکانی هەشتا و دوو و نەوەد و یەک ،  شەهید مستەفای کاکە سور ، کادرە ڕۆح و سوک و پێشمەرگە مەجلیس خۆشەکە ..ڕۆحتان ئاسودە و کاروانی خەباتتان بۆ هەمیشە نەپساوە.
‌‌ زیاتر ...
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
دکتۆر محەمەدئەمین
جه‌مال ئارێز
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ