بیروڕا
پلان چییە بۆ کەمکردنەوەی زیانە سروشتییەکان؟
مستەفا محەمەد

     لە هەموو وڵاتێکدا ئەرکی لە پێشینەی حکومەت لە ئەگەری روودانی هەر کارەسات و پێشهاتێکی سروشتیدا پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری و پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیانە، ئەگەرچی هەموومان دەزانین کە زۆر ڕووداوی سروشتی وەک بومەلەرزە پێشبینی کردنیان ئەستەمە ، بەڵام ئەکید لە توانای دەوڵەتدا هەیە کە بە ڕوئیای سەردەمیانەوە پلانڕێژی بکا بۆئەوەی حەجمی کارەسات و ماڵوێرانیەکانی بومەلەرزە یا کۆبوونەوەی ئاوی باران و لافاو هەم لە ڕووی گیانیەوە، هەمیش لە ڕووی ماددی تا ئاستێکی باش کەم بکاتەوە .
     بە داخەوە هەموو ساڵێک هەندێک ڕووداوی وەک لافاو لە ناوجەرگەی شارەکاندا دووبارە دەبنەوە و لەحاڵەتەوە بوونەتە دیاردە و زەرەمەندی سەرەکیش هاوڵاتیانن، سەکنای ژیان و شوێنە گشتیەکان ، ژێرخانی ووڵات و ئاستی بژێویان توشی شڵەژانێکی گەورە دەکا، هۆکەشی ڕوونە کە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان پێش جێبەجێ کردنیان دیراسەیەکی وورد ناکرێن و کاتین، ئەولەویەت نیە بۆ هەندێک پڕۆژەی گرنگی وەک ئاوەڕۆی هاوچەرخی شارەکان ، سەوزایی و دار و درەخت لە دەوروبەری شارەکان هێشتا لەستانداردی جیهانیدا لە دواوەیە ، ئەمەش وایکردووە هەمیشە شارەکان نێچیرێکی ئاسانی ڕووداوە سروشتیەکان بن ، هاوکات ئامێری پێشکەوتوو و بەهێز و ووزەی مرۆیی تایبەتمەندیش دابین نەکراوە بۆ ئەوەی لەو حاڵەتانەدا سودی لێوەرگیرێت.
      لە ڕاستیدا گرفتی گەورەی ئەم هەرێمە، نەبوونی دامەزراوە و دەزگای پەیوەندیدار نییە، زۆرینەی کات نەبوونی پلان و نەهجی کارکردنی پێشوەختە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهات و ڕووداو و کارەساتە مرۆیی و سروشتیەکان ، زیان و ماڵوێرانیەکان لەسەر هاوڵاتیان چەندبارە زێدەتر دەکات، ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوەبێ کە پرس و ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیان تا ئەمڕۆکە نەبۆتە خەمی گەورە و سەرەکی کاربەدەستان، هەربۆیە لە دوا هەڵبژاردنی هەرێمدا کە تائێستا کابینەی نوێی پێ لەدایک نەبووە باسی سەرەکی زۆرێک لە لیستە بەشداربووەکان بریتی بووە لە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانیان، ئەمەش گەواهیدەری بوونی ئاریشەی بنەڕەتیە لەم سێکتەرە گرنگەدا.
      لەلایەکی ترەوە پەیوەندیەکی پتە و و ئۆرگانیکیش لەنێوان دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزیەکاندا بەدی ناکرێ ، تا بە پشت بەستن بە داتا و پێشنیازی بەجێ ، سوودبینین لە پەیام و تێڕوانینی ئەکادیمستی ناوەندە مەعریفیەکانی وەک زانکۆ و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە زانستیەکان ، پڕۆژە و ڕەشنوسی گرنگ و هەمەلایەنە بۆ حکومەت ئامادەبکرێ تا لانی کەم لە حاڵەتی بلەز و لەناکاودا بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، بە دوور لەکاری خێرخوازی لە ڕێی دامەزراوەیەکی تایبەتەوە، دوای بینینی داتاکان، قەرەبووی زیان مەند و شوێن و پێگە کارەساتبارەکان بکرێتەوە.
       ئیتر کاتیەتی دەبێت بەرپرسانی ئەم وڵاتە لەوە تێبگەن کە کەش هەوای جیهان ساڵانە گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێ و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نابێت لە بەرکەوتنی توڕەیی سروشتی دۆخی نالەباری کەش و هەوا، هەربۆیە پێویست دەکات بۆ لەمەودوا لە بودجە و میزانیەی ساڵانەی خۆیدا گوژمەیەکی باش لە داهات بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو ڕووداوە سروشتیانە گلداتەوە تا لە ڕێگەیەوە پێداویستی بەهاناوەچونی خێرا و هێزی مرۆیی ڕاهێنراو دەستەبەر بکات، هەروەها مەرجی سەلامەتی بۆ پڕۆژەی بینا و یەکەکانی نیشتەجێ بوون دابنێ و لە جێبەجێکردنی هەر پڕۆژەیەکی ڕێگاوبانیشدا بە دیقەتەوە کار لەسەر جێبەجێکردنی ئاوەڕۆکان بەکواڵێتی بەرزەوە بکات، هاوکاتیش لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی خاوەن ئەزموونی وردی بواری بەرەنگاری ڕووداوە سروشتیەکان لە پەیوەندی دابێ تا سوود لە ڕێکارە موتتەبەعەکانی ئەوان وەرگرێت و کوردستان لە خەرابستانی توڕەیی سروشت پارێزراو بکات.
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
ژوان ئه‌حمه‌د سه‌عید
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ