بیروڕا
بودجەی هەرێم چۆن لە ململانێ سیاسیەکان دەرکەین ؟
مستەفا محەمەد
هەموو ساڵێ لەکاتی گفت و گۆ و پەسنکردنی بودجەی عێراقدا ، پشکی هەرێمی کوردستان  داشکاندنی پێ دەکرێ ، وەک ئەوەی بنەمایەک نەبێ بۆ دیاریکردنی پشکە بەشەکەی، شەڕی لایەنە کوردیەکانیش بۆ پچڕینی زیاتری بودجە بێ ئەنجام دەبێ ، سەیرلەوەدایە زۆرجار سەرۆکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتی دارایش وەک لایەنی مەعنی بەو پرسە لەلایەن کوردەوە ئیدارە دراون و بەڕێوە دەبرێن!
پرسیارێکی سادەیە ، ئەرێ بۆ یەکێک لەو لایەنانە ، نەمانبینی لەو هەموو دانیشتنانەی لەنێوان هەرێم و ناوەندا دا ڕێکی دەخەن پێشنیازی پلانێکی درێژخایەن و کۆنکرێتی بۆ بودجەی گشتی بکەن ، تائەو بابەتە بەیاسا و ڕێنمایی ڕێک بخرێ و نەخزێنرێتە ناو مەعمەعە و ناکۆکیە سیاسیەکانەوە؟! لەکاتێکدا وەک زانراوە بودجە لەسەر ئاستی ژمارە و چڕی دانیشتوان و پێگە ئابوری و جیۆپۆلەتیکیەکانەوە دیاری دەکرێ ، ئەمەش دواجار دەمانخاتەوە بەردەم  پێوانەیەکی تایبەتمەند و عورفیەوە کە پێی دەڵێن سەرژمێری گشتی.
     دیارە لە ڕابردوودا لە عێراقدا چەندین جار ئەو ڕێککارە گیراوەتە بەر ،  دوا سەرژمێریش کە کورد بەشداری پێکرابێ تیایدا لەساڵی 1987 دا ئەنجام دراوە ، ئەمەش بۆ زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی عێراق و یەکسان دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت و ناوخۆ لەبودجەی تەشغیلی و پەرەپێدانی پارێزگاکان و ڕوئیای دەوڵەتداریی سودیان لێوەرگرتووە و کردویانەتە بنەما بۆ پلانی کورت مەودا و درێژخایەن و بوژاندنەوە و پێشخستنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان ،  هاوکات بۆ مەرامی سیاسی و زانینی دیمۆگرافیا و پێکهاتە ئەتنیکیەکان و گۆڕانکاری تیایاندا بەکارهێنراوە و سودی لێوەرگیراوە.
      لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە تا ئێستا سەرژمێری نەکراوە ، ئەمەش وای کردوە پلانی زانستی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات  ناڕۆشن بمێنێتەوە  ، دواجار ساڵانە نادادی لەدابەشکردنی داهاتی گشتیدا ڕووی داوە ، بۆ چارەسەری ئەم دۆخە بیرمە لە 2004 دا  سەرۆک مام جەلال مەسەلەی سەرژمێری وروژاند و پێویستی ئەنجامدانیشی ڕوونکردەوە و چەند هەنگاوێکیش بۆ پراکتیزەکردنی هەڵگیرا ،  بەڵام ئەوسا سەرەتای دروستکرنەوەی عێراق بوو ، وە نەتوانرا هەوڵەکە لەئەرزی واقعدا وەک چۆن پێویستە جێ بەجێ بکرێ ، تا لەساڵی 2009 وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەبڕیارێک جەختی لەنجامدانی سەرژمێری کردەوە ،  بۆ ئەم پڕۆسەیەش  بوجەیەکی زەبەلاح خەرج کرا و وەک هەنگاوی یەکەمیش ( قۆناغی گەمارۆدان و ژمارەلێدان ) بەڕێوەچوو بەڵام  بەهۆکاری سیاسی جارێکی تریش ئەو سەرژمێریەی کە وابڕیاربوو لە 2010 ئەنجام بدرێ بۆکاتێکی نادیار تەئجیل کرا ، لەبەرامبەریشدا بە نزیکەیی پشکی حەڤدە لەسەدی بودجەی عێراق بۆ هەرێم بڕایەوە.
     ئەوسا بەندە یەکێک بوو لەبەشدارانی ئەو پڕۆسەیە وچەندین دیمانەی ڕۆژنامەوانیمان بۆ گرنگی پێدان و هۆشیاری گشتی لەبارەی سەرژمێری و بەدەنگەواهاتنی پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری ئەنجامدا، خۆشبەختانە  توانرا چەند ژمارەیەکی تەخمینیی لەبارەی تێکرای مردن و لەدایک بوون و کۆچکردوانی دەرەوە ، ئاستی بژێوی و فراژووبونی ئاسۆیی و ستونی دانیشتوان لە گوند و گەڕەک و شارۆچکە و پارێزگاکاندا تۆمار بکرێ و بەجیاواز لە زانیاریەکانی کۆبونی خۆراک ، ژمارەیەکی دروست لەبارەی ژمارەی دانیشتوان و چڕی و ئاستی بژێوی و زۆر لایەنی تری پەیوەست بەو بابەتە بۆ حکومەت وەدەست بهێرێ، خۆ ئەگەر ئەو پڕۆسەیە بە کۆتا گەیشتبا ئێستا هیچ پێویستیمان بەو ململانێ توندەی نێوان هەرێم و ناوەند نەدەبوو ، سڵانەش بودجە ( تحصیل حاصل ) بەحەجمی شایستە و ڕاستەقینەی خۆی دەگەیشتە دەستمان.
هەر بۆیە لەسەر نوێنەرانی کورد پێویستە لەجیاتی شەڕی لابەلا و کاتیی ، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە تا کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی کاری کردەیی و فیعلی بنێ بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری و پڕۆسەکەش لەژێرچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا   بێ خەوش و دوور لە هەڵە لە سەراپای عێراقدا ئەنجام بدرێ ، کە ئەوە کرا  ئەوە بەدڵنیاییەوە ساڵانە لەسەر قوت و موچەی فەرمانبەران و بودجەی پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی هەرێم خۆمان لە شەڕێکی چەندبارە دەرباز دەکەین و ئاست و قەبارەی پێشکەوتی ژێرخانی وڵاتیش بە کردەیەکی ژمێرەیی لەناو لەپی دەستماندا دەبێ .
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
ژوان ئه‌حمه‌د سه‌عید
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ