بیروڕا
ئایندەی حوکمڕانی و بژاردەی دوو ئیدارەیی .
مستەفا محەمەد
  کاتێک تەنگژە سیاسیەکانی پارتی و یەکێتی پەرە دەسێنن و پێ دەخەنە قۆناغێکی سەخت و دژوار، ئەوەی کە پێی دەوترێ یەکڕیزی نیشتمانی و کاری پێکەوەیی لە پەڕاگەندەییدا هێڵێکی بۆ نادۆزریتەوە ، ئەگەر ڕەوتی میانڕەوی هەردوو حزب دەریچەیەکی خێرا بۆ نیگەرانیەکانیان نەدۆزنەوە بانگەشەی مۆدێلێکی نوێی کاری حکومەتداریی و فەرمانڕەوایی هەرێم لە نزیکترین وادەدا دەبێتە ئەمری واقع و  لەناوەندە جیاوازەکانیشدا باس و خواسی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێ.

فاکتەری ئەو نەزعە لە زهنی شەقامی کوردی و تەنانەت نوخبەشدا زۆرن ، لە پێش هەمووشیانەوە بەردەوامی دان بە شەڕی سارد و کۆنەقینی نێوان هەردوو حزب و وون بوونی متمانە و ووردکردنەوەی ناکۆکیە مەنهەجیەکان لە بیری تەسکدا ، هاوکات قەتیس هێڵانەوەی ڕۆڵی بەهێزی حکومەتە لە هەولێر و گەشانەوەی ئابووریی ناچونیەکە لە کوردستاندا ، وە ترسە لە جارێکی تری پێچانەوەی پەرلەمان و کڵۆمکردنی دامەزراوە شەرعیەکان ، ناڕازی بوونە بە هەوڵی بێ ئەرزشکردنی دەسەڵاتی لامەرکەزی لە پارێزگاکان و ڕەنگدانەوەی بەکارهێنانی مینبەری سەرۆکایەتی حکومەت لە قازانجی تەنها حزبێکدا ، هاوکات هەڕەشەی زۆر و شڵەژانی ناپێویستیشە لە یەکاڵاکردنەوەی پۆست و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە شیاسیەکاندا!

     هەربۆیەشە ئەوەی هەمیشە لە پەراوێزی ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو هێزە هەڵدەتۆقێ بیرۆکەی دوو ئیدارەیی و خۆ ڕێبەری زۆنی سەوز و زەردە و ڕاستەوخۆ وەک بابەتێکی شوم  دەهێنرێتەوە بەر باس و وەک مەترسیەکیش بۆ  لەت و پەتکردنی قەوارەی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا لێک دەدرێتەوە  ، وە ماکی وون بوونی پڕۆژە ستراتیژیەکانی کورد لە ئەمڕۆی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و سەروبەندی ڕاگەیاندنی دوا ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی هەرێم دەکەوێتە بەر نەشتەری فەنابوونی یەکجارەکیەوە .

ئەگەرچی واقعی سیاسی ئێستا و هەل و مەرجە ئیقلیمیەکانیش ڕێگر و لەمپەرن لەبەردەمیدا ، بەڵام هەر کەسێک لەهەر پێگە و جێگەیەک بێ ، یا وەک هەڵوێستێکی نیگەتیڤانەی پەرچەکرداریی بێ پەروا بانگی لەتبوونی کیانی هەرێمی کوردستان لێ بدا و لەپێناوی دزینەوەی ڕۆڵدا دەسکەوتەکانی حکومەتی هەرێم بێ بەها بکات ، یا تێڕوانینێکی دوژمنکارانە لە بەریەککەوتنی ئەو دوو هێزەدا بچێنێ و دەستی هەبێ لە بڕیاردان لە وەها بیرۆکەیەکدا ، گومانی تێدانیە بەشداری دەکا لە یەکسان کردنەوەی ئەزمون و قەوارە سیاسیەکەی کورد لە عێراقدا( کە دەستوور ڕێگەی داوە ) بەسفر و ڕێگەش خۆش دەکا بۆ حکومەتی ناوەند مامەڵەی پارێزگا لەگەڵ دوو زۆنەکەدا بکا و لەڕووی لۆبی و پێگەی نێودەوڵەتیشەوە چەندان فرسەخ دەگەڕێینەوە داوە.

بەڕای من دەکرێ بۆچوونی جودا هەبن لەبارەی شێوە و میکانیزمی حوکمڕانی ، پچڕینی زۆرترین بەشی پێکهێنەری کابینەی نوێ، بەڵام ناشکرێ ناکۆکیەکانی هەردوو حزبی سەرەکی بە وێنەی هەندێ لایەن بگەنە بنبەست و دەروازەکانی گفتوگۆ لەسەر یەکتر دابخرێن ، چونکە واقیعێکە و نادیدە ناگیرێ کە نە یەکێتی بێ پارتی و نە پارتیش بەبێ یەکێتی دەتوانێ فۆڕم و شکڵ و شێوەی ئاییندەی دەوڵەتداریی لە هەرێمدا بە لەدایکبوونی کابینەیەکی خزمەتگوزار و بێ قەیران بخاتە ڕێ و تای تەرازووەکە بە بەهێزیی بهێڵێتەوە ، وە ستراتیژیەتی کاری پێکەوەیی و دوور لە تەشەنوج لەئەزمونی سیاسی و حوکمڕانیدا  ڕاست بکاتەوە !

‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ