بیروڕا
خاشڤچی سعودیە دەگەیەنێتە کوێ؟
مستەفا محەمەد
دوای هەژدە ڕۆژ لەدیارنەمانی  ، دواجار لە ڕاگەیەنراوێکی گوماناویدا شانشینی سعودیە دانی بە کوژرانی ڕۆژنامەنوسی سعودی  جەمال خاشقچی لەناو باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە وڵاتی تورکیادا نا ،  پرسیارە جدیەکە ئەمانەن ،  ئەو چیرۆکەی ڕیاز بڵاوی کردۆتەوە تاچەند بۆ پەردەپۆشکردنی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی خانەوادەی شای سعودیە داڕێژراوە؟ ئەو هەنگاوانەی لە دوای دانپێدانانەکەی  سعودیەوە دێن چین ؟یاخود ئەو زیانانەی لەکوشتنی ڕۆژنامەنوسەکەدا لەەسەر ڕیاز دەکەونەوە  چی دەبن. 
لەدەسپێکی وڵامی ئەو پرسیارانەدا گرنگە کەسێتی خاشقچی بناسین ، وەک نوسەر و هاوەڵە نزیکەکانی باسیان کردوە کە خاشقچی نوسەر و ڕەخنەگرێکی ڕاڕا بووە ،   مەسیرەی پیشەیی و ڕۆژنامەگەری ئەو بەدرێژایی زیاتر لە 40 ساڵ بریتی بووە لە هەڵبەز و دابەز و چڕینە لەسەر چەند ئاوازێکی لێک جودا و دژ بە یەک بەجۆرێک ماوەیەک خاوەنی ڕوئیایەکی ئیخوانی و ماوەیەک لەسەر ڕیتمی شازادەکانی ئال سعود و ماوەیەکیش وەک ڕۆژنامەنوسێکی لیبڕاڵ و ناسیۆننالستێکی عەرەب نوسینی هەبووە و خۆی ناساندووە.
بەگەڕانەوەیەکی کورتیش لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی سعودیە لەگەڵ ئەم کەیسە بۆت دەردەکەوێ کە شڵەژانێکی گەورە تەختی شانشینی ڕیازی  هەژاندووە ، وەک دیاربوو سەرەتا کونسوڵخانەی سعودیە لە تورکیا لە زاری ئیبراهیم عتێبی کونسوڵ خۆیەوە ڕایگەیاند کە دوای چەند خولەکێک مانەوە ، خاشقچی کونسوڵخانەکەی جێ هێشتووە و ئەوان لەسۆراخی ئاگادارنین وەک ئەوەی پێیان وابووبێ کە کوشتنەکەی بەئاسانی پەردە پۆش دەکرێ و بەپێی کاتیش  بیردەچێتەوە..بەڵام میدیای جیهانی لە پێشیشیانەوە کەناڵی جەزیرەی قەتەریی نەیانهێشت بەئاسانی ئەو تاوانە بشاردرێتەوە ،  ئەمەش سعودیەی ناچارکرد ڕیوایەتێکی ساویلکانە بهۆنێتەوە و ڕایبگەیەنێ  کە خاشقچی بەهۆی دەمەقاڵێ و شەڕە بۆکسەوە لەگەڵ ئەندامانی کونسوڵخانەکەدا کوژراوە!
جارێ ئەگەرچی تاوانەکە لەسەر پێگەیەکی خاوەن سەروەریی سعودیەدا ئەنجامدراوە ، بەڵام هەڵبژاردنی تورکیا بۆ تەسفیەی خاشقچی و کوشتنی لە ئەستەنبوڵدا هەڵگری پەیام و  ئاماژەیەی زۆرە و  دەکرێ لەبچوکترین پێناسەشدا بەکەم سەیرکردنی ئەنقەرە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی لێک بدرێتەوە ، چونکە بەبەرچاوی ئەوانەوە تیمێک لە سعودیەوە دێن و لەناو جەرگەی پێگەی سیاسی ئەردۆگاندا تیرۆرەکە ئەنجام دەدەن ، ئەوە تەحددیەکی گەورەیە و هەر ئەمەش بووە هۆی توڕە کردنی ئەنقەرە و سوربوونی لە ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی و دروستکردنی پشتێنەیەکی توندی ئەمنی  لە چواردەوری کونسوڵخانەکە و دزە پێکردنی مولابەساتی کەیسەکە بۆ میدیا جیهانیەکان و جوڵاندنی ویژدانی ڕای گشتی بۆ ئەو کەیسە.
      کوشتنی خاشقچی بەدەر لەوەی کەیسێکی ئینسانیە ، هاوکات تاوانێکی قێزەونی گەورەیە و ڕەهەنێکی سیاسیشی بەخۆوە گرتوە ، واپێدەچێ بەئاسانی بێ سزادان تێنەپەڕێ و ئیجرائاتی توند و کاردانەوەی  نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا بێنێ ، چونکە ئەم کوشتنە لە بنەڕەتدا لە کوشتنێکی پلان بۆداڕێژراو دەچێ و ناتوانێ قەناعەت بە خۆرئاوا بکا کە حکومەتی ڕاز تێوەنەگلابێ ، گومانەکانیش زێدەتر لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە لەسەرەتادا پلانێک هەبوو بۆ بەلاڕێدا بردنی کەیسەکە بەڵام لەژێر زەختی نێودەوڵەتیدا سعودیە دانی بەتاوانەکەدا ناوە ،وە ڕەهەندە سیاسیەکەشی  لە ئاستێکدایە کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودی تووشی سەرئێشە و تەنگژەیەکی زۆری سیاسی و ئابوری دەکا ،  وە لەئاستی نێودەوڵەتیشدا هێندەی تر سومعەی فەرمانڕەوایی ئال سعود خراپتر دەکا و گومانەکانیش لە تێوەگلانی محەمەد کوڕی سەلمان زێدە تردەکا ، دواجار ئەگەر شا سەلمان  گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە هەیکەلیەتی شانشینەکەیدا نەکا ، خاشقچی دەبێتە بۆمبێکی سوتێنەر و بنەماڵەی شا دەخاتە بەردەم خەشم و توڕەیی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا کە لەگەڵ هەر باشبوونێکی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێراندا حەزی نغرۆکردنی سعودیە لە گرفت و قەیراندا دەبێتە ئەمری واقع و دەرچوون لێی لەمەحاڵ نزیک دەکاتەوە.
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ