بیروڕا
دیوە شاراوەکەی پشت ئەنجامە بەراییەکان
مستەفا محەمەد


ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان وەک بڕیار بوو بە تەواوی لە دوای وادەی حەفتاودوو کاتژمێرەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستانیش هۆکارەکەی بۆ زۆری هەڵە لە فۆرمەکانی، ٥١، ٥٢ و ٥٣ گێڕاوەتەوە، ئەم بیانوانە ڕوونکردنەوەی باوەڕ پێکراو نین و پێدەچێ لەژێر پەردەوە کێشمەکێشمێکی گەورە و ترسێکی گوماناوی لەلایەن کۆمسیارانەوە لەبارەی ساختەکاریەکەی پارتیەوە خۆی حەشار دابێ و پشکی لایەنە سیاسیەکانیش ڕەنگدانەوەی گەورەی بووبێ لە بڕیاری سەربەخۆی ئەو دامەزراوەیەدا ، باشترین بەڵگەش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانە بێ ئەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران واژۆیان لەسەر ئەو ئەنجامە بەراییانە هەبێ !
دیاریکردنی ژمارەی ئەو فۆڕمانە کە گوایە ئیشکالیەت و هەڵەی زۆریان تێدایە لەوەیە بۆ یەکێ کە تەنها بینەری شانۆگەریەکەی کۆمسیۆنن و لەدوورەوە سەیر دەکەن ئاسایی بێ، بەڵام بۆ کەسانێک کە لە ووردەکاری ئەو فۆڕمانە شارەزان وێنە گشتیەکە جیاوازە و دەردەکەوێ کە کۆی پڕۆسەکە تەم و مژاویە و ئەگەر پەلە نەکرێ لە چارەسەر کردنیان ، دوور نیە ئەنجامە هەڵەکە کە سەدا هەشتاوپێنج بوو وەک خۆی بسەپێنرێ.
بۆ زانیاری خوێنەری ئەم وتارە ، ئەوەی لە زمانی خێرا و پەلەپڕوزێی وتەبێژی کۆمسیۆنەوە ڕاگەیەنرا بۆ ئەو فۆڕمانە بریتیە لە هەڵە و کەم و کوڕی لەکۆی پڕۆسەکە ، چونکە فۆڕمی ژمارە 51 سەرجەمی داتا و زانیاریەکانی پەیوەست بە هەموو وێستگەکانی تێدا تۆمار کراوە و بە دەست پڕکراوەتەوە،وە فۆڕمی ژمارە 52 هەموو ئەو داتا و زانیاریانە بەڕێگەی ئەلیکترۆنی و ئەپلیکەیشنێکی تایبەتەوە بۆ وێستگەی سەرەکی دەگوازێتەوە کە ناویان ناوە وێستگەی نیشتمانی ، هاوکات فۆڕمی ژمارە 53 ش هەرچی زانیاری ناو وێستگەکان و بنکە و داتاکانی ناو فۆڕمەکانی پێشووە و کۆتا ئەنجامی پڕۆسەکەش دەداتە دەست تیایدا هەڵدەگیرێ!
کەواتە ئەوەی وتراوە کێشەکە تەنها سەیرکردن و بەدواداچوونی تانەی لایەنە سیاسیەکان نیە بۆ زیاتر لە سەد هەزار دەنگێک کە قردێلەیسوریان لێ دراوە ، بەڵکو سەرلەبەری پڕۆسەکە لەبەردەم مەحەکدایە.
لە ڕاستیدا ئەوەی پێویستە لایەنە سیاسیەکان بیکەن تا ئەو هەڵە زەقانە و ئەو تەڕەف گیریەی کۆمسیۆن بۆ لایەنێکی سیاسی دیاری کراو نەچێتە سەر، مکوڕبوونی نوێنەرەکانیانە لەناو ئەنجومەنی کۆمسیاراندا لەسەر ئەو هەزار و چل و پێنج سکاڵایەی تۆمار کراوە بۆ سوتاندنی دەنگی حەرام و جیاکردنەوەی حەجم و ڕێژەی دەنگی راستەقینەی هەر لایەنێک وەک خۆی ، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە نەکرێ پێویستە کۆی پڕۆسەکە هەڵبوەشێننەوە ، گومانیشی تێدانیە ئەگەر بە وردی چارەسەری ڕیشەیی تەزویرەکە بکرێ ، ئەوا گۆڕانکاری گەورە دروست دەکا لە ئەنجامەکاندا ، ئەوسا بە کردەوە دەتوانرێ ڕێگری لە پەرلەمانتاری ساختە بکرێ بۆ چونە ناو حەرەمی پەرلەمان و بۆ داهاتووی چوارساڵی ڕۆڵی تەشریع و ڕەقابیش فەوزا و کێشەیەکی سیاسی نەخوازراو وەک مەترسیەکی گەورە لە هەرێم دوربخرێتەوە.
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ