بیروڕا
با شاڕێگەکەی مام سەرخەین .
مستەفا محەمەد
بە کورتبوونەوەی وادەی بانگەشە کەرنەڤاڵی سەوز کە ئاپۆرای کوڕان و کچانی خوێنگەرمی یەکێتی وەگەڕیان خستووە گەرمتر بووە و ڕەنگاڵەییتر دێتە دیدە ، لێشاوی پڕ لە جۆش و خرۆشی لایەنگران و دۆست و هەڤاڵانی لیستی 105ی یەکێتیش گەشاوەتر خۆی دەنوێنێ..هەمووان لەژێر سایە و سێبەری پڕ لە ئومێدی نەش و نمای گەنجێکی هەڵکەوتوو ، چەترێکی خزمەتگوزار و ئارامبەخشدا بەشەوقەوە دەسپێکی پایز سەوز پۆش دەکەن و بەدەنگێکی زۆڵاڵەوە بێ پەروا بانگی ئاوەدانی و گەشانەوەی ئەم هەرێمە بەگوێی کوردستانیاندا دەچڕن ! لەم کاروانی پڕ نەعرەتەیەدا جودا لەوانی دی نەوەکانی میراتگری ئایدۆلۆژیای « مام» چیان داوە لە پرتە و بۆڵە ، بۆ ئاییندەیەکی گەش دەڕوانن و دەستی ئاوەدانی یەکێتیانە بە هیممەتی پەیامی بەرپرسیارانەی نماییندەکانی ، دەست لەسەر دڵ ، دوور لە قۆرخی کار و ئاشوبی سیاسی و هەژموونی تاکەحزب و تاکەکەس ، دەوڵەتداری و پایەی حوکمڕانی دەخەنە وێستگەیەکی نوێ ، لەهەر لاوە بۆیان بڕەخسێ وەک ئەو بەڵێنەی بە خوێنی ئاڵی شەهیدانیان داوە لە هەناوی کوردەواریەوە سیستماتیک تۆی هاوڵاتی دەکەنە چەقی خزمەت و لە دۆخێکی دەروونی شەکەت و ماندووەوە دەتگوازنەوە بۆ ئارامی هەل و خۆشبەختی ژین!
دەکەواتە ، با وەکو یەک ، بۆ یەک مەبەست ئەو کیانەی بەخوێن نەخشا ، ئەمڕۆ بەدەنگ بیپارێزین ، ئەو دەسکەوتانەی دوێنێمان بە دیدێکی مۆدێرنانە بەرهەمدارتر بکەین ، دەنگەکانمان بۆ چاکسازی و یەکسان دابەشکردنی کار تەوژمێ بێ بەرەو چاکتر ، هەلێکی زێڕین بێ و بدرێتە شۆڕەسوارێکی هەڵکەوتەی ڕێچکە و ڕێبازی مام کە خوێنی ئەو لەجەستەیدایە ، هەتا زووە لەماڵێکی ڕێکخراوی پڕ لە هیواوە هەگبەیەک لەخزمەت لە کەشێکی ئارامدا بخاتە ڕێ و سەرقافڵەی گۆڕانکاریەکان بێ بۆ کوردستانێکی هەمیشە سەوز! ئەو قوبادەی مام ئەم جارە دەیەوێ بەهێزی دەنگی ئێوە گوژم و تین بداتەوە گەشەی ئاوەدانی و پڕۆژەکانتان وەگەڕ خاتەوە ، کوڕە بیرتیژەکەی مامە پشتیوانیتان دەکاتە ئەمانەتێکی پیرۆز و بەوپەڕی وەفاوە بەدیدێکی گەنجانەوە دەیخاتە گەردنی و هەنگاو هەنگاو ئەزبەریان دەکا ، هەر لەقودرەی قوبادە کە بە ڵێنی داوە لێبڕاوانە کوردستان بخاتەوە سەر ڕێچکەکەی و مژدەی ژیانێکی شەرەفمەندانە بەگوێی سەراپای پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا بدات.
ڕۆڵە بە ئەمەکەکەی یەکێتیە ، کارامە و خوێن گەرم ، دەست و برد و سەر ڕاست ، گوێڕایەڵ و خزمەتگوزار ،ئاوێتەی جەماوەری سەوز پۆش بووە و ڕۆژانە لەگەڵ خەمەکانیاندا دەژی ، دڵنیاش بن سبەینێ هەر ئەو دەبێ بە پلان و میتۆدی ڕوون داهاتوومان ڕۆشن دەکا ، دەبا ئێمەش لەم کاروانی سەرفرازیە ، لەم فێستیڤاڵی دیموکراسیە ، لەم کێبرکێی ڕۆڵ پێدان و شاندانە بەر لێپرسراوێتیە لەگەڵی بین و نوقڵ و نەباتی سەرکەوتنی لەگەڵدا بەش کەین ،دەی وەختیەتی بەدەنگەکانمان هەم یەکێتی و هەم شاڕێگەی خزمەتی بێ وچان و نەپساوەی « مام» مامی هەمووان ، بگەیەنینە لوتکە و نمایندەکانیشی لەم هەڵبژاردنەدا سەرخەین!
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ