بیروڕا
کورد لە ھاوکێشەکەدا
شادمان مەلا حەسەن
لەسەروبەندی جەنگی جیھانی زۆر لە میللەتانی ژێر دەستەی جیھان بەخۆ کەوتن و کەوتنە جوڵەی خۆیان بۆ رزگاری نیشتمانەکەیان . کوردستان بەشە زۆرەکەی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، دەوڵەتی عوسمانیش بەشێکی سەرەکی جەنگ بوو لە پاڵ وڵاتانی سوێندخۆر.

لەوکاتەدا کورد ھیچ جوڵە و خۆڕێکخستنێکی ئەوتۆی نەبوو ، جگە لە بوونی سەرکردەیەکی ژیر و دووربینی سەردەم کەوا بتوانێ خۆی لەگەڵ رەوتەکەدا بگونجێنێ و شتێک بەدەست بھێنێ وەک ئەوەی عەرەب کردیان لە نیمچە دوورگەی عەرەبی بەسەرۆکایەتی حسێنی کوڕی شەریفی مەککە. ئینگلیز لە ١٧/١١/١٩١٨دوای ٦ رۆژ لە وەستانی جەنگ ھاتنە سلێمانی و ئیدارەیەکی کوردیان بەسەرۆکایەتی شێخ مەحمود راگەیاند. ئەوکات ھێشتا دەوڵەتی عێراق بوونی نەبوو لەسەر نەخشە و تەنانەت لە کۆڕو کۆبوونەوەکانیش ، بەداخەوە جا ھەڵەی ئینگلیز بوو یان کەم پشوویی شێخ مەحمود و دەورووبەرەکەی بوو نەیان توانی لەگەڵ کەشەکە ھەڵبکەن و درێژەی پێبدەن و تا سەر بیبەن بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتری بەدواوە بێت .

دوای ئەوەی ئیدارەکەی شێخ مەحمود نەما ئینگلیز دەوڵەتی عیراقی دروستکردو کوردستانی خستە ناو ئەو نەخشەیە . لەو کاتەوە کورد دۆڕاندی ھەرچی کردویەتی لە بازنەی خۆماڵی بووە تاکو ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ دەستی کەوت لە ئەنجامی ھەلەیەکی رژێمی بەعس کە ھەلسا بەداگیرکردنی کوێت و کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد و بوونی یەک جەمسەری دونیا کوردستانی باشور دەستی لە قەوارەیەک گیربوو.

بە دوای ئەودا رووداوی ١١ی سێبتەمبەر ھاتە کایەوە و پەرچە کرداری ئەمریکا ئەوەبوو رژێمی بەعسی رووخاند کورد زیاتری دەستکەوت لە رووی سیاسی و ئابووری و جوگرافی و سەربازی گەشەی زۆر باشی کرد . لە ئەنجامی سەرھەڵدانی تیرۆرستانی داعش کورد زیاتر لە شوێنی خۆی چەسپا، بەڵام کورد ھەرخۆی لەسەر ئەم دەستکەوتانە ئارامی نەگرت و ئەوەبوو دەستی بۆ کارێکی بێ سوود برد ، ئەویش ریفراندۆم بوو ،ئەنجامی ریفراندۆم لە قازانج سفر بوو بەڵام لە زیان یەکجار زۆر بوو. 

کێشەی کورد زۆر چۆوە دواوە ، لە ئێستاشدا ئەوەی جڵەوی کێشەی کوردی لە دەستە دوربین نیە بۆ ھاوکێشە نێودەوڵەتیەکە ، ئایا بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات ، کورد خراپ لە پێشھاتەکان گەیشت پێی وابوو نەخشەی جوگرافی ناوچەکە بەم رووداوانە دەگۆڕدرێت، بەڵام بە دەرکەوت وڵاتانی زلھێز تاکو ئێستا ھەوڵیان بۆ ئەوەیە نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەکو خۆی بمێنێتەوە و دەستکاری نەکرێت ، بۆیە کورد ئەگەر ووریا نەبێـت لەوانەیە ئەوەندەی ماویەشیەتی لە دەستی بدات بە راستکردنەوەی ئەو ھەڵە ھەرێمیەی کە سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٩٠ کردی لە ناوچەکەدا.
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
ژوان ئه‌حمه‌د سه‌عید
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ