بیروڕا
ھاوسەنگی لە حکومڕانیدا
سەعدی ئەحمەد پیرە
ئەنجوومەنە ھاوسەنگڕاگرەکە
بابەتێکی گرنگ و جێی ھەڵوەستە لەسەر کردن، بریتییە لە دەسەڵاتی فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا. ماددەی (٤٥)ی دەستوور دەڵێت: دەسەڵاتی تەشریعی پێکدێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی. لەم ماددەیە بەدوا تا ماددەی (٦٤) ھەمووی پەیوەندیدارە بە ئەنجوومەنی نوێنەران و لە ماددەی (٦٥)دا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنجوومەنی فیدراڵی لە نوێنەرانی ھەرێمەکان و پارێزگا نارێکخراوەکان پێکدێ و ئەرک و دەسەڵاتەکانی بە یاسا رێک دەخرێت. ئەم ئەنجوومەنی فیدراڵیە وەکو ئەوەیە کە لە ئەمریکا لە پاڵ ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجوومەنی پیران ھەیە، یان لە ئەڵمانیا جگە لە پەرلەمان، ئەنجوومەنێکی تر ھەیە کە لەوێش ئەنجوومەنی فیدراڵی پێدەوترێت، ھەموو یاسا و بڕیارەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) دەردەچێ دەبێ ئەو ئەنجوومەنە رەزامەندی لە سەر بدات، سیانزدە ساڵ بە سەر پەسەندکردنی دەستوور تێپەڕیوە و تا ئێستا ئەو ئەنجوومەنە پێک نەھێندراوە و یاسای بۆ دەرنەکراوە. دەبوو کورد لە زووەوە پێداگیری بکات لە سەر پێکھاتنی ئەم ئەنجوومەنی فیدراڵیە، چوونکە ئەم ئەنجوومەنە دەبێتە زامنی ھاوسەنگی لە حکومڕانی و بەرگرتن بە ھەر ھەوڵێکی شۆڤینیانە لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا کە دژی ھەرێمی کوردستان ھەبێت. کاتێ ئەو ئەنجوومەنە ھەبێ، دەبێ ھەموو یاسا و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بنێردرێنە ئەو ئەنجوومەنە و ھەر بڕیار و یاسایەکیش نوێنەرانی سێ پارێزگا لە دژی بن دەوەستێ و ناتوانرێ تێپەڕێنرێت. ئەمە خۆی زەمانەتی ئەوەیە کە زۆرینە و کەمینە لە بڕیارەکاندا نەبێ و بە دژی کەمینە نەکەوێتەوە. زۆرجار زۆرینەی نوێنەران لە دژی کورد بە کارھاتووە، بەڵام ئەگەر ئەم ئەنجوومەنە یاسای بۆ دەربکرایە و پێکبھاتایە ئەوەیان بۆ مەیسەر نەدەبوو، چوونکە ئەو ئەنجوومەنە دەبووە رێگر لەوەدا. 

کارەکانی ئەنجوومەنی فیدراڵی

ئەنجوومەنی فیدراڵی لە ئەڵمانیا، ئەنجوومەنی پیران لە ئەمریکا کاریان چییە، بە ھەمان شێوەش ئەو ئەنجوومەنی فیدراڵیە لە عێراق دەبێ ھەمان ئەو کارانە بکات و ھەمان دەسەڵاتەکانی پێبدرێت. وردەکارییەکانی ئەنجوومەنەکە دەبێ بە یاسا رێک بخرێت، ئایا پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی یاسا و بڕیارەکان لەلایەن ئەم ئەنجوومەنەوە چۆن و چەند دەبێ؟ ھەڵبەتە ئەم ئەنجموونە گرنگی زۆری دەبێ و دەبوو کورد چەندە پێداگیری لە سەر ماددەی (١٤٠) دەکات، بەو رادەیەش پێداگیری لەسەر ئەم ماددەیە بکردایە، چوونکە ھەبوونی ئەم ئەنجوومەنە خۆی دەبووە پشتیوانێکی باش بۆ ئەوەی ھیچ یاسا و بڕیارێک بە دژی کەرکوک و ناوچەکانی تر و بە دژی ھەرێمی کوردستان دەرنەچێ. جگەلەوەش دەبوو دەرخەری پەرۆشی کورد بۆ دیموکراسیزەکردنی حکومڕانی لە عێراقدا.

ھاودژی لە دەسەڵاتی دادوەریدا

 ماددەی (٨٧)ی دەستوور دەڵێت: دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە، بەڵام لە راستیشدا سەربەخۆ نییە و ھەر خودی دەستوور و میکانیزمە یاساییەکانیشن بوونەتە ھۆی ئەوەی سەربەخۆ نەبێت. ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە بۆ لە سەر بنەمای پێکھاتەکان و ئەتنیک و مەزھەب و چی و چیتر ئەندامەکانی دیاری دەکرێت و دادەنرێت؟ ئەگەر بێلایەن و سەربەخۆیە بۆچی کوردبوون و عەرەب بوون و تورکمان بوون، سوننە بوون و شیعە بوون، ئیسلامبوون و مەسیحی بوون لەبەرچاو دەگیردرێ؟ مەگەر یاساکان و رێکارە یاساییەکان و بڕیارە یاساییەکان دەشێ بە گوێرەی جیاوازی ئەمانە بگۆڕێن؟ ئەوان ئەگەر جێبەجێکەری یاسان و یاساش یەک یاسایە، ئیتر ئەم بە بنەماگرتنە ئەتنیکی و ئاینی و ئانزاییە بۆچی؟ کەواتە ئەم ماددەیە و ئەوەی جێبەجێ دەکرێ لە دادگا و دامەزراوە دادوەرییەکانی بە تەواوی ھاودژ و پێچەوانەی یەکترن، دەستوور دەڵێ جگە لە لایەنە دادوەرییەکان ھیچ لایەنی تر بۆی نییە دەست بخاتە کاروباری دادوەرییەوە.. ئەمە ئەوکاتە راستە ئەگەر سەرۆک و ئەندامانی دامەزراوە دادوەرییەکان لە سەر بنەماکانی ساڵی خزمەت و ئاستەکانی پسپۆڕی و لێھاتوویی یاسایی دانران، کاتێک لە سەر بنەمای تر دامەزاروەکان و دادگاکان پێکھێندران ئیتر ئەم ماددەیە بێ واتا دەبێت. ماددەی (٩١) کاتێک باس لەوە دەکات ھەڵبژاردنی ئەندامانی دادوەرییەکە لە رێی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێ، کەواتە زۆرینە و کەمینە، ئەتنیک و ئایین و ئانزا دێتەوە ناو مەسەلەکە و رۆڵی ھەیە لە دیاریکردنەکەدا، ئەمەش وا دەکات ئەو سەربەخۆییە بەدی نەیەت کە پێویستە دامەزراوە دادوەرییەکان ھەیانبێ. لە راستیدا نابێ بەوجۆرە بێ، بەڵکو دەبێ کاندیدکردنەکان لە سەر بنەمای ئەزموون و تەمەن و رۆشنبیری یاسایی و کاری رابردوویان بێ، پاشان ھەڵبژاردنەکان لە نێو دامەزراوە دادوەرییەکان بێ، نەک لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران. خاڵی ھەرە گرنگ لە دەسەڵاتی دادوەری ئەوەیە کە دەبێ بسلەمێنێ بۆ ئەوە ھاتووە ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوە، چوونکە بە گوێرەی ئەزموونەکان ھەموو ئەو یاسایانەی کە پێویست بووە لە دوای ساڵی ١٩٢٥ەوە وەکو پێویست جێەجێ نەکراوە و یاسا بە سیاسی کراوە و لە سەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی مافی تاک و کۆمەڵ نەبووە لە جێبەجێ کردندا، ئەگەر سیاسەتی گشتی دەوڵەت و حکومڕانان لێی رازی نەبووبن. ئەو دەستوورەی ئێستای عێراق لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە بەوشێوەیە دانراوە کە ئەم دیاردە مێژ١ووییە لە بەین ببات و ببێتە چەتری کۆکەرەوەی ھەموو عێراقییەکان. کاتێک پێی دەوترێ عێراقی تازە بۆ ئەوەیە چەند شتێکی تیادا بەدی بێت: یەکەم: دادوەری و دادگاکان بە سیاسی نەکرێن و یاسا سەروەر بێ. دووەم/ یاسا جیاکەرەوە و کۆکەرەوە بێ. سێییەم: یاسا ھێز بێ و ھێز یاسا نەبێت. چوارەم: چارەسەری کێشەکان بە ھێزی لۆژیک بێت نەک لۆژیکی ھێز. ھەڵبژاردنی سەرۆک و پلەدارانی دامەزراوەکانی دادوەری لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران و لەسەر بنەمای زۆرینەی نوێنەران ئەمە خۆی وا دەکات بەو جۆرە نەبێت کە پێویستە ببێت. ھەر ئەمە لە خۆیدا گومان لە سەر سەربەخۆیی دامەزاروە دادوەرییەکان دروست دەکات. لە ماوەی رابردووشدا ھەموو بەرپرسە دادوەرییەکان زۆر گوێڕاڵی دەسەڵاتداران بوون. ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان لە ھۆکارە خراپەکانە، وەکچۆن دەرنەکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و پێکنەھێنانی ئەنجوومەنەکە بە زیانی ھەرێمی کوردستان کەوتووەتەوە، ئەمەش زیانی بۆ کورد ھەبووە. لە راستیدا زۆر لە بەرپرسانی دادوەری لە عێراقدا ھاوڕێی خوێندنی (مام جەلال) بوونە و ھەر ئەمەش وایکردبوو کە (مام جەلال) کاریگەری بە سەریانەوە ھەبێ، دەنا دوور نەبوو زۆر بڕیار بە زیانی کورد بدەن. ماددەی (١١٥) ماددەیەکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، چوونکە بە پێی ئەو ماددەیە ھەر دەسەڵاتێک کە دەستوور بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی دیاریی نەکردبێت دەبێتە دەسەڵاتی ھەرێمەکان و پارێزگا نارێکخراوەکان، جگە لەمەش دەڵێت لە کاتی ناکۆکی لە نێوان ھەرێمەکان و دەسەڵاتی فیدراڵدا دەبێ بە قازانجی ھەرێمەکان بڕیار بدرێت. 

دەستە گرنگە دانەمەزراوەکە

ماددەی (١٠٦) دەڵێت: بە پێی یاسا دەستەی گشتی چاودێری دابمەزرێندرێت تایبەت بە داھاتەکانی حکومەتی فیدراڵ و دەستەکە لە پسپۆڕانی حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمەکان و پارێزگاکان پێک دەھێندرێ و نوێنەرەکانیشیان تێیدا دەبن، بەم بەرپرسیاریەتییانە ھەڵدەستن: یەکەم: بەدواداچوونکردن لە دادپەروەرییانەی دابەشکردنی فەند و ھاوکاری و قەرزە نێودەوڵەتییەکان، بە پێی (استحقاق)ی ھەرێمەکان و پارێزگاکان. دووەم: بەدواداچوونکردن لە لە بەکارھێنانی کەرستە ماڵییەکانی حکومەتی فیدراڵ و دابەشکارییەکانی. سێیەم: گرەنتیکردنی شەفافیەت و دادپەروەری لە تایبەتکردنی ئەموال بۆ حکومەتی ھەرێمەکان و پارێزگاکان. ئەمە دەستەیە نە دامەزراوە و نە بە ھیچ رێگایەکی تریش ئەو ئەرکە گرنگانە جێبەجێ نەکراون. کوردیش ھیچ ھەنگاوێکی پێداگیری نەناوە و ھیچ فشارێکی ئەوتۆی نەبووە بۆ ئەوەی ئەو دەستەیە دابمەزرێت. ئەوە لە کاتێکدا گرنگیەکی زۆری ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان و مافەکانی. بۆ نموونە: ئەو قەرزانەی ئێستا عێراق وەری دەگرێت، کوا بەشی کورد تێیدا؟ ژاپۆن یەکێک لەو وڵاتانەیە قەرزی داوە بە عێراق، بەڵام لەو قەرزەی کە بەعێراقی داوە ئەو وڵاتە خۆی بەشێکی بۆ ھەرێمی کوردستان جیاکردووەتەوە و ھەستی بەو بۆشاییە یاسایی و دامەزراوەییە کردووە لە عێراقدا. بەڵام بێگومان بە ھۆی ئەم بۆشاییەوە ھەرێمی کوردستان لە ژەندین کایەی جیاجیا زیانی لێکەوتووە. پێویستە ھەرێمی کوردستان لە سەر ھەموو ئەوەی مافی خۆیەتی، چاوی بینینی تیژ و زمانی داکۆکیکردنی گورج بێ. پۆست و پایەکان بچووک بن یان گەورە، دەبێ بە بایەخ و گرنگیەوە سەیربکرێن و ئەوەی بەشی ھەرێمی کوردستان وەربگیردرێت. بۆ نموونە: ئێمە تەنھا سەرنجمان لەسەر بالیۆز و قونسلە، بەڵام لە راستیدا ملحەقی رۆشنبیری و ئابووری و دبلۆماسی و سەربازی بواری جیاجیا ھەیە، گرنگن بۆ دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ و گەرم لەگەڵ وڵاتەکاندا، پێویستە سەرنجمان لەسەر ئەمانەش بێ و ھەرێمی کوردستان رێژەی پێویستی ھەبێ لەو پلە و پۆستانەشدا. 

حکومەتی نوێ

 حکومەتی ئێستای عێراق کە وا خەریکە پێک دەھێندرێت یەکەمجارە ھەوڵدەدات دوورکەوێتەوە لە بنەمای تایفەگەری و راسیزمی و بەرەو گرنگیدان بە کەسایەتی بێلایەن ھەنگاو دەنێ. رێگەدان بە حیزبەکان کە وەزارەتەکان ھەڵبژێرن نەک وەزیرەکان و جێھێشتنی دیاریکردنی وەزیرەکان بۆ سەرۆک وەزیران کە خۆی باشترینەکان دیاری بکات یەکێکە لە ھەنگاوە باشەکان، جگەلەوەش بەرنامەی حکومەت لەلایەن حیزبەکان دارێژراوە و بەرپرسیایەتیەکەش لە ئەستۆی ئەوانەوەیە. نەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو وەک پێشتر وابووە، دەشێ ھێز رۆڵی ھەبووبێ لەم کابینەیەی ئێستا، بەڵام بە گشتی کەمتر مۆرکی حیزبی پێوە دیارە وەکو ئەوەی لە ئاماژە سەرەتاییەکاندا دەبیندرێت.
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ