بیروڕا
نەوت چەکێکی دووسەرەیە بۆ ژیان و مردن
سەعدی ئەحمەد پیرە
‎ئەگەر پرسیار ئەوەبێ نەوت نیعمەتە یان نەگبەتە بۆ خەڵک؟ رەنگە ھەرکەس لای خۆیەوە یەکسەرە و بێ دوو دڵی بڵێ: نەوت ھەر نەگبەت بووە و راستیش دەکات. بەڵام بۆچی بووەتە نەگبەت؟ پەیوەندی بە کێ و بە چییەوە ھەیە؟ ھۆکارەکان ناوەخۆیین یان دەرەکین یان ھەردووکیانن؟

‎ھەڵەی مێژوو لە پێناو نەوت

‎یەکێک لەو ھەلە کوشندە و مێژووییانەی لە عێراقدا ئەنجامدراوە ئەو نەگبەتیەیە کە ناویان ناوە شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨. ئەوەی روویدا وەکو ئەوە لێکدرایەوە گوایە ئیمپریالیزم بەدەر نراوە لە وڵات و پاشانیش ئەوەی بە ناوی خۆماڵیکردنی نەوت ئەنجامدەدرێت درێژکراوەی ھەمان ھەڵەیە. بە ناوی خۆماڵیکردنی نەوتەوە ئینگلیزەکان کە بەرھەمھێنی نەوتی عێراق بوون کرانە دەرەوە، پاشان بە پارە و خەرجییەکی زۆرەوە پسپۆڕی بێگانە ھێندرانەوە بۆ بەرھەمێنانی نەوت.  ئەمە نەک خۆماڵیکردن نەبووە، بەڵکو گۆڕینی بێگانە بووە بە بێگانە. کاری راست ئەوە بوو لە کاتێکدا کە ئێمە نەماندەتوانی لە رووی تەکنیکی و تەکنەلۆژیاوە کارەکە بکەین، رێککەوتن لەگەڵ ئینگلیز بکرێ کە خۆیان نەوتەکە بەرھەم بھێنن و گەشەی پێبدەن و بیفرۆشن، لە بەرامبەر ئەمەدا بەشێکی دیاریکراویان ھەبێت،. ئەوکات باشتر کاریان دەکرد و باشتر گەشەیان بەو بوارە دەدا، دەبوون بە پشتیوانێکی سیاسی بەھێزیش بۆ وڵات و ئارامی و ئاساییشیان بۆ دابین دەکرد، نەک ھێنانی چەند کۆمپانیایەک کە ھیچ کات لەو ئاستەدا کاریان نەکرد کە دەبوو بیکەن و نەک بە ناوی شارەزا و پسپۆڕ بێگانە بە بێگانە بگۆڕین.
‎جگەلەوەش، ھەر لەدوای ھاتنە سەر کاری بەعسییەکان نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکی بەھێزکردنی سوپا بۆ جینۆسایدکردنی کورد و شەڕی وڵاتانی دراوسێ و سەرکوتکردنی گەل بەکارھێندرا. بەمجۆرە نەوت کە دەکرا نیعمەت بێ، بوو بە نیگەت بۆ خەڵک و لە جیاتی ئەوەی مایەی خێربێ، بووە مایەی شەڕ و ماڵوێرانی.
‎تاڵانکردنی نەوت
‎ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە نەوت بۆ گەل نەگبەت بووە و تائێستاش ھەر وەکو نەگبەتیەک ھۆکاری ماڵوێرانی خەڵکی عێراقە، بەڵام بۆ بەشێکی زۆر لەوانەی لە دەسەڵاتدان وەکو نیعمەتی شەخسی و بنەماڵەیی دەستی بۆ براوە. دوای دامەزراندنی سیستەمی تازە لە عێراقدا، ھەم لە ھەرێمی کوردستان و ھەم لە باقی عێراق نەوت لە بری ئەوەی سەرچاوەیەکی گرنگی ژیان و پێشکەوتنی وڵات بێ، ھۆکاری سەرئێشە و گرفتی گەورەیە و بووەتە مایەی نەبوونی سەقامگیری چ لە ھەرێمی کوردستان و چ لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا.  
‎ئێستا زۆر لە بەرپرسانی گەورە لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستاندا تا گەردنیان لە بازاڕی نەوت نوقم بووە،  بەشێوەیەکی ناڕەوا داھاتەکەی دەبەن، ھەر ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی دەوڵەمەندی گەورە دروست ببێ بەبێ ئەوەی ئەو دەوڵەمەندانە ھیچ بنەمایەکی سەرمایەداری و گەشەی ئابوورییان ھەبێ  و قۆناخەکانی دەوڵەمەندبوونیان بڕیبێ و بیر و بازوویان رۆڵی سرووشتیانەی بینیبێ بۆ ئەو دەوڵەمەندبوونە.
‎ئەوەی لە ئارادایە بە تاڵانبردنی نەوتە و تاڵانکارییەکەش لە رێی بە خراپ کەڵک وەرگرتنە لە پلە و پۆستە سیاسی و ئیدارییەکان. ئەمەش بە ھۆی نەبوونی مەرکەزیەتێکی ئەوتۆ و بەھێزە کە رێ بگرێ لە بەشێکی زۆر لەوانەی گەندەڵی بە بازاڕی نەوتەوە دەکەن، مەرکەزیەتێک کە نەھێڵێ نەوت ببێتە مایەی خۆدەوڵەمەندکردنی ناڕەوای ھەندێ کەس و گرووپ. مەرکەزیەتێک کە رێ لەم تاڵانکاریە بگرێ و لە جیاتی ئەوەی پارە زۆر و زەوەندەکەی نەوت بچێتە باخەڵی چەند کەس و بنەماڵەیەک،  بۆ پۆشتەوپەرداخکردنی وڵات و پێشخستنی کۆمەڵگا و چارەسەرکردنی کێشەی نەدار و نەبووەکان و کەسوکاری شەھیدان و ئەوادنکردنەوەی ئەو دێھات و شارانە بە کاربھێندرێ کە رۆژگاری پێشوو ھەر بە پارەی نەوتەکە لەلایەن حکومەتە دیکتاتۆرەکانەوە وێران کراون.
‎تەراتێنی بێگانەکان بۆ نەوت

‎ھەروەک چۆن نەوت نەبووەتە مایەی سەقامگیری لە ناوەوەی وڵات، نەبووەتە ھۆی سەقامگیری پەیوەندییە ھەرێمایەتیەکانیش. نەوت لە عێراقدا دانەی داو بووە بۆ راکێشانی وڵاتانی زل و ھەرێمایەتی بۆ دەستوەردان لە کاروباری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە. ھۆکار بووە لە تێکچوونی پەیوەندییە ھەرێمایەتیەکان و بەریەک کەوتنی بەرژەوەندیەکانی وڵاتان، بەشێکی ھۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی خاوەنداریەتیەکی یاسایی بەھێز، بە تایبەت دەرنەچوونی یاسای نەوت و غاز لە عێراق وایکردووە مەیدانێک دروست بێ کە کۆمپانیاکانی وڵاتە زلەکان و وڵاتانی تر  ئەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێ تەراتێنی تێدا بکەن. ھەڵبەتە ناکرێ ناڕازیبن لەسەر ھاتنی ئەو کۆمپانیا گەورانەی نەوت، بەڵام ناشکرێ رێگا بدەین کە وڵاتانی ھەرێمی و وڵاتە زلھێزەکان دەستکاری لە وردەکارییەکانی شێوەی مومارەسەی دەسەڵات بکەن لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و فۆڕمی حکومدارییەکەی دیاری بکەن. بە شێوەیەک کە سەربەخۆی وڵات و سەربەخۆیی بڕیاروەرگرتنی سیاسی و ئابووری لە وڵاتەکەماندا لە دەست خۆمان نەمێنێ.
‎ئەو تەراتێن و دەستوەردانەی ھەیە سەر ئێشەیەکی ترە بۆ وڵات.جگەلەوەش بەریەککەوتنی بەرژەوەندی ئابووری وڵاتان کە زۆر جار لە ریشەوە پەیوەندی بە مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە نەوتەوە ھەیە، رەنگدانەوەی راستەوخۆی بە سەر عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا ھەیە. ئێستا سەرنەکەوتنی رێککەوتنی وڵاتانی (٥+١) و جارێکی تر بڕیاری گەمارۆدانی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کاری کردووەتە سەر عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، چوونکە ئێران وەکو وڵاتانێکی دراوسێ کە (١٢٠٠) کیلۆمەتر سنووری ھەیە لەگەڵ عێراق و (٥٠٠) کیلۆمەتر سنوورەکە لەگەڵ ھەرێمی کوردستانە، ئەمە بووەتە ھۆی ئەوەی چاودێری بخرێتە سەر زۆر چالاکی بازرگانی لە سنوورەکانی عێراق و ئێران کە پێشتر ئەو سنوورانە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ژیانی خەڵک بووە،  ئێستا ھەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە نابێ بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکرێ کە گەمارۆی ئابوورییان لەسەرە، ئەگەر دۆلار لە ئالووێرەکەدا ھەبێ.
‎نەوت لە دەستووردا
‎ماددەی (١١١) و (١١٢)ی دەستووری عێراق تایبەتن بە نەوت و گرنگی زۆریان ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان. لە(١١١)دا دەڵێت: نەوت و گاز موڵکی ھەموو عێراقیەکانن لە ھەموو ھەرێمەکان و پارێزگاکان. لە (١١٢)شدا بە دوو خاڵ چۆنیەتی مامەڵەپێوەکردنی نەوت و گاز دیاری دەکات.
‎خاڵی یەکەم:  حکومەتی فیدراڵ ئیدارەی نەوت و گازی بەرھەمھاتوو دەکات لە کێڵگەکانی ئێستا لەگەڵ حکومەتی ھەرێمەکان و پارێزگا بەرھەمھێنەکان،  دابەشکردن و داھاتەکەشی بە شێوەیەکی دادگەرانە دەبێ کە بگونجێ لەگەڵ دابەشبوونی دانیشتووان لە تەواوی وڵات، لەگەڵ دیاریکردنی بەشێک لە داھاتەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ھەرێمە زیانلێکەوتووەکان کە لێی بێبەشکرابوون لەلایەن رژێمی پێشوو، دوای ئەمەش گەشونماپێدانی ھاوسەنگ بۆ ناوچە جیاوازەکانی وڵات، ئەمەش بە یاسا رێک دەخرێت.
‎خاڵی دووەم: حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمەکان و پارێزگا بەرھەمھێنەکانی نەوت پێکەوە سیاسەتە ستراتیژییەکانی پێویست بۆ سامانەکانی نەوت و گاز دیاری دەکەن، بۆ بەرژەوەندی باڵای گەلی عێراق، لەسەر بنچینەی ھاوچەرخترین تەقەنیاتی بازاڕ و ھاندانی وەبەرھێنان.
‎بە گوێرەی خاڵی یەکەم ھەرێمی کوردستان مافی ئەوەی ھەیە ساڵانە بەشە بودجەیەکی تایبەتی بۆ دیاری بکرێت بۆ قەرەبووی ئەو زیانانەی بە ھۆی رژێمی پێشوو لێی کەوتوون. لە ساڵی ١٩٦١ەوە شوێنی زۆر لە کوردستان ناوچەی محرەمە بوو، نە مەکتەب و نە بنکەی تەندروستی و نە رێگاوبان و نە ھیچ خزمەتگوزارییەکی لێ نەبووە، بۆیە دەبێ ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەم بنەما دەستوورییە داوا و پێداگیری ھەبێ بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە. ئەگەر باس لە گەشەپێدانی ھاوسەنگە ئەو ناوچانە ٥٧ ساڵە بێ بەشن و زیانیان لێ کەوتووە،  بۆیە پێویستە بۆ ئەم بوارە بودجەیەکی قەبە دابندرێت.  
‎بە پێی خاڵی دووەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی لە پێش دەرچوونی دەستوور ھەبوون لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئیدارە دەدرێن بە بەشداری حکومەتی ھەرێم و پارێزگاکانی بەرھەمھێنەوە. بەڵام دەربارەی کێڵگە نەوتیە تازەکان ھیچ ماددە و خاڵێک لە دەستوور نییە و ھیچ یاسایەکیشی بۆ دەرنەچووە، بۆیە ئەو کێڵگە نەوتیانەی لە سنووری دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان لە دوای دەرچوونی دەستوورەوە دۆزراونەتەوە دەکەونە چوارچێوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ھەرێمەوە. پشت ئەستوور بە ماددەی (١١٥)ی دەستوور کە دەڵێت: ھەموو ئەوانەی لە دەقدا نییە وەکو تایبەتمەندییە (حێری)یەکانی دەسەڵاتەکانی فیدراڵ، دەبێتە دەسەڵاتی ھەرێمەکان و پارێزگا پەیوەست نەبوو بە ھەرێمەکان، دەسەڵاتە ھاوبەشەکانیش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمەکان ئەولەویەت بۆ یاساکانی ھەرێمەکان و پارێزگا پەیوەست نەبوو بە ھەرێمەکان دەبێت لە کاتی ناکۆکی لە نێوانیاندا. لەسەر ئەم بنەما دەستوورییە ھەرێمی کوردستان لە مامەلەکردن بە کێڵگە نەوتیەکان و بەرھەمھێنانی نەوتەوە دەسەڵاتی تەواوی ھەیە.
‎لە پاڵ ئەمەدا بە ھەمان شێوە شتێکی تری گرنگ بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە رەسمکردنی سیاسەتی ستراتیژی لە پەیوەندی بە نەوت و گاز دەبێ حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان (پێکەوە) دیاریی بکەن. لە دەقە عەرەبیەکەی دەستووردا وشەی (معا) بە کار براوە و ھەر ئەم (معا) بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ لایەنە عێراقییە فراوانخوازەکان، بەڵام ھەر ئەم وشەیە بووەتە پاڵپشت بۆ ھەرێمی کوردستان.
 ‎ئەو رەشنووسەی ئیمزای لەسەر کرا
‎لە ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژ یاسای نەوت و گازی عێراق لە ھەرێمی کوردستاندا ئامادەکرا و پاشان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئیمزایان لەسەر رەشنووسی یاساکە کرد. دوای ئەوە رەوانەی ئەنجوومەنی شوورای عێراق کرا بۆ ئەوەی داڕشتنەوەی بۆ بکات، کەچی ئەنجوومەنی شورا لە جیاتی داڕشتنەوەی، بە تەواوی ناوەڕۆکەکەیان گۆڕی و ئەمەش وایکرد لایەنی کوردی ئیمزا لەسەر ئەوە نەکات کە وەکو پڕۆژە یاسا بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. لایەنی عێراقییش دانی بەوە نا کە گۆڕنکاری تێدا کراوە، بۆیە ھەردوولا بڕیاریاندا بە رێککەوتننامەیەکی جێنتلمان  چارەسەرێکی کاتی و سیاسییان بۆ مەسەلەکە دیاریکرد، تا ئەو کاتەی سەرژمێری دانیشتووان دەکرێ و یاسای نەوت و گاز دەردەچێ. بە پێی ئەو رێککەوتننامەیە کورد لە بیرە نەوتە نوێیەکان دەستی کراوە و ئازادە بەپێی پێویستییەکانی خۆی نەوت بفرۆشێت. لەسەر ئەم بنەمایەیە کە کورد مامەلە بە نەوت و بەرھەمھێنانیەوە دەکات. ئەمە رێککەوتننامەیەکی سیاسییە و لەو سەردەمەی (د. ئەیاد عەلاوی)  سەرۆک وەزیران بوو، ئیمزا کرا.
‎عێراق ھەرچەندە بە کردەوەکانی پیشانمانی دەدات کە پەشیمانە لەم رێککەوتننامەیە، کەچی پەلە ناکات لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و سەرژمێری دانیشتووان. ئەم رێگکەوتننامەیە لە نەبوونی ئەو یاسایەیە بووتە بنەمای کار پێوەکردن. ئەو رێژەی (١٧%)ی ھەیە لەوێوە ھاتووە کە بدرێت بە ھەرێمی کوردستان تا ئەوکاتەی سەرژمێری دەکرێ و یاساکە دەردەچێ.
‎ئێمە خەڵک و خاکی کەرکوکمان دەوێ، ‎نەک تەنھا نەوتەکەی ‎ئێمە لە کەرکوک و لە ناوچەکانی تریش پێویستمان بە خاک و خەلکەکەیەتی، نەک تەنھا نەوتەکەی. ئەوە بیرکردنەوەی ئێمەیە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. کاتێک خەڵک لە کەرکوک دەنگ بە یەکێتی دەدات، چوونکە یەکێتی خەڵکەکە و خاکەکەی دەوێ، نەک تەنھا نەوتەکەی دەوێ.
‎لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و لە عێراقدا چاویان بڕیوەتە کەرکوک بۆ نەوتەکەی، لە وڵاتانی دراوسێوە چاویان بڕیوەتە کەرکوک بۆ نەوتەکەی، تەنانەت وڵاتە زلەکانیش چاویان لەسەر کەرکوکە. ھەموو دنیا دەزانێ کە ھەم عێراق و ھەم ھەندێ لە وڵاتانی ھەرێمی، خەریکی ئەوەن دیموگرافیای کەرکوک بگۆڕن، بە ھێز، بە پارە، بە فشار و بە رێگای جیاواز، ئەم ھەوڵە دەدەن، بەڵام تا ئەم ساتە وەختەش لەگەڵ ئەم ھەموو ھەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیەشدا زۆرینەی شارەکە ھەر کوردن.
‎ئەو فشارەی بەردەوام لەسەر کەرکوک ھەبووە بە ھۆی نەوتەکەوەیە، لەبەر ئەوەی پێیان وایە نەوتی کەرکوک دەبێتە بنەمایەکی بەھێزی ئابووری بۆ جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە عێراق، بەڵام لە راستیدا ئەگەر خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا ژیانێکی یەکسان و خۆشگوزەرانی بۆ فەراھەم بکرێ، ئەگەر دەستوور و یاساکان بە شێوەیەکی باش جێبەجێ بکرێن، ئەگەر مامەلەی یەکسان و دادپەروەرانە بکرێ و خەڵک ئابووری و ئاساییشێکی تەواوی ھەبێ، بیرکردنەوە لە جیابوونەوە و دروستکردنی وڵاتۆچکەی بچووک کە زۆر بە ئاسانی قابیلی کۆنترۆلکردن و لەناوچوونە، کورد بۆچیەتی؟ ئێستا رۆژگاری دەوڵەتی بچووک نەماوە، ئەوروپا وەکو نموونەیەک لەبەرچاو بگرین، جاران ھەر لایەک لە ھەوڵی ئەوە دابوو دەولەتۆچکەیەکی ھەبێ، پاشان ھەمووان لەوە تێگەیشتن ئەوە سوود بە ھیچ لایەکیان ناگەیەنێ و ھاتنە سەر ئەوەی یەکێتی ئەوروپا دروست بکەن. لەبەر ئەوە مانەوەی کوردستان و عێراق بە یەکێتی و یەکگرتوویی، ئەگەر لەو بەیەکەوەییەدا ئاساییش و ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ ھەمووان فەراھەم بکرێت، زۆر باشترە لە ھەر بژاردەیەکی تر.
‎شانشینی بەریتانیا لەم ساڵانەی دواییدا لە رێی گشتپرسییەکەوە بڕیاری دەرچوونی دا لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام لە ئەنجامدا تووشی کێشەی زۆر بوونەتەوە، بە تایبەت لە بواری ئابووریدا و پەشیمانن لەو ھەنگاوەی ناویانە. ئەمە دەبێ وامان لێ بێ کات تێگەیشتنمان فراوان و قووڵتر بێ بۆ مەسەلەی بەیەکەوەیی.
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ