بیروڕا
عادل عەبدولمەهدی لە ناوجەرگەی فشارەكاندا
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

جەنابی سەرەك وەزیرانی عیراق عادل عەبدولمەهدی لە دۆخێكی ناهەموار دایە و توانای بڕیاردانی لەدەستداوە. لە دوایین پەیامی بۆ سەرەك وەزیران، موقتەدا سەدر بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی متمانە لێ‌ سەندنەوەی لێ‌ كردو وتی "تۆ دەزانیت كە شەش مانگ تا ساڵێكت لەبەردەم دایە بۆ سەلماندنی چانسی سەركەوتووییت". لیستی ناڕازییەكان تا دێ‌ فراوانتر دەبێ‌ و بەدڵنیاییەوە هەر بە هادی عامری و مالیكی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەدر و بەرەی توركمانی داناكەوێ‌.
عەبدولمەهدی ئەزمونێكی توندوتۆڵی لە ململانێی سیاسیدا نیە و تاقیكردنەوەكانی رابردوی وەك كەسێكی پشوو درێژ دەری ناخەن. بەشێكی گرنگی كێشەكە لە كەسایەتیی عەبدولمەهدی دایە كە لە بنەڕەتدا كەسایەتییەكی توندوتۆڵی نیە و مێژووی سیاسیی وەك كەسێكی نیگەران و ناجێگیر نیشانی دەدا.
عەبدولمەهدی لە ژیانی سیاسیدا بە چەندین وێستگەی جیاوازدا تێپەڕیوە. لە پەنجاكاندا ئەندێشەی عەرەبایەتی بەسەر بیركردنەوەی سیاسییدا زاڵ بوو، هەر ئەمەش هانی دا پەیوەندی بە رێكخستنەكانی حزبی بەعسەوە بكا. لە ساڵی 1963 دا وازی لە حزبی بەعس هێناو بەلای بیروباوەڕی چەپگەرییدا دایشكاند. زۆری نەبرد پەیوەندیی بە پارتی كۆمۆنیستی عیراقەوە كرد بەڵام ئارەزووی كۆمۆنیزمێكی توندوتیژتری دەكرد، بۆیە بە لای بیروباوەڕی ماو تسی تۆنگدا دایشكاند و پەیوەندیی بەو توندڕەوانەوە كرد كە سەركردایەتیی ناوەندیی پارتی كۆمۆنیستی عیراقیان بە سەرۆكایەتیی عەزیز حاج دامەزراند. پاشان لە سوریا، لە سەركردایەتیی ناوەندیش هەڵگەڕایەوە و چووە ناو گروپێكی توندڕەوتر بە ناوی ویحدەت ئەلقاعیدە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلی ئیسلامگەرادا، وازی لە بیری چەپ هێناو پەیوەندیی بە محەمەد باقر حەكیمەوە كرد، لە رێكخراوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عیراقدا جێی خۆی كردەوەو لە سوریا گواستییەوە بۆ ئێران. دواتر لەگەڵ عەبدولعەزیز حەكیم و دوای ئەو لەگەڵ عەممار حەكیم كاری كرد. ساڵی 2005 زۆر هەوڵی بەدەست هێنانی پۆستی سەرەك وەزیرانی دا بەڵام لایەنە شیعییەكان پێی رازی نەبون. بەر لەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەتی پێ‌ بدرێ‌، لە سێ‌ پۆستدا وەك وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكی كۆمار و وەزیری نەوت تاقی كراوەتەوە كە ئەستەمە لە هیچ كامیاندا بە سەركەوتوو بژمێردێ‌.
راڕاییەكەی وای لێ‌ كردووە نەفەسی كورت بێ‌ و نەتوانێ‌ بەردەوام بێ‌ لەسەر لێپرسراوەتییەكان. هەر ئەو راڕاییەشە كە وای لێ‌ كرد، پاش دوو ساڵ لە دەستبەركاربونی وەك وەزیری نەوت، كتوپڕ دەست لەكار بكێشێتەوە و بچێ‌ لە ماڵ دانیشێ‌.
هۆی هەڵبژاردنی بە سەرەك وەزیران بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە كەسێكی بەتوانا و شایستەیە، بەڵكو چانس وای بۆ هێنا كە رێك نەكەوتنی لایەنە شیعییە بەهێزەكان، وای كرد وەك كەسێكی پەسەندكراو لە چوارچێوەی سازاندا پۆستی سەرۆكی حكومەتی پێ‌ بدرێ‌.
لە نێو هەموو سەرەك وەزیرەكاندا لە عیراقی تازەدا، عەبدولمەهدی لاوازترینیانە. لە رەوشێكی دژواری وەك ئەوەی عیراق تێیدا دەژی زۆر ئەستەمە كەسێكی وەك عەبدولمەهدی سەركەوتوو بێ‌. تاكە بەهرەی عەبدولمەهدی ئەوەیە كە پەیوەندیی باشی لەگەڵ كوردو سوننەدا هەیە. بەڵام بەپێی ئەوەی كە لە عیراق دەگوزەرێ‌، كەس نازانێ‌ شیعەكان هەتا كەی پشتگیریی دەكەن. سوننەكانیش لەسەر شێوەی دابەش كردنی پۆستە وەزارییەكان، گلەییان لێ‌ هەیە.
لە نێو كوردیش لە سەرەتادا پشتیوانییەكی زۆری لێ‌ كراو هەر بەو چاوە سەیر كرا كە دۆستی كوردە. پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆك تاڵەبانی زۆر بەهێز بوو و هەماهەنگییەكی تۆكمە لە نێوانیاندا هەبوو. بەڵام ئێستا بە هۆی قەیرانی وەزارەتی دادەوە، دەشێ‌ پشتیوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدەست بدا.
عەبدولمەهدی هەر لەسەرەتاوە كارتی دەست لەكاركێشانەوەی بەكار هێناوە. وەك چۆن ماوەی چوار ساڵی خۆی لە وەزارەتی نەوت تەواو نەكرد، زۆر بە لایەوە ئاساییە كە ماوەی چوار ساڵی وەك سەرۆكی حكومەت تەواو نەكات.
دیارە ئەركی عەبدولمەهدی زۆر قورسە. هەنگاوەكانی بۆ گەیشتن بە سازان هەنگاوی پتەو و تۆكمە نین. تا ئێستا هەر لە هەوڵی ئەوە دایە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە خۆی رازی بكات، بەڵام بەڵگەكان نیشانی دەدەن كە لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبوە. لەو هەنگاوانەشی كە تێیدا ویستویەتی هەندێك رازی بكاو هەندێكی تر بە ناڕازی بهێڵێتەوە، بە چارەسەر نەگەیشتووە. كێشەی عەبدولمەهدی لەوە دایە كە هێزی پێویستی بۆ سەپاندنی راو بۆچوونەكانی خۆی نیە و هەموو لایەنەكان فشاری لەسەر دروست دەكەن. لە دۆخێكی وادا كەسێك نامێنێ‌ پێی بوترێ‌ دروستكەری بڕیار.
‌‌ زیاتر ...
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ستران عەبدووڵا
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ