بیروڕا
كەركوك لەجەنجاڵی ریفراندۆم ‌و ئەگەرە سەختەكاندا
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
هێشتنەوەی ئۆپەراسیۆنەی رزگاركردنی حەویجە بۆ پاش كۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی تەلەعفەر، لەهیچەوە نەهاتووە. بەغدا بە ئەنقەست ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ مانگی ئەیلول هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی كاریگەریی خراپی لەسەر رەوتی بەڕێوەچونی ریفراندۆمی چاوەڕوانكراو هەبێ‌.
ئەوەندەی مەسەلەكە پەیوەندیی بە بەشداریی كەركوكەوە هەیە لەریفراندۆم، لەهەلومەرجی ئەمڕۆدا كەركوك لەژێر كاریگەریی سێ‌ فاكتەر دایە كەدەشێ‌ ئاسەواری خراپ، تا ئەندازەی پەكخستن، لەسەر كارایی بەڕێوەچونی ریفراندۆم بەجێ‌ بێڵن. بەشدار نەبوونی عەرەبی حەویجە لە ریفراندۆم كەموكوڕییەكی گەورەیە كەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك سەرنجی نەداوەتێ‌‌و بایەخی پێویستی پێ‌ نەداوە. هەرچەند بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگا سەبارەت بە نیشاندانی رەزامەندی لەسەر بەشداریی پارێزگاكە لەریفراندۆمی سەربەخۆیی، بەناو حەویجەی لێ‌ دەرنەهێنراوە، بەڵام دەرچونی بڕیارەكە لەكاتێكدا كە حەویجە لەژێر دەسەڵاتی داعش دایە، شتێكی وای لێ‌ هەڵدەكڕێندرێ‌ كە ریفراندۆم تەنها ئەو بەشانەی پارێزگاكە دەگرێتەوە كە لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە دان. ئەمەش خۆی لەخۆیدا گرفتێكی یاسایی لێ‌ دەكەوێتەوە چونكە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا دەبێ‌ هەموو ناوچەكان بگرێتەوە نەك بەشێكی بگرێتەوەو بەشێكی دیكەی نەگرێتەوە. ئەمە ئەو فاكتەری یەكەمەیە كە لەڕوی سیاسی و یاساییەوە ئاسەوار لەسەر كارایی بەڕێوەچونی ریفراندۆم لە كەركوك بەجێ‌ دێڵێ‌.
فاكتەری دووەم بایكۆت كردنی ریفراندۆمە لەلایەن توركمانەوە. شەممەی رابردوو بەرەی توركمانی رایگەیاند كە توركمان بایكۆتی ریفراندۆمەكە دەكەن. دەبێ‌ ئەوەش بەبیر بهێنرێتەوە كە توركمانەكان بایكۆتی ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی پارێزگاشیان كردووە كە بڕیاری بەشداری پێ‌ كردنی كەركوكی لەریفراندۆم تێدا دەرچووە. بۆیە بڕیارەكەی بەرەی توركمانی لەمەڕ بایكۆت شتێكی تازەی تێدا نەبوو. بەڵام نابێ‌ بایكۆتی توركمان بەهەند وەرنەگیرێ‌ چونكە ئەم بایكۆتەو بەشداری نەكردنی عەرەبی حەویجە لە ریفراندۆم ئەو ئاكامەی لێ‌ دەكەوێتەوە كە نزیكەی نیوەی پارێزگاكە بەشداری لەپرۆسەكەدا ناكا.
فاكتەری سێیەم كە لەهەموی مەترسیدارترە، هەڕەشەی پەرەسەندنی گرژی‌و هەڵگیرسانی شەڕە لەكەركوك. ئەم مەترسییە دەبێ‌ زۆر بە هەند وەربگیرێ‌ چونكە تا دێ‌ جیددیتر دەبێ‌. بارزانی كە مەسەلەی ریفراندۆمی وروژاندووە، لە قۆناغە بەراییەكاندا هیچ ئاماژەیەكی بۆ ئەگەری شەڕ نەكردوە. بەڵام سێ‌ رۆژ لەمەوبەر، لەچاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ BBC، بۆ یەكەم جار ئاماژەی بۆ ئەو ئەگەرە كرد كە رەنگە ریفراندۆم شەڕی لێ‌ بكەوێتەوە، ئەمەش، ئەگەر رویدا، پێش هەر شوێنێكی تر، كەركوك دەگرێتەوەو پاشان شوێنی دیكە دەتەنێتەوە. بۆچی بارزانی 17 رۆژ پێش وادەی دیاریكراوی ئەنجامدانی ریفراندۆم باسی ئەگەری شەڕ دەكاو پێشتر باسی نەكردووە؟ رەنگە وەڵامەكە بەم جۆرە بێ‌ كە سەركردایەتیی كورد لە سەرەتادا پێشبینیی هەڵایسانی شەڕی نەكردووەو درەنگ پەی بەو ئەگەرە بردووە. 
بەهەر حاڵ، زیادبونی گرژی‌و ئەگەری هەڵایسانی شەڕ لەكەركوك، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی ریشەیی لەسەر رەوشی ریفراندۆم لەكەركوك بەجێ‌ دێڵێ‌‌و هەروەها رەنگدانەوەی خراپی لەسەر رەوشی ریفراندۆم لەناو هەرێم دەبێ‌.
ئۆپەراسیۆنی حەویجە بیانوویەكی گونجاو بۆ كۆكردنەوەی هێز لەدەوروبەری كەركوك‌و نزیكبونەوە لەكەركوك پێكدێنێ‌. هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر بە ریفراندۆم هەر لەسەرەتاوە روون بووە. بەرپرسانی بەغدا لەسەر ئاستی بەرز سورن لەسەر رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم. بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نیە كە بەغدا تا كۆتایی هەر بە رەتكردنەوەی سەرزارەكی دادەكەوێ‌‌و هەنگاو بۆ بەكارهێنانی فشاری زبرتر نانێ‌.
هەر چۆنێك مەسەلەكە هەڵسوڕێ‌، هەر بەرەو ئەوە دەچێ‌ كەئۆپەراسیۆنی حەویجە، بەوەی كەئاستێكی بەرزی گردبونەوەی هێز بۆ بەغدا دەستەبەر دەكا، فشارێكی زۆر لەسەر كەركوك دروست بكات.
ریفراندۆم كەركوكی هێناوەتەوە ریزی پێشەوە. بە كردەوەو لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، چارەنوسی ریفراندۆم نە لە هەولێرو نە لەسلێمانی، بەڵكو لە كەركوك دیاری دەكرێ‌. ئەگەر ریفراندۆم لەكەركوك شكست بێنێ‌، ریفراندۆم لەناو هەرێم هیچ بەهایەكی نامێنێ‌.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس