بیروڕا
ململانێ ‌و گرژی
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بە پێچەوانەی ئەوەی کە باوە، مێژووی گرژیی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران ‌و سعودیە بۆ رۆژگاری ھەڵایسانی شۆڕش لە دژی رژێمی شا محەمەد رەزا پەھلەوی ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ سەردەمێکی زوتر دەگەڕێتەوە. کاتێک لە ھۆکانی ئەو گرژییە دەکۆڵدرێتەوە، دوو ھۆ بەڕونی دەردەکەون، ئەویش ھەر یەک لە جوگرافیای سیاسی‌و تایفەگەرییە.
لە سەدەی شانزەھەمدا سعودییەکان یەکەم میرنشینیان لە ھەرێمی ئەحسا، لەو ناوچانەی رۆژھەڵاتی ئەمڕۆی سعودیە کە دەڕواننە سەر کەنداوی فارس، دامەزراند. پانتایی میرنشینەکە ھەموو قەڵەمڕەوی ئەمڕۆی سعودیەی نەگرتبۆوە، بەڵام لە ھەمان کاتدا ھەندێ قەڵەمڕەوی گرتبۆوە کە ئەمڕۆ بەشێکی سعودیە پێکناھێنن لەوانە قەتەر و کوێت. ئەم میرنشینە لە ساڵی ١٨١٨دا لەسەر دەستی سوپاکەی محەمەد عەلی پاشای میسر ھەرەسی ھێنا. بەڵام زۆری نەبرد سعودییەکان میرنشینێکی بەرفراوانتریان دامەزراند. پاش روخانی ئەم میرنشینە، بۆ جاری سێیەم میرنشینی سێیەمی خۆیان لە ساڵی ١٩٠٢ دامەزراندو ناویان نا سەڵتەنەتی نەجد.
گێڕانەوەی ئەم میژووە، بۆ تێگەیشتنی ھۆکانی گرژیی نێوان سعودیە و ئێران زۆر گرنگە. دیارە سعودییەکان لە سەردەمی ھەر سێ میرنشیندا کۆنتاکتێکی راستەوخۆیان لەگەڵا ئێران نەبووە بەڵام ستراکچەری فیکریی ھەر سێ میرنشین لە سەر بنەمای ئیسلامی رادیکال ‌و لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژیدا دامەزرا بوو. لە نێوان ئێران ‌و سعودییەکاندا سنوری ھاوبەش نەبوو. بۆیە لەو سەردەمەدا ھیچ پێکدادانێک نەھاتە ئاراوە. بەڵام سعودییەکان کە رژێمی سیاسییان لەسەر بنەمای تێکھەڵکێشی ئاین ‌و دەوڵەت دامەزراندبوو، زۆر بە لایانەوە گرنگ بوو تەنگ بە شیعەکانی باشوری عیراق ھەڵچنن ‌و دوو شارە پیرۆزەکەی شیعە، کەربەلا و نەجەف، وێران بکەن. لەو سەردەمەدا شیعەکانی باشوری عیراق بەدەم ھێرشی بەردەوامی سعودییە وەھابییەکانەوە دەیانناڵاند و زۆریان لەو ھێرشانە لی کوژراوە. ھەرچەند ئێران لەو کاتەدا پەیڕەویی لەئیسلامی رایدیکالی شیعەگەرا نەدەکرد، بەڵام نەیدەتوانی خۆی لەوە بپارێزێ کە وەک دەوڵەتێکی بە مەزھەب شیعی لە ناوچەکەدا خۆی بنوێنێ. دەبێ ئەوەشمان لەیاد نەچێ کە ئێران لە سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەوییەوە، لە سەردەمێکدا کە نزیکە لە سەردەمی پەیدابونی ئیسلامی رادیکالی سوننەگەرای وەھابی، سیاسەتێکی پیادە کردووە کە ئاین یەکێ لە گرنگترین بنەماکانی پێکھێناوە. بۆیە، ھێرشی سعودییەکان بۆ سەر شیعەکانی باشوری عیراق، بەلای ئێرانەوە مایەی نیگەرانی بوو. ھەرچەند عوسمانییەکان لە شیعەکانی باشوری عیراق دڵنیا نەبون، بەڵام بە ھێرشەکانی وەھابییەکانیش بۆ سەر  شیعە ئاسودە نەبون. دەترسان ئێرانییەکان ئەو ھێرشانە بکەنە بیانوو بۆ داواکردنی نەجەف ‌و کەربەلا. سەرباری ئەوەی کە بەردەوامبونی ئەو ھێرشانە، ئەستەمبوڵی وەک دەستەوسان ‌و زەبون نیشان دەدا. ھەر ئەمەش ھانی دان، داوا لە والیی میسر محەمەد عەلی پاشا بکەن لەشکر بۆ سەرکوتکردنی وەھابییەکان ‌و گێڕانەوەی ئارامی بۆ نیمچە دورگەی عەرەب بنێرێ.
ساڵی ١٩٣٢ کاتێک سعودییەکان دامەزراندنی شانشینی عەرەبی سعودیەیان راگەیاند، ھێشتا زۆری مابوو سعودیە وەک رابەری جیھانی سوننەگەرا بناسرێ ‌و تەنانەت لەو سەردەمەدا ھێشتا وەک دەوڵەتێکی نەوتی ناوی دەرنەکردبوو ‌و ئابورییەکەی زۆرتر پشت ئەستور بوو بە داھاتی ناوخۆو بە داھاتی حەج ‌و عومرە. بۆیە تێڕوانین بۆ دەرەوەی سنورو ھەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلامی رادیکالی سوننەگەرا بە مۆدێلە وەھابییەکەی، بەشێکی ستراتیجی نەتەوەیی سعودیەی پێک نەدەھێنا.
سەرەڕای ئەوەی کە ئێران لەو کاتەدا پەیڕەویی لە ئیسلامی رادیکالی شیعەگەرا نەدەکرد و لە رژێمە سیاسییەکەیدا سکولاریزم رەنگدانەوەیەکی بەرچاوی ھەبوو، بەڵام بە پشت بەستن بە جۆری ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی زاڵا بەسەر ئێرانییەکاندا، ھیچ شتێک وامان لی ناکا وا تێبگەین ئێرانییەکان کەیفیان بە سعودییەکان ھاتبێ. بۆیە ھەر لە سەرەتاوە، کاتێک پەیوەندیی دیپلۆماتکارانە لە ساڵی ١٩٢٩دا لە نێوانیاندا ھاتە ئاراوە، سعودییەکان ‌و ئێرانییەکان یەکتریان خۆش نەدەویست‌و پیادەکردنی داب ‌و نەریتی دپلۆماتکارانە لە بۆنە فەرمییەکاندا رۆڵێکی ئەوتۆی لە دروست کردنی ئاشنایی لە نێوانیاندا نەبوو.
لە ساڵی ١٩٤٣ دا یەکەمین تەنگژەی سیاسی لە نێوان سعودیەو ئێران رویدا، کاتێک سعودیە لە مەککە لە وەرزی حەج کردندا حاجییەکی ئێرانیی گرت ‌و پاشان بە بیانوی سوکایەتی کردنی بە پیرۆزترین شوێن لە لای موسڵمانان، کە کەعبەیە، بڕیاری کوشتنی بۆ دەرکرد. ئەم قەیرانە بووە مایەی پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماتکارانەی نێوان ھەردوو وڵات. لە ساڵی ١٩٤٦، پەیوەندیی دپلۆماتکارانە لە نێوان ھەردولا گەڕایەوە بەڵام دیسان، ئەمجارە لە ساڵی ١٩٥٠دا، پەیوەندیی نێوانیان گرژیی تێکەوتەوە، ئەویش لەو سۆنگەیەوە کە شای ئێران دانی بە بونی ئیسرائیلدا نا و پەیوەندیی دیپلۆماتکارانەی لەگەڵا دامەزراند.
لە ساڵانی پەنجاکاندا ھەردوو رژێم لە تەوژمی رادیکالییانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبایەتی بە رابەڕایەتیی سەرۆکی میسر جەمال عەبدولناسرو لە پەرەسەندی تەوژمی چەپگەرا نیگەران بون. ئەمە دەرفەتێکی بۆ لێک نزیکبونەوە پێکھێنا، بەو ئومێدەی کە سنورێک بۆ دەستڕۆیشتوویی عەبدولناسر و بیروباوەڕی چەپ دابنێن. لەو قۆناغەدا لە ساڵی ١٩٥٧ شای ئێران سەردانی ریازی کرد و لە کاتی سەرھەڵدانی جەنگی یەمەن لە ساڵی ١٩٦٢‌و تێوەگلانی میسری ناسریست تێیدا، سعودییەکان‌و ئێرانییەکان پشتگیریی ئیمام بەدریان کردو ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ گێڕانەوەی بۆ دەسەڵات‌و لەباربردنی کۆمارە تازە راگەیەنراوەکەی یەمەن خستە گەڕ.
بەڵام ئەم مانگی ھەنگوینەش زۆری نەخایاند. لە ساڵی ١٩٦٨دا گرژی باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی ئێران ‌و سعودیەدا کێشا، چونکە تاران دژی سەربەخۆیی بەحرێن وەستایەوە و داوای کرد ئەو وڵاتە، کە دانیشتوانەکەی لەزۆرینەیەکی شیعی پێکدێ، بخرێتە سەر ئێران.
ھەرچەند سعودیە زۆر لەگەڵا ئێرانی سەردەمی شا تەبا نەبوو، بەڵام نەشیدەویست بڕوخێ ‌و رژێمێکی رادیکالی شیعەگەرا جێی بگرێتەوە. روخانی رژێمی شا لە ساڵی ١٩٧٩، بۆ سعودیە مایەی نیگەرانی بوو. لە راستیشدا پەیدابونی دوو رژێمی رادیکال، کە یەکێکیان رابەڕایەتیی جیھانی شیعی دەکا و ئەوی دیکە رابەڕایەتیی جیھانی سوننی دەکا، ھەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرا کە ببێ بە مایەی پەرە ئەستاندنی ئەندازەی گرژی لە نێوانیانداو ھەروەھا لە ناوچەکەدا.
ھێرشی عیراق بۆ سەر ئێران لە ساڵی ١٩٨٠، ھەلێکی لەبار بوو بۆ جڵەوگرتنی مەیل‌و ئارەزووە شۆڕشگێڕییە شیعەگەرییە سنوربەزێنەکانی ئێران. عیراق ئامانجە خوازراوەکانی لە جەنگەکە بەدەست نەھێنا، بەڵام جەنگەکە بەوەی کە زۆری خایاند، ئێرانی پڕوکاند و نەخشە ئایدیۆلۆژییەکانی لێ تێکدا. رژێمە رادیکالەکەی ئێران پاش دروستبونی ھاوپەیمانییەکی ناوچەیی ‌و نێودەوڵەتی لە دژی، جەنگەکەی نەبردەوە، بەڵام ھەرەسیشی نەھێناو بە بەراورد لەگەڵا عیراق، بە شێوەیەکی تەندروستترو کەم زیانتر لێی دەرچوو.
کاتێک ئێران لە سەردەمی سەرۆک ئەحمەدی نژاد دەستی بە جێبەجێکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کرد، ئاستی گرژی لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵا سعودیە گەیشتە لوتکە. سعودیە لەوساوە لە ئێرانی ئەتۆمی تۆقیوە. تاران چاک سەری لەوە دەرکردووە کە بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆم وەرچەرخانێکی ستراتیجی لە ھێزی سوپایی ئێران لە ناوچەکە بەدی دێنێ ‌و تەرازوی ھێز لەگەڵا دراوسێکانی‌و ھەروەھا لەگەڵا سعودیە و ئیسرائیل، تەواو دەگۆڕێ. ھەر ئەمەشە، لە کاتی وتووێژەکانی نێوان ئێران ‌و ئەندامە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتان‌و ئەڵمانیا، وای لە سعودیە کرد ھەموو دیپلوماسیەتی خۆی بۆ تەگەرەدان لە گەیشتن بەڕێککەوتن بەکار بێنێ، بەڵام ھەوڵەکانی بە ناکامی مانەوە و ئامانجی خوازراویان بەدەست نەھێنا.
بە بەراورد لەگەڵا ئێران، سعودیە بە دەوڵەتێکی بەھێز ناژمێردرێ. ھێزی ئێران ھێزێکی رەسەنە و زۆرتر پشت بە داھاتی ناوخۆ و ھێزی سوپایی خۆی دەبەستێ، لە کاتێکدا ھێزی سعودیە زۆرتر ھێزێکی داراییە و زۆرتر پشت بە ھاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێ. ئەو ھاوپەیمانییانەش، وەکو ئەزمونەکان نیشانیان داوە، جێی متمانە نین ‌و پێشھاتە کتوپڕەکان رەنگدانەوەی خراپیان لەسەر بەردەوامبونیان ھەیە.
لە ساڵانی رابردوودا ھەردوو وڵات، جگە لە شەڕی راستەوخۆ، دەستیان لە ھیچ کردارێک لە دژی یەکتری نەگێڕاوەتەوە. لە کاتێکدا سعودیە روخانی رژێمی سەددام حسێنی بە مایەی قازانج بۆ ئێران دایە قەڵەم، لە دەرفەتێکی لەباردا سعودییەکان، بە دانانی پلان بۆ شێواندنی بارودۆخی سوریا‌و روخاندنی رژێمەکەی کە ھاوپەیمانی ئێرانە، ویستیان قەرەبوی لە دەستدانی عیراق بکەنەوە. بەڵام تا ئێستا ئێرانییەکان لەبڕەو دان، بە تایبەتی لەسوریاو لوبنان ‌و ھەروەھا لە یەمەن. قەیرانی قەتەریش یەکڕیزیی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی تێکدا و بە قازانج بۆ ئێران شکایەوە.
ململانێی سعودیە - ئێران وای کردووە ھەردوکیان کێشە بۆ یەکتری دروست بکەن. تێوەگلانی ھەردوکیان لە ھەندێ شوێنی وەک عیراق، سوریا، یەمەن ‌و لوبنان زۆر گران لەسەریان کەوتووە. تەنانەت سەرھەڵدانی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتیش لە جیھاندا، راڤەی وای بۆ دەکرێ کە، کەم تا زۆر، دەستی سعودیەی تێدایە بۆ زیان گەیاندن بە ئابوریی ئێران. گومانی تێدا نییە کە قەیرانەکە زیان بە خودی سعودیەش دەگەیەنێ، بەڵام سعودیە وەک ھێزێکی دارایی گەورەی جیھان، لە ئێران باشتر توانای بەرگە گرتنی زیانی ھەیە.
ئەمە بەم مانایە دێت کە ھەردوو وڵات لە بەردەوامبونی ململانێی نێوانیان زیانیان لێکەوتووەو زیانەکەش گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک. ھەم لە تاران ‌و ھەم لە ڕیاز بۆچونێک سەبارەت بە پێویستیی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ ململانێی نێوان ھەردوو وڵات، خەریکە برەو پەیدا دەکات.
لە سێ مانگی رابردودا زۆری نەمابوو ئومێدی ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران - سعودیە بەھێز ببێ، بە تایبەتی پاش بەگوڕکەوتنی دیپلۆماسیەتێکی نھێنی بۆ گەیشتن بە سازان. ھەردوولا پێویستیان بە دەربازبونێکی شەرافەتمەندانەیە لە تێوەگلانیان لە شەڕ لە دەرەوەی سنورەکانیان: ئێران لە سوریا و سعودیە لە یەمەن، ھەندێ لە بەرپرسە پێشووەکانی عیراق، رۆڵێکی کارایان لە پرۆسەی وتووێژی نھێنیی نێوان ھەردولادا ھەبووە. بەڵام کتوپڕ ئومێدەکە نەما، کاتێک لێپرسراوێکی سعودیە لە ئابی ئەمساڵا لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا ھەموو ھەوڵێکی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی رەتکردەوە. دەشێ لێدوانە کتوپڕەکە پەیوەندیی بە ئاشکراکردنی وتووێژی نھێنیی ھەردولاوە ھەبێ کە سعودیەی وەک لایەنێکی لاواز پیشانداوە. بەڵام ئەمە بەم مانایە نییە کە ئیتر ھەموو شتێک کۆتایی ھاتووەو ھیچ دەرفەتێک بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان نەماوە.
چاکبونەوەی پەیوەندیی نێوان ئێران ‌و سعودیە رەنگدانەوەی باشی لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان جیھانی سوننی ‌و جیھانی شیعی دەبێ، بەتایبەتی کە ھەر یەکێکیان خۆی بە رابەری یەکێ لەم دوو جیھانە دەزانێ. بەڵام وەک لە سیاسەتدا باوە، کاتێک کێشەکان درەنگ ھەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێ، چارەسەر درەنگ دێتە دی ‌و ئامانجی خوازراو پێویستی بە پشوو درێژی دەبێ.

‌‌ زیاتر ...
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس
د.به‌ختیارشاوه‌یس
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
نەورۆز سابر عبدالقادر