بیروڕا
هەنگاوی دوای بودجە
ئاراز ڕەمەزان


لەچەند رۆژی رابردووداو دوای چەندین مانگ لەراگرتن و ناكۆكی كوتلەو پارتە سیاسییەكان لەناو پەرلەمانی عیراق، پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی (2018) پەسەند كرا، بەبێ رەچاوكردنی داواكارییەكانی كوردو زیادكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بەڕێژەی (12.67%) بۆ رێژەی دەستوریی خۆی كە لە (17%) بووەو لەدەستوری هەمیشەی عیراقیش چەسپێنراوە.
بەپێی پڕۆژە یاساكە بودجەی عیراق بۆ ساڵی (2018) بڕەكەی (104) ترلیۆن دینارە، و پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەكەدا بە (12.67%) دیاریكراوە، دوای دەركردنی بودجەی سەروەری كە بە (40%) ی كۆی بودجە دانراوە، دواتر پشكی هەرێمی كوردستانی لێدەدرێت، ئەمەش دەكاتە (6) ترلیۆن و (597) ملیار دینار. كورد و نوێنەرانی كورد بەم رێژەیە رازی نەبوون و لەسەرەتاوە بەرهەڵستكاریی و گوشاری زۆریان دروستكردووە و تائەوەی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە كرد، بەڵام دواجار رۆژی شەممە (3ی ئاداری 2018) پڕۆژە یاساكە پەسەندكرا.
هەرچەندە پێشتریش و رۆژی (1ی ئاداری 2018) لەدوای پەسەندكردنی (12) ماددەی پڕۆژە یاساكەو بایكۆتكردنی پەرلەمانتارانی كورد هەمان رۆژ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەری كێشەی بودجە كۆبوونەوە، بەڵام كۆبوونەوەكەیان بێ ئەنجام كۆتاییهات، و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش نەیتوانی بگاتە هیچ دەرئەنجامێكی پۆزەتیڤ بۆ یەكلاكردنەوەو پەسەندكردنی داواكارییەكانی كورد.
كورد چەندین تێبینی و داواكارییەكی هەبوو لەپڕۆژە یاساكەدا كە بریتی بوون لە زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە (12.67)ەوە بۆ (17%)، مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لابردنی دەستەواژە نادەستوورییەكان، خەرجكردنی پترۆ دۆلار بۆ پارێزگاكان، دانانی پشكی پێشمەرگە، دانانی پشكی پارێزگای هەڵەبجە، بودجەی سەروەری كە بە (40%)ی كۆی بودجە دانراوە، كەمبكرێتەوە، لەگەڵ تەرخانكردنی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت، بەڵام هیچیان جێبەجێنكران، تەنیا ئەوە نەبێت كە لەیاسای بودجەدا ئاماژە بەناوی هەرێمی كوردستان كراوە.
لەكۆی وتەو تێڕوانینی كەسێتییە سیاسییەكان لەكوردستان دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە هەرێمی كوردستان تائێستاش لەبەغدا بێ هیوا نەبووەو لەهەوڵی جدیدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بەكێشەی بودجەشەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە نوێنەرانی كورد لەپەرلەمانی عیراق هەڵبژاردەی دیكە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا دەخەنەڕوو، زۆرێكیش لەخەڵك پێیانوایە كە كشانەوە لەپڕۆسەی سیاسیی لەعیراقدا ئەگەرێكی باشترە شەڕی دیپلۆماسی.
هەندێكجار دروستكردنی گوشاری سیاسیی گرنگی و رۆڵی خۆی هەیە، هەرچەندە كورد لەعیراق لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆربەی ئەو دەرفەتانەی لەدەستدا كە دەیتوانی بەگوشاری سیاسیی بۆ سەر بەغدا دروستیان بكات، بەڵام لەئێستاشدا ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت ئەگەر كشانەوەی كورد لەپڕۆسەی سیاسیی و بەتایبەتیش لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق لەمانگی ئایاری داهاتوودا لەوانەیە گرنگترین و كاریگەرترین گوشاری بەشداری سیاسیی كورد بێت، و هاوكاربێت بۆ دروستكردنی گوشاری هەرێمیی و نێودەوڵەتییی و نێوخۆیی بۆ سەر عیراق و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێم و بەغداو بەتایبەتیش بودجەی هەرێمی كوردستان كە لەدەستوردا جێگیركراوە.
هەنگاوی داهاتوی كورد لەعیراقدا گرەنتی داهاتوی هەرێمی كوردستان دەكات، هەرچەندە هەوڵەكانی كورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بێ ئەنجام بوون تائێستا، ئەوەش پێویستی بەهەڵوێستێكی جدی و گوشارێكی سیاسیی چارەنوسسازی كوردی هەیە، چونكە كورد پێكهاتەیەكی گرنگی عیراقی فیدراڵەو لەدوای روخانی رژێمی بەعسیش رۆڵی كاریگەری هەبووە لەدورستكردنەوەی عیراقی نوێ.
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
ژوان ئه‌حمه‌د سه‌عید
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ