بیروڕا
خه‌ڵكى كوردستان له‌ نێوان به‌رداشى ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا
ئەنوەر ساڵح



   له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ وێنه‌یه‌كى زۆر دژوارو سه‌ختدا تێ په‌ڕده‌بێت ، له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا ، ژیانى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ بارودۆخێكى دژواردان ، ژیان به‌ قۆناغێكى پڕ له‌ ئازاردا گوزه‌ر ده‌كات ، ئۆمێدو هیواكانى خه‌ڵك بۆ ژیانێكى ئاسووده‌ له‌ ئاستێكى خراپدایه‌ ، به‌ شێوه‌یه‌ك كارى له‌سه‌ر سایكۆلۆژى تاك به‌ تاكى كۆمه‌ڵگایه‌ ، به‌ ته‌واوى خه‌ریكه‌ ژیان له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا ده‌وه‌ستێت به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌رچوار ده‌ورمان له‌ پرۆسه‌ى جه‌نگێكدایه‌ ، له‌ناو خۆشدا هیچ گفتۆگۆیه‌كى هاوبه‌ش له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا به‌دى ناكرێت ، وڵاتانى ناوچه‌كه‌ش به‌ به‌رده‌وامى خه‌ریكى پیلانن بۆ تێكدانى بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان .
سێ فاكته‌ر هه‌ن كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌م بارو دۆخه‌ن :
یه‌كه‌م :
   بارودۆخى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست چه‌ندین ساڵه‌ به‌ ململانێ و جه‌نگدا گوزه‌ر ده‌كات ، زۆربه‌ى وڵاتانى دراوسێمان به‌ شێوه‌ى ڕاسته‌خۆ یان ناڕاسته‌خۆ ده‌ستى یان قاچى له‌شه‌ڕدایه‌ ... هه‌ر وڵاته‌و به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیان به‌شدارن له‌م پرۆسه‌یه‌ى ململانێیه‌دا وه‌ هه‌موویان خه‌ریكى ساغكردنه‌وه‌ى ململانێكانیانن بۆ به‌ده‌ستهێنانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌ناو ئه‌م جوگرافیاى جه‌نگه‌دا ، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌خۆ كارى كردۆته‌ سه‌ر بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و ساربازى كوردستان .
  كێشه‌ى كورد و عێراق یان هه‌رێمى كوردستان و ده‌وڵه‌تى عێراق كێشه‌یه‌كى به‌رده‌وام بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه‌ بیركردنه‌وه‌ى جیاواز هه‌یه‌ ، ئه‌م بیركردنه‌وه‌ جیاوازانه‌ش بۆته‌ خوڵقاندنى ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان ، به‌رژه‌وه‌ندى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێت خه‌ونى دێرینى كورد له‌م ناوچه‌یه‌دا له‌ به‌ین به‌رن ، له‌هه‌ر هه‌لو مه‌رجێكدا ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌ سه‌ربارى جیاوازییه‌كانیان له‌ ئاستى مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانى كورددا بوونه‌ته‌وه‌ یه‌كو پیلانیان هه‌بووه‌ بۆ له‌ناوبردنى پرۆسه‌ى سیاسى كورد بۆیه‌ ده‌بێت كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌سه‌ڵاتدارانى سیاسى كوردستان و ئۆپۆزسیۆن كاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ وردى به‌ شێوه‌یه‌كى وشیارانه‌ په‌ند له‌ ده‌رسه‌كانى مێژوو وه‌رگرین و به‌ خوێندنه‌وه‌ى ئێستامان و بۆ به‌دى هێنانى داهاتوویه‌كى باشتر ، وه‌ كورد ده‌بێت خاوه‌نى پلانێكى وورد بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت له‌م گۆڕانكاریانه‌دا جێگه‌ى پێى خۆى بكاته‌وه‌ .
دووه‌م :
   فاكته‌رى دووه‌م كه‌ هۆكارێكى گه‌وره‌یه‌ كه‌ خۆى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌ ، له‌پاش 25 ساڵ حكومڕانى ئه‌م حكومه‌ته‌ نه‌یتوانی حكومڕانییه‌كى باش بێت بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ، ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌دایك بووى ئازارى سه‌دان ساڵى خه‌باتى ئه‌م میلله‌ته‌ بووه‌ و به‌رهه‌مى خوێنى هه‌زاران مرۆڤى تێكۆشه‌رى كورد بووه‌ ته‌جروبه‌ى میلله‌تى كورد بووه‌ له‌ كوردستانى باشوور ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ پێناسه‌كه‌ى له‌پاش 25 ساڵ به‌ حكومه‌تێكى ناداد په‌روه‌ر حكومه‌تێكى ناشه‌فاف حكومه‌تێك سه‌رتاپاى غه‌رق بووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیى و حكومه‌تێك كه‌ خاوه‌نى هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌كى حكومڕانى نیه‌ ، حكومه‌تێك بۆته‌ كۆمپانیایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنى كاربه‌ده‌سته‌كانى ، حكومه‌تێك ناتوانێت هیچ گه‌شه‌كردنێكى ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌ودا بێته‌دى ، حكومه‌تێكى بێ خزمه‌تگوزارى كه‌ تواناى دابینكردنى لایه‌نى كه‌مى ژیانى بۆ تاكى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ نیه‌ ، كه‌ تواناى ده‌ساو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاتى نیه‌ ، ئه‌م جۆره‌ حكومه‌ته‌ له‌بارودۆخێكى وه‌ك ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌بێ چى لێ چاوه‌ڕوان بكرێت ؟!
 كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ئازارى زۆریان چه‌شت بۆ به‌دیهێنانى حكومه‌تێكى كوردى به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ژێر سایه‌ى ئه‌و حكومه‌ته‌ى خۆماندا كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان له‌ ئاستێكى زۆر خراپدا ژیان گوزه‌ر ده‌كات ئه‌و حكومه‌ته‌ى چه‌ندین ساڵه‌ له‌ مێژووى خۆماندا خه‌ونمان پێوه‌ده‌بینى ... كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان به‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه‌ زۆر ته‌حه‌موولى ئه‌م حكومه‌ته‌ى گرت له‌ ساواییه‌وه‌ تا پێى گرت ، ئێستا واقیعى كوردستان به‌ده‌ست ئه‌م حكومه‌ته‌وه‌ واقیعێكى پڕ له‌شه‌رمه‌زارییه‌ كه‌ برسێتى و نه‌بوونى و بیكاریى و تێكچوونى شیرازه‌ى بارى ئیداریى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سه‌ربازیى و سیاسى به‌رهه‌مهێناوه‌ ، مایه‌ى به‌دبه‌ختیه‌ له‌سایه‌ى ئه‌م حكومه‌ته‌دا گه‌نجى كورد له‌سه‌ر مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى له‌به‌رده‌م باره‌گاو ده‌زگاكانى حكومه‌ت خوێنى برژێ و شه‌هید بكرێت بۆیه‌ به‌رده‌وام كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك له‌به‌رده‌م به‌رداشى ئه‌م حكومه‌ته‌دا هارڕاوه‌ .
له‌م قۆناغه‌ پڕ هه‌ستیاره‌دا ئه‌ركى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ئه‌ركێكى گرنگه‌ ده‌بێت به‌ ئاگایه‌وه‌ كێشه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌م حكومه‌ته‌دا چاره‌سه‌ر بكات به‌شێوه‌یه‌كى مه‌ده‌نیانه‌و دوور له‌ په‌رچه‌ كردارى نائه‌قڵانیى كه‌ نه‌بنه‌ هۆكارێك بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئامانجى ئه‌و گروپ و لایه‌نانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت بارودۆخێكى دژوارتر بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان بخوڵقێنن .
سێیه‌م :
  له‌ مێژووى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستاندا كاتێك ئۆپۆزسیۆن دروست ده‌بێت له‌ناو په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا ئۆمێدمان وابوو ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كى ته‌واوكارى پرۆسه‌ى دیموكراسیه‌ به‌ڵام له‌به‌رئه‌نجامدا وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رمكردن له‌گه‌ڵ داخوازییه‌كانى ئۆپۆزسیۆندا به‌رئه‌نجام نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ نوێنه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى خواست و ئامانجه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان ، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن كاره‌كان خواست و ئامانج و ئیحساس و تووڕه‌بوون و ناڕازیبوونى خه‌ڵك وه‌ك هێزێكى پۆپۆلیست گه‌را بۆ ده‌سه‌ڵات و خواست و ئامانجه‌كانى خۆیان به‌كاریان هێناوه‌ ، له‌به‌رئه‌نجام نه‌توانراوه‌ گۆڕانكارییه‌ پێشكه‌وتن خوازه‌كان و خۆشگوزه‌رانى ببێته‌ پرۆژیه‌كى گشتگیرى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ له‌به‌رئه‌نجامه‌كه‌یدا به‌خته‌وه‌رى یه‌كسانى دادپه‌روه‌رى ئازادییه‌كان به‌رجه‌سته‌ بوبێت به‌ڵكو كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆن كاراكانه‌وه‌ له‌ دواى به‌رداشى حكومه‌ت ئه‌مانیش به‌رداشێكى تر بوون بۆ هاڕینى ژیانى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان بۆیه‌ ئه‌م ناڕازیبوونه‌ى خه‌ڵك له‌ حكومه‌ت به‌كارهاتووه‌ بۆ ئامانجه‌ سیاسیه‌كانى هه‌ندێك گروپ و ده‌سته‌و خه‌ڵكى هه‌لپه‌رست دواجاریش ئۆپۆزسیۆن كاره‌كان ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوورییه‌كان ، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ پرۆسه‌ى گۆڕانكارى گه‌وره‌ بكه‌نه‌ پرۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان دواجار به‌ حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن كاره‌كان ئه‌م بارودۆخه‌یان به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌ جێگه‌ى ئومێد نیه‌ بۆ هیچ تاكێكى كۆمه‌ڵگا ،
 ئۆپۆزسیۆن و حكومه‌ت دوو هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ دروستكردنى واقیعێك له‌ كوردستاندا كه‌ تێك و پێك شكاندنى خه‌ونى مرۆڤى كورده‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا كه‌ خۆى له‌مانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ :
له‌ناوچوونى سیاده‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ خۆى له‌ خه‌باتى نیشتمانیدا ده‌بینێته‌وه‌ ، له‌ناوچوونى پرۆسه‌ى دیموكراسى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ، له‌ده‌ستدانى ماف و ئازادییه‌كانى خه‌ڵكه‌ كوردستانه‌ ، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و تێكچوونى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌ وه‌ك سیمبولێك ، له‌ به‌ین بردنى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌ ، له‌ناوچوونى هه‌موو به‌ها پیرۆزیه‌كان و داڕمانى ژێرخانى ئابوورى خه‌ڵكى كوردستانه‌ ، له‌ده‌ستدانى ئه‌مانه‌ش له‌ده‌ستدانى كه‌سایه‌تى مرۆڤى كورده‌ بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان به‌ ڕۆشنبیرو ناڕۆشنبیره‌وه‌ به‌ سیاسى و نا سیاسیه‌وه‌ به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌ژاره‌وه‌ ئه‌م كێشانه‌ به‌ كێشه‌ى خۆى بزانێت وه‌ ده‌بێت هه‌موومان به‌ شێوه‌یه‌كى لۆژیكانه‌ بتوانین یه‌كڕیزى نیشتمانى و هاوپشتیوانى سیاسى یه‌كبوونى هه‌موو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا وه‌كوو هێزێك به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین بۆ پاراستنى شكۆى میلله‌تێك ، ده‌بێت به‌ گیانى لێبووردنه‌وه‌ یه‌كتر قبوڵكردنه‌وه‌ ده‌ستى یه‌ك بگرین بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م قۆناغه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ى هه‌نگاونان بۆ پێشه‌وه‌ نه‌ك تووڕه‌بوون و تێكدان و سووتاندن ...
‌‌ زیاتر ...
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف